بەڕێوەبەری ئاوی ژێرزەوی: لێدانی بیری زیاتر چارەسەری کێشەی کەمئاوی ناکات

03-06-2022
هیدایەت جان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوەبەری کاروباری ئاوی ژێرزەوی لێدانی 283 بیر بۆ رووبەڕووبوونەوەی کێشەی کەمئاوی بە چارەسەر نازانێت و دەڵێت، ئاستی ئاوی ژێرزەوی بە رێژەیەکی بەرچاو کەمیکردووە و لە هەندێک شوێن ئاستەکە 100 مەتر دابەزیوە.
 
رۆژی هەینی 3-6-2022 بەشدار سابیر، بەڕێوەبەری کاروباری ئاوی ژێرزەوی لە بەرێوەبەرایەتیی گشتیی سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان میوانی بوولتەنی کاژێر 10ی رووداو بوو، کە فوئاد رەحیم پێشکەشی کرد و رایگەیاند: "بەراورد بە ساڵی 2000 ئاستی ئاوی ژێرزەوی بە رێژەیەکی بەرچاو کەمیکردووە و لەناو شاری هەولێر لە هەندێک حەوز ئاستی ئاوی ژێرزەوی 100 مەتر دابەزیوە".
 
بەڕێوەبەری ئاوی ژێرزەوی گوتی: "گۆڕانی کەشوهەوا، زیاد بەکارهێنانی ئاو، زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان و لێدانی بیری یاسایی و نایاسایی لە هۆکارە سەرەکییەکانی کەمبوونەوەی ئاوی ژێرزەوین، بە رادەیەک کە ژمارەی بیری نایاسایی لە کوردستان زیاترە لەو بیرانەی بە یاسایی لێدراون".
 
بەشدار سابیر نەبوونی یاسای ئاو بە هۆکاری ئەو ژمارە زۆرەی بیری نایاسایی دەزانێت و دەڵێت: "ئێمە تەنیا رێنماییەکمان هەیە کە ئەویش کەموکوڕی تێدایە و تازە خەریکین هەمواری دەکەینەوە و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ لێدانی بیری نایاسایی تێدا دەگونجێنین".
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری ئاوی ژێرزەوی، زۆربەی ئامێرەکانی لێدانی بیر لە هەرێمی کوردستان دروستدەکرێن و وەک ئاماژەی پێدەدات: "ئەو کەسانەی ئامێرەکەیان لێدەگیرێت، لە رێنماییە کۆنەکە ئاماژە بە چۆنیەتی سزادانیان نەکرابوو، بەڵام لە هەمواری رێنماییەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە خاوەنی ئامێر و خاوەن زەوییەکە بە پێبژاردن سزا بدرێن".
 
ئەمساڵ بەهۆی کەمی رێژەی بارانبارین و وسکەساڵییەوە حکومەت پلانێکی پێشوەختەی بۆ رووبەڕووبوونەوەی کێسەی کەمئاوی راگەیاند لەوانەش لێدانی ژمارەیەک بیر. بەشدار سابیر ئەو پلانە بە چارەسەر نازانێت و دەڵێت: "لێدانی 283 بیر بۆ رووبەڕووبوونەوەی کەمئاوی چارەسەرێکی کورتخایەنە و من بە چارەسەری ریشەیی نازانم، لەبەر ئەوەی ناکرێ بۆ شارێکی گەورەی وەک هەولێر پشت بە ئاوی ژێرزەوی ببەسترێت. چارەسەر ئەوەیە پشت بە ئاوی سەرزەوی ببەستین، لەبەر ئەوەی ئاوی سەرزەویمان هەیە و لە هەولێریش نزیکە".
 
بەشدار سابیر گوتی ئەمساڵ ساڵێکی سەخت دەبێت بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە، پێویستە بە هەموو شێوەیەک بەکارهێنانی ئاوی ژێرزەوی بۆ هەموو بوارەکان رابگیرێت و ئاوی سەرزەوی بکرێتە جێگرەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ناوچەی بیارە لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە.

گەشتیاران لە هەر چوار وەرزی ساڵ سەردانی سنووری هەڵەبجە دەکەن

لە سنووری پارێزگەی هەڵەبجە 36 ناوچەی گەشتیاریی هەن، لە چوار وەرزی ساڵ سەردانیان دەکرێت. بەڵام بەشێک لە گەشتیاران گلەیی لە کەمی خزمەتگوزاری و خراپی رێگەوبان دەکەن.