بەڵگەنامەیەکی نهێنی؛ هەوڵی گەڕاندنەوەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە بۆ ژێر دەسەڵاتی حکومەت دەدرێت

03-06-2023
هەوراز حوسێن @Hawrazkadir
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ژمارەیەک بەڵگەنامەی نهێنی ئاشکرابوون، لە نێویاندا زانیاری هەیە کە گوایە ئێران دەستی کردووە بە پڕچەککردنی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە سووریا تاوەکو گورزی تووند لە هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا بدەن و لەگەڵ رووسیاشدا کار لەسەر کردنەدەرەوەی ئەمریکا لەو وڵاتە دەکەن.
 
رۆژی شەممە، 3-6-2023، رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکی کە دەستی بە بەڵگەنامە نهێنییەکان گەیشتووە، بڵاویکردەوە، بەڵگەنامەکان ئەوە دەردەخەن کە ئێران و هێزە نزیکەکانی خەریکی دروستکردنی بۆمبی چێنراون بۆ سەر رێگەکان تاوەکو هێزەکانی ئەمریکایان پێ بکەنە ئامانج و سەربازی ئەمریکی بکوژن؛ هەروەها دەڵێت، بەشێک لە پلانەکە بریتییە لە بەکارهێنانی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران تاوەکو بە رۆکێت و درۆن هێرش بۆسەر هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە و شوێنەکانی دیکەی سووریا بکەن.
 
لە ماوەی رابردوودا هێرشی درۆنی بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا 6 سەربازی ئەمریکی بریندارکرد و بەڵێندەرێکی ئەو وڵاتەش کوژرا.
 
لە بەڵگەنامە نهێنییەکەدا ئەوە هاتووە، کانوونی دووەمی ئەمساڵ فەرماندەیەکی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران لە شارۆچکەی زومەیر لە رۆژهەڵاتی دیمەشقی پایتەختی سووریا، خۆی چاودێریی تاقیکردنەوەی یەکێک لەو بۆمبانەی لەسەر تانکێک کردووە و بۆمبەکە تانکەکەی بڕیوە.
 
بەڵگەنامە نهێنییەکان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی دیسکۆرد بڵاوبوونەتەوە و وادەردەکەوێت لە گفتوگۆی نێوان هێزە لوبنانی و سوورییەکانی نزیک لە ئێرانەوە دزەیان کردبێت.
 
"رۆژئاوای کوردستان و بەڕێوبەرایەتیی خۆسەر"
 
لە بەشێکی دیکەی بەڵگەنامە دزەپێکراوەکاندا باس لەوە کراوە، تاران، مۆسکۆ و دیمەشق هەوڵی جیدی بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا دەدەن، تاوەکو حکومەتەکەی بەشار ئەسەد بتوانێت دەست بەسەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوبەرایەتیی خۆسەر و شوێنەکانی دیکەی سووریادا بگرێتەوە.
 
ئەمریکا بە 900 سەرباز کە لە سێ بنکەی سەربازییدا جێگیرن، پێگەی خۆی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا بە بەهێزی هێشتووەتەوە. سێ ئامانجی سەرەکی دانانی ئەو هێزانەش رووبەڕووبوونەوەی داعش و رێگریکردن لە باڵادەستیی ئێران و رووسیا لە ناوچەکە و پەیڕەوکردنی هەندێک جموجووڵی ستراتیژی و دیپلۆماسییە کە خزمەت بە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا دەکات.
 
بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا لە رێگەی ئەو یاسایەوە کە لە دوای 11ی سێپتەمبەرەوە لە 2001 لەلایەن کۆنگرێسەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی قاعیدە دەرکرا، رەوایەتی پێدراوە، بەڵام بەڵگەنامەکان مەترسی ئەوەش دەخەنەڕوو کە بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا دەکرێت شەڕ لە سووریادا بنێتەوە، چونکە لە بەشێک لە بەڵگەنامەکاندا باس لەوە کراوە، گرووپەکانی نزیک لە ئێران هەوڵیانداوە لە تۆڵەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر پێگە سەربازییەکانی ئێران لە سووریا پەلاماری ئەمریکییەکان بدەن.
 
"رۆڵی رووسیا لە سووریا"
 
بەشێکی دیکە لە بەڵگەنامە نهێنییەکان باس لەوە دەکەن، رووسیا، ئێران و سووریا پلانی هەڵمەتێکی گەورە دادەنێن بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی سووریا.
 
بەڵگەنامەکان دەڵێن، لە تشرینی دووەمی 2022دا فەرماندە هەواڵگرییە پلە باڵاکانی رووسیا، ئێران و سووریا بۆ نەخشەداڕێژی ئەو هێرشانە چاویان بە یەک کەوتووە و رێکەوتوون "ناوەندێکی هاوئاهەنگی" دروستبکەن بۆ بە ئەنجام گەیاندنیان.
 
هەرچەندە لە بەڵگەنامە نهێنییەکاندا هیچ نیشانەیەک بۆ بەشداریی راستەوخۆی رووسیا لە چاندنی بۆمبەکاندا نییە، بەڵام رووسیا بەردەوام سیاسەتی دژە ئەمریکا لە سووریا پەیڕەو دەکات. رووسیا هاوشێوەی ئێران لە پاڵپشتیکردنی حکومەتی ئەسەددا رۆڵی گرنگی هەبووە.
 
"کاردانەوەی ئەمریکا لە ئەگەری هێرشی هاوشێوەدا چۆن دەبێت؟"
 
ئارۆن ستێین، لێکۆڵینڤان لە ناوەندی لێکۆڵینەوەی سیاسەتی دەرەوە دەڵێت، هەرچەندە هەمیشە رووسیا ئەوەی ویستووە کە ئەمریکا لە سووریا دەربکات، بەڵام دروستکردنی ناوەندێکی هاوئاهەنگی هاوبەش لەگەڵ ئێران بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا بابەتێکی نوێیە.
 
بە گوێرەی ستێین، ئێران و رووسیا لایان وایە ئەگەر سەربازی ئەمریکیش بکوژن، هێشتا گرژییەکان بەو جۆرە چڕ نابنەوە، چونکە ئەمریکا لە کاتی ئیدارەی بایدن و ترەمپیش وەڵامدانەوەی بەرامبەر ئەو هێرشانەی کراوەتە سەری سنووردار بووە.
 
بەڵام ئەو لێکۆڵینڤانە ئەو راستییەش ناشارێتەوە کە پێشبینیکردنی کاردانەوەی ئەمریکا لەکاتێکدا کە جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا بەردەوامە و رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران هیچ نیشانەیەکی کارابوونەوەی نییە، کارێکی ئاسان نییە، بەڵام دەشڵێت، دەکرێت کاردانەوەی تووندی بەرامبەر هەر هێرشێک هەبێت کە دەکرێتە سەر بنکە سەربازییەکانی.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

پارتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان 190 بەربژێری دەبێت و زۆرترینیان لە سلێمانییە

پارتی دیموکراتی کوردستان لە دوایین رۆژی دیاریکراو بۆ پێشکێشکردنی لیستی ناوی بەربژێران، لیستەکەی رادەستی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەکات. 190 بەربژێری دەبێت و زۆرترین بەربژێری لە پارێزگای سلێمانییە.