نێچیرڤان بارزانی پشتگیری بۆ حکومەت لە برەودان بە پرۆسەی چاکسازی دووپاتکردەوە

03-02-2020
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن پرۆسەی چاکسازی نێچیرڤان بارزانى نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان
A+ A-

رووداو - هەولێر 

 

ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتیی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانی کرد و پشتگیریی بۆ ھەنگاوەکانی حکومەت دەربڕی سەبارەت بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری گشتی و پرۆژەکانی حکومەت و برەودان بە پرۆسەی چاکسازی.
 
بەپێی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوای لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد کە خزمەتی هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان بە بێ جیاوازی بکەن. 
 
سەبارەت بە دۆخی عێراق و راسپاردنی سەرۆکوەزیرانی نوێ، سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان هاوکار و یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەوەی عێراق لەم دۆخە نائاساییەی ئێستا دەربچێت و، گوتیشی "خوازیارین کێشەکانمان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکرێن". 
 
هاوکات مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ پشتیوانیکردنی لە کابینەی نۆیەم و ئاماژەشی بەوەدا کە لە پرۆسەی چاکسازی بەردەوامدەبن کە بەشێکی سەرەکی کارنامەی کابینەی نۆیەمە و ئامانجی هینانەدی دادپەروەری و بەرژەوەندی گشتی خەڵکی هەرێمی کوردستانە. 
 
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە "ئێمە هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونمانەوە هەوڵمانداوە کێشەکانمان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی چارەسەر بکەین و هیوداراین حکومەتی داهاتووی عێراقیش، پابەندبێت بەو لێکتێگەیشتنانەی لەنێوانمان هاتووەتە ئاراوە لەسەر بنەمای دەستوور". 
 
ڤایرۆسی کۆرۆنا کە بەخێرایی بەجیهاندا بڵاودەبێتەوە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بوو، وەزیرانی تەندروستی و ناوخۆ راپۆرتێکیان دەربارەی ڤایرۆسەکە، رێکارەکانی خۆپارێزی و پێشگیریی لەو ڤایرۆسە لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو. دووپاتیشیان کردەوە کە تاوەکو ئێستا هیچ کەیسێکی تووشبوو بە ڤایرۆسەکە لە هەرێمی کوردستان تۆمارنەکراوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە