رووداو دیجیتاڵ
نزیکەی نۆ ساڵە خاوەنی 15 خانوو لە دهۆک چاوەڕوانی قەرەبووکردنەوە، چونکە شارەوانیی دهۆک مۆڵەتی ئاوەدانکردنەوەی لە خانووەکان وەرگرتووتەوە و بەر ماستەرپلانی شارەوانی کەوتووە، شوێنی خانووەکان دەکرێتە شەقام و باخچە، زۆربەی خانووەکان پێش 50 ساڵ دروستکراون، بەهۆی رێگری لە ئاوەدانکردنەوەی خانووەکان، بەشێکیان بە کەڵکی نیشتەجێبوون نەماون.
سەعدی مستەفا، نوێنەری خاوەن خانووەکان میوانی بەرنامەی بەرپرسیار بوون کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات و گوتی، زیاتر لە هەشت ساڵە حکومەت خانووەکانی لە ئەوان کڕیوە، بەڵام پارەکەیان وەرنەگرتووە، مۆڵەتی ئاوەدانکردنەوەی خانووەکان راگیراون و جێگەی نیشتەجێبوون نەماوە. هەروەها دەشڵێت، هەشت ساڵە خانووەکەی جێهێشتووە و لە خانووی کرێدایە، مانگانە بە 400 دۆلار.
نوێنەری خاوەن خانووەکان گوتیشی، لە ماوەی هەشت ساڵدا سەردانی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانی دهۆکیان کردووە، بۆ ئەوەی کێشەکەیان چارەسەر بکەن، تەنانەت کاتێک مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی دهۆکی کردووە، گلەیی و نیگەرانیی خۆیانی پێگەیاندووە.
شارەوانیی دهۆک باس لەوە دەکات، سەتان مامەڵەی قەرەبووکردنەوە بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە، چونکە لە دوای ساڵی 2014وە قەرەبووکردنەوە راوەستاوە و بودجەیەکی تایبەتیان پێویستە بۆ قەرەبووکردنەوەی خاوەن خانووەکان.
سەباح بابیری، سەرۆکى فراکسیۆنى یەکگرتوو لە ئەنجوومەنى پارێزگاى دهۆک دەڵێت، خاوەن خانووەکان کێشەکەیان نەگەیاندووەتە ئەنجوومەنى پارێزگاى دهۆک، لە دهۆک بەهۆی هەندێک خەڵک گۆڕانکاری لە نەخشەی پڕۆژەکان کراوە، هەروەها داواش دەکات خاوەن خانووەکان سەردانی ئەنجوومەنى پارێزگاى دهۆک بکەن بۆ ئەوەی بەدواداچوونیان بۆ بکەن


