عیرفان عەلی عەبدولعەزیز بە رابەری بزووتنەوە هەڵبژێردرایەوە و کامیل حاجی عەلی حیزبێکی نوێی راگەیاند

03-10-2023
سۆران حوسێن
نیشانەکردن بزووتنەوەی ئیسلامی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کۆنگرەی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان بەڕێوەچوو. عیرفان عەبدولعەزیز بە فەرمی بە رابەر هەڵبژێردرایەوە و باڵەکەی کامیل حاجی عەلی دوای بایکۆتکردنی کۆنگرەکە، حیزبێکی نوێیان بە ناوی "بزووتنەوەی پەیوەندیی ئیسلامی" راگەیاند.

ئەمڕۆ سێشەممە، 3ـی ئۆکتۆبەری 2023، کۆنگرەی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان دوای کێشەکانی نێو حیزبەکە لە کۆنگرەی 12دا، بە ناونیشانی "کۆنگرەی دامەزراندن" لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو.
 
عیرفان عەبدولعەزیز بە 986 دەنگ بووەوە بە رابەری گشتی 
 
عەبدوڵڵا وەرتی، گوتەبێژی پێشووی بزووتنەوەی ئیسلامی و ئەندامی هەڵبژێردراوی ئەنجوومەنی شوورای حیزبەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەمڕۆ بەگشتی لە هۆڵی کۆنگرەدا هەزار و 36 کەس دەنگیان دا. گوتیشی، دوو بەربژێر بە فەرمی ناویان لە هۆڵی کۆنگرەدا خوێندرایەوە وەکو بەربژێری رابەری گشتی، ئەوانیش عیرفان عەلی عەبدولعەزیز و کامیل حاجی عەلی بوون؛ لە ئەنجامدا عیرفان عەلی عەبدولعەزیز 986 دەنگی بەدەستهێنا و کامیل حاجی عەلی 15 دەنگ.
 
بەدەستهێنانی 15 دەنگ لە کۆنگرەکەدا لەلایەن کامیل حاجی عەلییەوە لە کاتێکدایە، ئەو کەسانەی لەو سەرکردەیەی پێشووی بزووتنەوەی ئیسلامی نزیکن دەڵێن، ئەوان نەچوونەتە هۆڵی کۆنگرەکەوە و بایکۆتیان کردووە.
 
لە کۆنگرەی ئەمڕۆی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستاندا ئەنجوومەنی شوورا هەڵبژێردرا. عەبدوڵڵا وەرتێ گوتی، ئەنجوومەنی شوورا لیستێک بووە و پێکەوە 998 دەنگی پێدراوە کە ژمارەیان 23 ئەندامە و 3 ئەندامیش وەکو یەدەگ هەڵبژێردراون.
 
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی شوورای بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، لە کۆنگرەکەدا بە هۆکاری جیا چەند کەسێک هەبوون دەنگیان نەداوە یان دەنگەکەیان سووتاندووە. گوتیشی، "کەسانێکی زۆریش هەبوون کە ناویان لە لیستدا نەبوو و نەیانتوانی بێنە ژووری کۆنگرەوە".
 
کامیل حاجی عەلی حیزبێکی نوێ دادەمەزرێنێت
 
کۆنگرەی ئەمڕۆی بزووتنەوەی ئیسلامی لەلایەن کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە سەرپەرشتی کرا؛ باڵەکەی کامیلی حاجی عەلی کە زیاتر لە ساڵێکە بەناو و لۆگۆی بزووتنەوەی ئیسلامییەوە کاردەکەن، وەکو داننان بە کۆنگرەکەدا لە ناوی بزووتنەوە کشانەوە و ناوێکی دیکەیان بۆ خۆیان دیاریکرد بەناوی "بزووتنەوەی پەیوەندی ئیسلامیی کوردستان".
 
محەممەد بازیانی کە پێش کۆنگرە وەکو گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامیی (باڵی کامیل حاجی عەلی) خۆی دەناساند، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بڕیار بوو پێکەوە لەگەڵ باڵی بەرامبەریان بەشداریی کۆنگرە بکەن و کاژێر 10:00ـی بەیانی دەرگای کۆنگرە دابخرێت، بەڵام تاوەکو 12:40ـی نیوەڕۆ دەرگا کراوە بوو و، ئەندامی رکابەرەکانیان براونەتە هۆڵی کۆنگرەوە و "پێشێلکاریی یاسایی" کراوە و ئەوانیش کۆنگرەکەیان بایکۆت کردووە.
 
کامیل حاجی عەلی و ئەوانەی لەگەڵیدان حیزبێکی نوێیان لەژێر ناوی بزووتنەوەی پەیوەندیی ئیسلامیی کوردستان راگەیاند. محەممەد بازیانی گوتی، بزووتنەوەی پەیوەندیی ئیسلامیی کوردستان ساڵی 1978 دامەزراوە و دواتر بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان لەو حیزبەوە دروستبووە و ئەمان ئێستا بەو ناوەوە کۆنگرە دەکەن کە لە ساڵی 1978 کامیل حاجی عەلی یەکێک لە دامەزرێنەرانی بووە.
 
بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا بزووتنەوەی پەیوەندیی ئیسلامیی کوردستانیش وەکو حیزبێکی نوێ کۆنگرەی خۆیان ببەستن. محەممەد بازیانی گوتی، ئەوان ئامادەی پەیوەندیین لەگەڵ هەموو لایەنەکان و ئامادەن "برایەتی لەگەڵ ئەوانیشدا [بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان]" بکەن.
 
پێشتر بڕیار بوو 30ـی ئەیلوول کۆنگرەی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان بە ئامادەبوونی هەردوو باڵەکەی بەڕێوەبچێت و پۆستی رابەر لە نێوان هەردوو باڵەکە یەکلایی بکرێتەوە، بەڵام بەهۆی بایکۆتی کامیل حاجی عەلی و کەسانی نزیکی ئەوەوە کۆنگرەکە نەکرا و دواخرا بۆ ئەمڕۆ 3ـی ئۆکتۆبەر.
 
کۆنگرەی 12ی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان 5ـی شوباتی 2022 بەسترا؛ ناکۆکی کەوتە نێوانی عیرفان عەبدولعەزیز و کامیلی حاجی عەلی و لە رێوڕەسمی جیادا هەردووکیان خۆیان وەکو رابەر ناساند. ئەوەش دوای ئەوەی لە کۆنگرەکەدا کامیل حاجی عەلی کە تەنیا بەربژێریش بوو نەیتوانی 50+1ـی دەنگەکان بەدەستبهێنێت، بەشێکی زۆرینەی ئەندامانی کۆنگرە داوایان لە عیرفان عەبدولعەزیز کرد بەردەوام بێ لە رابەرایەتی حیزبەکە، لایەکەی بەرامبەریش رایانگەیاند، رابەری پێشوو ئەو مافەی نییە بەردەوام بێت لە پۆستەکەی.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە