رووداو دیجیتاڵ
کۆنسووڵخانەی بەریتانیا لە هەولێر رایگەیاند، سکاڵاکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پێداچوونەوەیان بۆ کراوە و رەتکراونەتەوە؛ ئەوەی کە گوایە کۆنسووڵخانە هاوڕابووە لە هەبوونی ساختەکاری، دوورە لە راستییەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، لەمیانی بەشداری لە بەرنامەی رۆژی هیوا جەمال، عەبدولستار مەجید، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەری گوتی، "بە بەڵگەوە ساختەکارییەکانمان خستووەتە بەردەست ئەوانەی کە سەردانیان کردووین بۆ نمونە نوێنەری وڵاتی بەریتانیا و پێمانگوتووە ئەوە بەڵگەی ساختەکارییەکانە".
کۆنسووڵخانەی بەریتانیا لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "شانشینی یەکگرتوو پێشوازی لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە مانگی ئۆکتۆبەر کرد، کە هەنگاوێکی بنچینەییە لە نوێکردنەوەی شەرعییەتی دیموکراتی بۆ دامودەزگەکانی هەرێمی کوردستان. کۆنسووڵخانەی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر لەگەڵ نوێنەری هەموو لایەنەکان هەماهەنگی هەبووە، لەنێویاندا کۆمەڵی دادگەری".
رۆژی 19-11-2024، تۆم هیپس، بەرپرسی تیمی سیاسی لە کۆنسووڵخانەی بەریتانیا لە هەولێر سەردانی کۆمەڵی دادگەری کرد. لە راگەیێندراوێکی ئەو رۆژەی عەبدولستار مەجید دا هاتووە، "باس لە پەیوەندییەکانی کۆمەڵی دادگەری و بەریتانیا کرا و هەردوولامان هیوامان خواست برەو بە پەیوەندییەکانمان بدەین و هەروەها باس لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرا کە بە بەڵگە پێشانماندان کە ساختەکاری و دزی کراوە؛ بەتایبەت کۆمەڵ تێیدا بە ئامانج گیراوە".
کۆنسووڵخانەی بەریتانیا لە هەولێر لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە دەکات، "کاتێک کۆمەڵی دادگەری هەبوونی ساختەکاری دووپات کردووەتەوە، تیمی کۆنسووڵخانە جەختیان لە رۆڵی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کردووەتەوە لە لێکۆڵینەوە لەو جۆرە تۆمەتانە و ئەو سەرنجەیان داوە کە پێداچوونەوە بە سەرجەم سکاڵاکان دا کراوە و رەتکراونەتەوە. ئەوەی کە گوایە کۆنسووڵخانە هاوڕابووە لە هەبوونی ساختەکاری، دوورە لە راستییەوە".
لە بەرنامەکەدا، هیوا جەمال لە عەبدولستار مەجید دەپرسێت، یانی ئەوان [نوێنەری بەریتانیا] دانیان بەوەدا نا کە ساختەکاریتان لێکراوە؟ ئەندامەکەی ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەری دەڵێت، "بەڵی، بەگوێرەی ئەو بەڵگەی ئێمە پێشانمان دان، بەڵێ".
عەبدولستار مەجید لە بەرنامەکەدا باسی ئەوەشی کرد کە جگە لە یەکێتی و پارتی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەحمەد داود ئۆغڵو و نوێنەری ئێران داوایان لێکردوون بچنە پەرلەمان، بەڵام ئەوان رەتیان کردووەتەوە. هەروەها گوتی، "هەموو ئەوانە دانیان بەوەدا ناوە کە ساختەمان لێکراوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ