بەربژێرێکی کۆمەڵی دادگەری بەدەر لە هەڵوێستی حیزبەکەی چووە پەرلەمانی کوردستان

02-12-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

یەکێک لە بەربژێرە دەرچووەکانی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان کە حیزبەکەی بڕیاری داوە نەچێتە پەرلەمان، ئەمڕۆ بۆ یەکەم دانیشتنی گەیشتە پەرلەمان. جێگری سەرۆکی دیوانی پەرلەمان دەڵێت، "کەس ناتوانێت رێگری لە سوێندخواردنی ئەو پەرلەمانتارە بکات." 
 
هێرۆ عەتار، بەربژێری دەرچووی کۆمەڵی دادگەری لە بازنەی سلێمانی ئەمڕۆ بۆ سوێندخواردن چووە پەرلەمانی کوردستان و پابەندی بڕیاری حیزبەکە نەبوو.
 
هیوا نەسرەدین، جێگری سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو بەربژێرەی کۆمەڵی دادگەری، هاتووەتە پەرلەمان و مافی هەیە سوێندی یاسایی بخوات، کەسیش ناتوانێت رێگری لێبکات." 
 
عومەر گوڵپی، یەکێکی دیکە لە دەرچووەکانی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەوان ناچنە پەرلەمان و ئاگاداری چوونە ژوورەوەی بەربژێرێکی دەرچوویان نین.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، هێرۆ عەتار حەمەڕەشید، دوای ئەوەی چووەتە پەرلەمانی کوردستان بۆ سوێندخواردن، مۆبایلەکەی کوژاندووەتەوە و هیچ یەکێک لە بەرپرسانی حیزبەکەی ناتوانن پەیوەندی پێوەبکەن.
 
ئەمڕۆ، یەکەمین دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەدەچێت. کۆمەڵی دادگەری کە سێ کورسی بەدەستهێناوە، دوای بڵاوبوونەوەی ئەنجامەکان رایگەیاند، "ساختەکاری کراوە" و پەسەندی ناکەن و ناچنە پەرلەمان.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی ورمێ.

پلاندانانی ورمێ: بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکان پێویستمان بە 262 ملیۆن دۆلارە

سەرۆکی رێکخراوی بەڕێوەبردن و پلاندانانی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکانی پارێزگاکە کە بەشی زۆریان راگیراون، پێویستیان بە زیاتر لە 262 ملیۆن دۆلارە.