رووداو دیجیتاڵ
نزیکەى 3 ملیۆن هاونیشتمانیی هەرێمى کوردستان دەتوانن بەشدارى لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دا بکەن، زیاتر لە 48 هەزاریان یەکەمجارە بتوانن دەنگ بدەن.
بەگوێرەى ئامارێک کە تۆڕى میدیایی رووداو لە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانی عێراقەوە دەستى کەوتووە، بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، 2 ملیۆن و 900 هەزار و 865 هاونیشتمانیی هەرێمى کوردستان، دەتوانن بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکەن. ئەو کەسانە ئەوانەن کە کارتى بایۆمەتریی دەنگدانیان هەیە.
20ـی تشرینى یەکەمى 2024 وەک رۆژى دەنگدانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دیاریکراوە. زیاتر لە 3 ملیۆن و 800 هەزار کەس تەمەنیان گەیشتووەتە تەمەنی دەنگدان، بەڵام لەو ژمارەیە هەموویان تۆمارى بایۆمەتریی دەنگدانیان نەکردووە.
عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ئەوانەى تۆمارى بایۆمەترییان نەکردووە، ناتوانن بەشداریى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بکەن، چونکە تۆماری بایۆمەتری راگیراوە.
48 هەزار و 952 دەنگدەرى هەرێمى کوردستان یەکەم جاریانە بتوانن دەنگ بدەن، 43 هەزار و 214ـیان لەدایکبووى ساڵى 2006 و 5 هەزار و 738کەسی دیکەیان ئەو هاونیشتمانیانەن کە لەدایکبووى ساڵى 2005 و کەمترن و بۆ هەڵبژاردنى رابردوو کارتى بایۆمەتریی دەنگدانیان نەبووە.
عیماد جەمیل گوتى، "بۆ ئەم هەڵبژاردنە، لەدایکبووانی تاوەکو 20ـی تشرینى یەکەمى 2006، مافى دەنگانیان هەیە."
لە 29ـی شوباتەوە تۆمارى بایۆمەتریی دەنگدان لەلایەن کۆمیسیۆنەوە راگیراوە. بۆ دەنگدان دەبێت دەنگدەر کارتى بایۆمەتریی دەنگدانى پێبێت کاتێک سەردانى بنکەى دەنگدان دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ