شاخەوان عەبدوڵڵا: سوودانی فەرمانی کرد ئەو هێزەی چووەتە گەڕەکی نەورۆزی کەرکووک بکشێتەوە

03-01-2024
سیروان عەباس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، سەرۆکوەزیرانی عێراق وەزارەتی ناوخۆی راسپاردووە کە ئەو هێزەی چووەتە گەڕەکی نەورۆزی کەرکووک، بکشێتەوە.

رۆژی چوارشەممە 03-01-2024 شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، "دوێنێ دانیشتووانی گەڕەکی نەورۆزی کەرکووک  پەیوەندییان کرد کە هێزێک هاتووەتە سەریان و داوای چۆڵکردنی ماڵەکانیان دەکات، لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق قسەم کرد و ئەویش وەزارەتی ناوخۆی راسپارد، کە ئەو هێزەی چووەتە گەڕەکی نەورۆز بکشێتەوە."

شاخەوان عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوەش کرد، "لەگەڵ فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکان قسەم کرد و بڕیارەکە جێبەجێ دەکات."

رۆژی سێشەممە 02-01-2024 هێزێکی زۆری فیرقەی 11ی سوپای عێراق چوونە سەر ماڵی هاونیشتمانییان لە گەڕەکی نەورۆز لەنێو شاری کەرکووک. هێزەکان لە بەیانی زووەوە هەڵیان کوتایە سەر گەڕەکەکە و دەرگە بە دەرگەی تەواوی ماڵەکانیان کوتا، ئاگاداریان کردنەوە کە دەبێت خانووەکان چۆڵ بکرێن.

ماڵی عەزیز سەلیم یەکێک بوو لەو ماڵانەی سوپا ژمارەیان لە خانووەکەی داوە و ناویان نووسیوە تاوەکو چۆڵی بکات. بیانووی سوپا ئەوەیە کە ئەو گەڕەکە موڵکدارییەکەی بۆ وەزارەتی بەرگری دەگەڕێتەوە، بەڵام دانیشتووانەکەی دەڵێن، بابەتەکە شتێکی دیکەیە.

لەدوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەرەوە، سوپا گوشار لە دانیشتووانی ئەو گەڕەکە دەکات کە ماڵەکانیان چۆڵ بکەن، بەڵام وەکو ئەم جارە نەبووە. دانیشتووانی گەڕەکەکە کوردن. عەزیز کە دانیشتووی گەڕەکەکەیە، بە رووداوی گوت، "بە هێزێکی زۆرەوە هاتوونەتە سەر ئەم ماڵانە کە لەم گەڕەکە دانیشتوون، ناومانیان نووسیوە و ژمارەیان لەسەر خانووەکانمان نووسیوە، دیارە دەیانەوێت دەرمان بکەن، نازانین چیان دەوێت، خۆ زەویی ئەم خانووانە سەر بە وەزارەتی داراییە."

122 خانوو لە گەڕەکی نەورۆزن، 172 خێزان تێیاندا نیشتەجێن و سەرجەمیان کوردن. ئەو خێزانانە نیگەرانن لە دۆخەکە و دەڵێن، بەسەربازگەکردنی گەڕەکەکەیان مەترسیدارە، چونکە بەر لەو هەنگاوەیان، لە رێگەی یاساوە نەیانتوانیبوو خەڵکەکە دەربکەن.

عەبدولسەبوور عومەر، دانیشتوویەکی دیکەی گەڕەکەکەیە، گوتی، "ناویان نووسیوە و ژمارەیان لە خانووەکان داوە گوایە ئەمە خانووی حکومەتە.. بە هێز و سەربازەوە هاتوونەتە سەرمان.. من خەریکی ژن گواستنەوەم لە ماڵەوە، هاتوونەتە سەر ماڵەکەم، ژنەکان ناوێرن بێنە دەرەوە."

سوپای عێراق کە چوونەتە گەڕەکەکە، هەر خانوویەک کە خاوەنەکەی لە ماڵ نەبووبێت، یان بە هەر هۆکارێک چۆڵ بووبێت، دەستیان بەسەردا گرتووە. دانیشتووانی ئەم گەڕەکە پێشتر مامەڵەی تاپۆیان پێشکەش بە شارەوانی کردووە. هاوکات هاوشێوەی خانووەکانی ئەوان لە پارێزگای سەڵاحەدین تاپۆکراون.

بەڕێوەبەری شارەوانیی کەرکووکیش بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بڕیاری 320ـی ساڵی 2022ـی ئەنجومەنی وەزیران لەسەر ئەو خانووانە جێبەجێدەکرێ و مامەڵەی تاپۆیان بۆ کردوون، چاوەڕوانی هەنگاوەکانی دواتری دەکەن."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 گردبوونەوەی ناڕەزایی راهێنراوانی کۆمپانیای نەوتی باکوور لە کەرکووک.

راهێنراوانی کۆمپانیای نەوتی باکوور لە کەرکووک خۆپێشاندانیان کرد

راهێنراوانی کۆمپانیای نەوتی باکوور لە کەرکووک خۆپیشاندانیان کرد، دەڵێن شەش مانگ مەشق و راهێنانیان پێکردوون و بەڵێنی دامەزراندنیان پێدراوە، بەڵام چوار ساڵە کەسیان دانەمەزراون.