رووداو - هەولێر
بارەگای بارزانی بڵاویکردەوە، سەرۆک بارزانی و مستەفا کازمی لە دیداری نێوانیاندا جەختیان کردەوە لەسەر گرنگی پشتبەستنی لایەنە سیاسییەكان بە گفتوگۆ.
بارەگای بارزانی، رۆژی دووشەممە 30-10-2022، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "سەرۆک مەسعود بارزانی ئەمڕۆ لە سەڵاحەدین پێشوازی لە بەڕێز مستەفا كازمی، سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق كرد".
بارەگای بارزانی گوتیشی: "لە دیدارەكەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و دوا پێشهاتەكانی ئەو پرۆسە ئاڵوگۆڕكران؛ هەروەها جەختكرایەوە لەسەر گرنگی پشتبەستنی لایەنەكان بە دیالۆگ و لە یەکتر تێگەیشتن".
بارەگای بارزانی ئاماژەشی کرد: "لە بەشێكی دیکەی كۆبوونەوەکەدا ئاڵنگارییە ئەمنییەکان و هاوئاهەنگی هاوبەشی نێوان هەولێر و بەغدا بە تایبەتی بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و دەستەبەركردنی سەقامگیری تاوتوێكران".
هاوکات، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە هەژماری خۆیدا لە تویتەر رایگەیاند، لە دیدارەکەی کازمی و سەرۆک بارزانی باس لە "گرنگی پشتبەستن بە گفتوگۆی نیشتمانی لە نێوان هەموو لایەنە سیاسییەکان کرا بۆ دەربازبوون لەو بنبەستە سیاسییەی کە کاریگەری لەسەر دۆخی گشتیی عێراق داناوە و هەڕەشەی تێکدانی سەقامگیری دەکات".
نووسینگەی راگەیاندنی کازمی گوتیشی: "هەر لە دیدارەکەدا هەردوولا [کازمی و سەرۆک بارزانی] جەختیان لەسەر گرنگی بەردەوامی هاوئاهەنگیی هاوبەشی نێوان هەولێر و بەغدا لە چەند بابەتێک کردەوە، لەوانە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و دەستدرێژییە بەردەوامەکان بۆ سەر خاکی عێراق لەگەڵ رێگرتن لەوەی لە خاکی عێراقەوە هەڕەشە لە وڵاتانی دراوسێ بکرێت".
ئەمڕۆ مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمێک کە بە بۆنەی ساڵڕۆژی کۆچی دوایی مام جەلالەوە رێکدەخرێت، گەیشتە هەولێر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ