بەڕێوەبەری ناحیەی کانی ماسێ: رووبەری 1600 دۆنم زەوی ناوچەکە بەهۆی بۆردوومان و شەڕەوە سووتاوە

03-05-2021
سەرباز سیامەند
نیشانەکردن بۆردوومانی تورکیا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری ناحیەی کانی ماسێ لە قەزای ئامێدی سەر بە پارێزگای دهۆک رایگەیاند، بەهۆی بۆردوومانەکانی سوپای تورکیاوە لە ناوچەکە 500 پوورەی هەنگ لەنێوچوون و رووبەرێکی زۆر زەوی ناوچەکەش سووتاوە. 
 
سەربەست سەبری، بەڕێوەبەری ناحیەی کانی ماسێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سوپای تورکیا لەسەر بۆردوومان و تۆپبارانی سنووری شارۆچکەی کانی ماسێ بەردەوامە؛ بەو هۆیەوە زیاتر لە 500 پوورەی هەنگ لەنێوچوون. سوپای تورکیا لە رێگەی هێلیکۆپتەرەوە بۆردوومانی دەوروبەری چیای کێستە دەکات و ئەوەش ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆری لەناو خەڵکی گوندی کێستە دروستکردووە."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەربەست سەبری گوتی: "لە ئەنجامی بۆردوومانەکانی چەند رۆژی رابردوودا رووبەری 1600 دۆنم زەوی ناوچەکە سووتاوە. خەڵکی ناوچەکە ناتوانن بچن رەز و بێستانەکانیان ئاوبدەن، بەوهۆیەش رەز و باخەکان، جگە لە زیانی بۆردوومان، بەهۆی کێشەی ئاونەدانەوە خەریکە وشکدەبن."
 
هەروەها لە کۆتاییەکانی مانگی رابردوو دوای شەڕ و پێکدادان لەنێوان سوپای تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە لە چیای بەیروخ، کارەبا لە کانی ماسێ و دەیان گوندی ئەو سنوورە بڕا. لەو کاتەدا سەربەست سەبری بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە نزیک سەری ئامێدی کارەبای گشتی لە سەنتەری ناحیە و 76 گوندی سنووری کانی ماسێ بڕاوە.
 
سوپای تورکیا لە 23ی نیسانی 2021ەوە دەستی بە هێرشکردنە سەر ناوچەکانی زاپ و ئاڤاشین و مەتینان لە سنووری پارێزگای دهۆک کردووە و پێکدادانیش لەنێوان سەربازانی تورکیا و گەریلا بەردەوامە.
 
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی بەرگریی تورکیا، لە رۆژی 23ی نیسانەوە 53 گەریلا گیانیان لەدەستداوە. بەپێی ئاماری میدیاکانی نزیک لە پەکەکەش لە ئۆپەراسیۆنەکەدا تاوەکو ئێستا 174 سەربازی تورکیا لە لایەن گەریلاکانەوە کوژراون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پیسبوونی ژینگەی هەولێر.

زیاتر لە 190 پاڵاوگەی نایاسایی ژینگەی هەرێمی کوردستان پیس دەکەن

مادە پیسکەرەکانی زەوی، ئاسمانی شارەکانی هەرێمی کوردستانیان دادەپۆشیوە. بەتایبەت لە هەولێر. تاوەکو ئێستا وێستگەی پێویست بۆ پێوانەکردنی رێژەی پیسیی هەوا لە هەرێمی کوردستان دانەنراوە، بۆیە رێژەکەی نازاندرێت.