بەرپرسیار؛ پۆستەری بەشێک لە بەربژێرەکان زیانیان بە ژمارەیەک ئۆتۆمبێل گەیاندووە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
هەڵۆ کاکەوەیس @halo_kakawais
پۆستەرێکی هەڵبژاردن لەسەر شەقامی 60 مەتریی هەولێر کەوتووە. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
پۆستەرێکی هەڵبژاردن لەسەر شەقامی 60 مەتریی هەولێر کەوتووە. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەهۆی رەشەباوە، پۆستەری بەربژێرەکان دەکەونە سەر شەقامەکان و ژمارەیەک ئۆتۆمبێل زیانیان بەرکەوتووە؛ وەک چاودێرێکی هەڵبژاردنەکانیش دەڵێت، "بەشێک لە پۆستەرەکان رێگەی هاتووچۆیان گرتووە و کامێرای هاتووچۆیان داپۆشیوە".
 
هاونیشتمانییەک بە ناوی هاتین کە بەهۆی پۆستەری بەربژێرەکانەوە زیان بە ئۆتۆمبێلەکەی کەوتووە، لە بەرنامەی بەرپرسیار بەشداربوو و گوتی، ''من لە شەقامی 100 مەتری رەشەبا پۆستەرێکی کێشا بە ئۆتۆمبێلی خۆم و هاوڕێکەم و زیانی زۆری بە ئۆتۆمبێلەکانمان گەیاند و هیچ سکاڵایەکمان تۆمار نەکردووە و نازانین کێ قەرەبوومان دەکاتەوە''.
 
نەبەرد عومەر، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە بەرنامەکەدا گوتی، ''ئێمە لیژنەی سکاڵامان هەیە و هەر کەسێک زەرەری بەرکەوتووە دەتوانێت سکاڵا تۆمار بکات و ئێمە لیژنەمان هەیە و بەدواداچوون دەکەین و ئەو بەربژێرانە سزای دارایی دەدرێن''.
 
لەبارەی ئەوەی ئەو بانگەشەیەی ئێستا بەربژێرەکان دەیکەن بە تایبەتی دانانی پۆستەرەکان، تاوەکو چەند لەگەڵ رێنماییەکانی کۆمیسیۆن یەک دەگرێتەوە، بە گوتەی نەبەرد عومەر، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، 90٪ی پێچەوانەی رێنماییەکانی کۆمیسیۆنن.
 
دەشتی سدیق، نوێنەری تۆڕی شەمس بۆ چاودێری هەڵبژاردنەکان، لەمیانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی بەرپرسیاردا رایگەیاند، ''دانانی پۆستەرەکان کۆمەڵێک سەرپێچییان تێدایە و زۆربەیان نایاسایین و کۆمیسیۆن رایگەیاندووە، کە ناوەندی شەقامەکان قەدەخەن و هەروەها ئەو شوێنانەی سەوزایین''.
 
دەشتی سدیق هەروەها گوتی، ''ئێمە زۆر پێشێلکاریمان وێنەگرتووە و رەوانەی کۆمیسیۆنمان کردووە، کاریان لەسەر کردووە و لیژنەیان پێکهێناوە، بۆیە پێویستە لایەنەکان پابەندی رێنماییەکان بن تاوەکو بەدووربن لە سزا و دوورخستنەوە''.
 
دەشتی سدیق لەبارەی قەرەبووکردنەوەی ئەو کەسانەی بەهۆی پۆستەرەکانەوە زیانیان بەرکەوتووە، دەڵێت، ''هیچ یاسا و رێنماییەک نییە کە چۆن ئەو کەسانە قەرەبوو دەکرێنەوە، چونکە خاوەن پۆستەر راستەوخۆ زیانی بە کەسەکە نەگەیاندووە، تەنیا ئەوە هەیە ئەگەر شوێنی پۆستەرەکان نایاسایی بێت و پێچەوانەی رێنماییەکان بێت''.
 
لەبارەی ئەوەی ئەو بانگەشەیەی ئێستا بەربژێرەکان دەیکەن بە تایبەتی دانانی پۆستەرەکان، تاوەکو چەند لەگەڵ رێنماییەکانی کۆمیسیۆن یەک دەگرێتەوە، نەبەرد عومەر گوتی، ''بە داخەوە 90٪ی پێچەوانەی رێنماییەکانی کۆمیسیۆنن''.
 
لەبارەی سزادانی بەربژێر و لایەنەکان، نەبەرد عومەر گوتی، ''تائێستا هیچ بەربژێرێک بەهۆی پێشێلکردنی رێنماییەکان دوورنەخراوەتەوە، بەهۆی سکاڵاکانەوە تائێستا 10 لایەن و بەربژێر سزای دارایی دراون و لە چەند رۆژی داهاتوودا وردەکارییەکان بڵاودەکەینەوە''. لە بەشێکی دیکەی قسەکانی و لەبارەی ژمارەی سەرپێچی و سکاڵاکان دەڵێت، "تائێستا 21 سکاڵا تۆمارکراوە، 2 سکاڵا لە دهۆک، 9 سکاڵا لە هەولێر و 10 سکاڵا لە سلێمانی و لێکۆڵینەوەمان لە 10 سکاڵا کردووە و سکاڵاکانی دیکەش لەژێر لێکۆڵینەوەدان''.
 
رۆژی 25ی ئەیلوول بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستیپێكرد و بڕیارە لە 20ی ئۆکتۆبەر بەڕێوەبچێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەکە ئاماژەیە بۆ گەریلا و سەربازی تورکیا.

هەپەگە کوژرانی سێ سەرباز و تورکیا گیانلەدەستدانی 11 گەریلای راگەیاند

ناوەندی چاپەمەنیی هەپەگە کوژرانی سێ سەربازی سوپای تورکیا، تێکشکانی ئۆتۆمبێلێکی سەربازی و کەوتنەخوارەوەی سێ درۆنی راگەیاند. وەزارەتی بەرگریی تورکیاش گیانلەدەستدانی 11 گەریلای راگەیاند.