رووداو دیجیتاڵ
عەبدولستار مەجید، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەریی کوردستان رایگەیاند، نوێنەری بەریتانیا سەردانی کۆمەڵی کردووە، داوایان لێکردوون بەشداریی کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان بکەن، بەڵام ئەوان گوتوویانە لەسەر بڕیارەکەیان مکوڕن و بەشداریی ناکەن.
ئەمڕۆ دووشەممە، لەمیانی بەشداری لە بەرنامەی رۆژی هیوا جەمال، عەبدولستار مەجید گوتی، "بە بەڵگەوە ساختەکارییەکانمان خستووەتە بەردەست ئەوانەی کە سەردانیان کردووین بۆ نمونە نوێنەری وڵاتی بەریتانیا و پێمانگوتووە ئەوە بەڵگەی ساختەکارییەکانە".
رۆژی 19-11-2024، تۆم هیپس، بەرپرسی تیمی سیاسی لە کۆنسووڵخانەی بەریتانیا لە هەولێر سەردانی کۆمەڵی دادگەری کرد. لە راگەیێندراوێکی ئەو رۆژەی عەبدولستار مەجید دا هاتووە، "باس لە پەیوەندییەکانی کۆمەڵی دادگەری و بەریتانیا کرا و هەردوولامان هیوامان خواست برەو بە پەیوەندییەکانمان بدەین و هەروەها باس لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرا کە بە بەڵگە پێشانماندان کە ساختەکاری و دزی کراوە؛ بەتایبەت کۆمەڵ تێیدا بە ئامانج گیراوە".
هیوا جەمال لێیدەپرسێت یانی ئەوان دانیان بەوەدا نا کە ساختەکاریتان لێکراوە؟ ئەندامەکەی ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەری دەڵێت، "بەڵی، بەگوێرەی ئەو بەڵگەی ئێمە پێشانمان دان، بەڵێ".
عەبدولستار مەجید لە بەرنامەکەدا باسی ئەوەشی کرد کە جگە لە یەکێتی و پارتی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەحمەد داود ئۆغڵو و نوێنەری ئێران داوایان لێکردوون بچنە پەرلەمان، بەڵام ئەوان رەتیان کردووەتەوە. هەروەها گوتی، "هەموو ئەوانە دانیان بەوەدا ناوە کە ساختەمان لێکراوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ