رووداو دیجیتاڵ
دەزگای ئاسایشی هەرێم رایگەیاند، ئەو کەسەی ئەمڕۆ مامۆستاکەی چەمچەماڵی کوشت دەستگیرکراوە و پێشینەی تاوانی لەگەڵ داعش هەبووە.
ئەمڕۆ دووشەممە 3ـی شوباتی 2025، دەزگای ئاسایشی هەرێم رایگەیاند: "لە کاتی بەدواداچوون و گەڕان بە دوای تاوانباری سەرەکی و کۆکردنەوەی زانیاری و چڕکردنەوەی هەوڵەکان؛ بۆ دۆزینەوەی بکوژی مامۆستا (ل. ئا. ح) سەرجەم رێکارە پێویستەکان گیرانەبەر و توانرا لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی بازگەکان تاوانبار (هـ. ح. س) دەستگیربکرێت".
دەزگای ئاسایش دەڵێت، ئەو کەسەی دەستگیرکراوە، رووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە.
بە گوێرەی راگەیێندراوەکەی ئاسایش، "تاوانبار لە لێکۆڵینەوەی سەرەتایی دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و لێکۆڵینەوە بەردەوامە بۆ گەیشتن بە هۆکاری ئەنجامدانی تاوانەکە."
بەگوێرەی دەزگای ئاسایش، "تاوانبار پێشینەی تاوانی هەیە و ماوەی پێنج ساڵ حوکم دراوە بە مادەی تیرۆر، لەسەر بیری تووندڕەوی چوونە نێو گرووپی تیرۆریستیی داعش و کارکردن لەگەڵیاندا".
رووداوی کوشتنی مامۆستاکە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ لە گەڕەکی سەرشەقامی چەمچەماڵ روویدا.
کوژراوەکە ناوی لەنیا ئەحمەدە و لەدایکبووی ساڵی 1991ـە، فەرمانبەری زانکۆی چەرموو بووە و دوو منداڵی هەیە.
سەرچاوەیەکی ئەمنیی بە رووداوی گوت، "بەو پێیەی جگە لە ملی چەقۆ بەر دەستی و شوێنی دیکەی جەستەی کەوتووە، دیارە بەرگریی لە خۆی کردووە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ