رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی هەولێر رایگەیاند، دوو بارهەڵگری نوێیان بۆ دابینکراوە، بەمەش لە رۆژێکدا دەتوانن زیاتر لە 50 سەگ کۆبکەنەوە.
رۆژی دووشەممە، 3ـی ئاداری 2025، ژیار جەلال، بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بە مەبەستی خێراترکردن پرۆسەی کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکان، داوای دوو بارهەڵگرمان کردبوو، دوو رۆژ پێش ئێستا بۆمان دابینکرا."
لە پارێزگای هەولێر پێشتر رۆژانە نزیکەی 30 سەگی بەرەڵڵا کۆدەکرانەوە. بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی هەولێر گوتی، "ئێستا سێ ئۆرۆمبێلمان هەن، دەتوانن رۆژانە زیاتر لە 50 سەگ کۆبکەینەوە."
ژیار جەلال دەڵێت، تائێستا 14 هەزار سەگی بەرەڵڵایان کۆکردووەتەوە و زیاتر لە پێنج هەزار سەگیش نەزۆک کراون
لە هەولێر شێڵتەری سەگی بەرەڵڵا لەلایەن پارێزگای هەولێر بە گوژمەی زیاتر لە 480 ملیۆن دینار دروستکراوە. دەکەوێتە سەر رێگەی هەولێر- گوێڕ.
بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی هەولێر دەڵێت، "دوای ئەوەی سەگەکان کۆدەکەینەوە دەبردرێن بۆ شەڵتەر، بەشێکیان لەوێ دەمێنەوە و بەشێکیشیان نەزۆک دەکرێن و بەرەڵڵا دەکرێنەوە."
08-07-2023 وەک یەکەم شوێن، لە گەڕەکی ژینی دارەتوو لە هەولێر، دەست بە کۆکردنەوەی سەگە بەرەڵڵاکان کرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ