رووداو دیجیتاڵ
هاووڵاتییەکی بە رەچەڵەک بەریتانی لە شەقامی 100 مەتریی شاری هەولێر بەهۆی رووداوێکی هاتووچۆوە گیانی لەدەستدا. پۆلیسی هەولێر لە زاری شایەتحاڵێکەوە دەڵێت، لە شوێنی مۆڵەتپێدراو بۆ پەڕینەوەی پیادە نەپەڕیوەتەوە.
رووداوەکە شەوی 1-12-2022 لە شەقامی 100 مەتریی شاری هەولێر لە نزیک شارۆچکەی عەنکاوە روویداوە. هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، شۆفێری ماتۆڕسکیلێک بە ناوی (م. خ. ش) به رەچەڵەک عەرەبی سووریا کە کاری دیلیڤەری دەکات خۆی بە هاووڵاتییەکی بەریتانیدا کێشاوە.
هاووڵاتییە بەریتانییەکە ناوی ئاندرۆ تورلییە، تەمەنی 59 ساڵە و لە کۆمپانیایەک لە هەولێر کار دەکات، وەک پۆلیس دەڵێت، "ویستوویەتی بە پیادە لەسەر شەقام بپەڕێتەوە، بەڵام شوێنی پەڕینەوەی پیادە نەبووە، بۆیە لە ئەنجامی ئەو رووداوە هاووڵاتییە بەریتانییەکە گیانی لەدەستداوە."
دیڤید هاوڕێی ئەو هاووڵاتییە بەریتانییەیە کە گیانی لەدەستداوە و شایەتحاڵی رووداوەکەیە، بە پۆلیسی گوتووە، "پێش رووداوەكه خواردنەوەی کحولییان خواردووەتەوە و هاوڕێکەشی لە شوێنی مۆڵەتپێدراو بۆ پەڕینەوەی پیادە نەپەڕیوەتەوە."
هۆگر عەزیز دەڵێت، ئێستا شۆفێرى ماتۆڕسكيلەکه بەپێی ماددە (23ی هاتووچۆ) لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگير كراوە.


.png&w=3840&q=75)