دوای 12 ساڵ کۆنگرەی 14ـی پارتی بەبەشداریی 1020 نوێنەر و ئەندام لە دهۆک دەستیپێکرد.
لە سەرەتای کۆنگرەکەدا ژیاننامەی بەشێک لە ئەندامی سەرکردایەتیی و مەکتەبی سیاسیی پارتی خرایەڕوو کە لە چەند ساڵی رابردوودا کۆچی دواییان کردبوو. دواتر سەرۆک مەسعود بارزانی گوتارێک پێشکێش دەکات.
پاش گوتارەکەی سەرۆک بارزانی، مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی راپۆرتی سیاسیی نێوان دوو کۆنگرە دەخوێنێتەوە کە لەلایەن لیژنەیەکی باڵای مەکتەبی سیاسی بەسەرپەرشتیی فازڵ میرانی ئامادەکراوە.
بڕیارە دوو سبەی دەست بە هەڵبژاردنی ئەندامانی سەرکردایەتیی پارتی بکرێت.
بەپێی زانیارییەکانی سەنگەر عەبدولڕەحمان، پێشکێشکاری رووداو، 12 ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی خۆیان بەربژێر ناکەنەوە. ئەو ئەندامانەی خۆیان بەربژێر ناکەنەوە، کەریم شنگالی، عومەر عوسمان، عەبدوڵڵا ئاگرین، نەزهەت حالی، یونس رۆژبەیانین.
هەروەها بەشێک لە ئەندامەکان لە ساڵانی رابردوودا کۆچی دواییان کردووە کە ئەمانەن: د. رۆژ نووری شاوەیس، رەمزی شەعبان، فەرەیدوون جوانرۆیی و محەممەد هەرکی.
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، هەموو ئەندامانی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی لەو لیستەدان کە سەرۆک بارزانی ئامادەی کردووە و دەنگی لەسەر دەدرێت. 180 کەس بەربژێرن بۆ بوونە ئەندامی سەرکردایەتی کە 40ـیان بۆ ئەنجوومەنەکە هەڵدەبژێردرێن.


.jpg&w=3840&q=75)