رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت، دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری بۆ ئەم ساڵ گۆڕانکاری بەسەردا هات. بەڕێوەبەری ھاتووچۆی سلێمانیش دەڵێت، "یەکێک لە مەرجەکانی دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری، بەشداریکردنە لە وانەی تیۆری و پراکتیکی لە نووسینگەکانی فێڕکردنی شۆفێری."
رۆژی دووشەممە، 3ی ئاداری 2025، عەمید ئاسۆ محەممەد ئەمین، بەڕێوەبەری ھاتووچۆی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پێشتر بەشداریکردن لە وانەکانی نووسینگەکانی فێڕکردنی شۆفێری ئارەزوومەندانە بوو، بەڵام ئێستا بووەتە یەکێک لە مەرجەکانی دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری."
پێشتر ئەو کەسانەی لە رێگەی نووسینگەکانی فێربوونی شوفێری، خۆیان فێری شۆفێری دەکرد، هەندێکجار بە وانە تیۆری و پراکتیکییەکان تاوەکو نیو ملیۆن دیناریان لێ وەردەگیرا، بەڵام. بەڕێوەبەری ھاتووچۆی سلێمانی دەڵێت: "ئێستا نابێت ئەو تێچووە لە 300 هەزار زیاتر بێت."
بەگوتەی عەمید ئاسۆ محەممەد، دەرهێنانی مۆڵەتی شوفێری لە ئەم ساڵدا گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، داواکار سەرەتا لە نزیکترین نووسینگە بڕێک پارە دەدات و فۆڕم وەردەگرێت، دواتر بۆ ماوەی هەفتەیەک رۆژانە سێ کاژێر وانەی تیۆری دەخوێنێت و بۆ ماوەی هەفتەیەکیش وانەی پراکتیکی وەردەگرێت. دواتر سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆ دەکات بۆ پشکنینی چاو رێکارەکان و تاقیکردنەوەی تیۆری دەکات، دواتر رۆژێکی بۆ دیاری دەکرێت بۆ تاقیکردنەوە."
رۆژی دووشەممە، 03-03-2025، وەزارەتی ناوخۆ لە گشتاندنێکدا بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان، نرخی وانەکانی مۆڵەتی شۆفێری تیۆڕی و پراکتیکی جێگیر کردووە، کە هەر وانەیەکی تیۆری 45 خولەکی سێ هەزار دینار دەبێت، هەر وانەیەکی پراکتیکی یەک کاژێریش سێ هەزار دەبێت.
سەبارەت بە نرخی خولی پەرەپێدانی ساڵانەی مامۆستایان و راهێنەرانی فێرکردنی شۆفێری بۆ خولی داهاتووش، وەزارەتی ناوخۆ بڕیاری داوە، بۆ هەموو جۆرەکانی مۆڵەتی شۆفێری لە حەوت هەزار دینارەوە کراوەتە پێنج هەزار دینار، هەروەها کرێی یەک خولی تەواو بۆ مامۆستا و راهێنەران لە 210 هەزار بۆ 150 هەزار کەم دەکرێتەوە.
هەر ئەمڕۆ دووشەممە، 03-03-2025، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، سیستەمی نوێی مۆڵەتی شۆفێری گۆڕدرا بۆ "سیستەمێكی نوێی مۆدێرن."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، نۆرەكانی دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری جۆرەكانی (A B C1) كە چوونەتە پڕۆسەی تاقیكردنەوەی تیۆری و پراكتیكی هەر بە سیستەمی بەركاری پێش دەرچوونی ئەو بڕیارە دەبێت، بەڵام ئەوانەی نەچوونەتە پرۆسەی كرداری ئەوا بۆ گشت جۆرەکانی (A B C D T) سیستمی نوێ جێبەجێ دەکرێت.
بەپێی سیستمە نوێیەکە، دەكرێت خاوەنی مۆڵەتی جۆری (B) ئۆتۆمبێلێک لێبخورێت، كە كۆی گشتی (ئۆتۆمبێل، سەرنشین و بارەكەی) لە 3.5 تۆن زیاتر نەبێت و جۆرەكانی پیك ئاپ و ئۆتۆمبیلی دوو تەنیش دەگرێتەوە، هەروەها دەكرێت ئامێرەكانی بیناسازی و كشتوكاڵیش لێبخورێت بە مەرجێك كێشی لە 3.5 تۆن زیاتر نەبێت و خێرایی ئامێری بیناسازی لە 60 كم لە کاژێر زیاتر نەبێت و ئامێری كشتوكاڵی خێرایی لە 40 كم زیاتر نەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ