گەشتوگوزاری هەڵەبجە: لە دوو رۆژی فێستیڤاڵی هەناردا 190 هەزار سەردانیکارمان هەبووە

02-11-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

فێستیڤاڵی هەنار لە هەڵەبجە ئەمڕۆ لە رۆژی سێیەمدایە. گوتەبێژی گەشتوگوزاری شارەکە دەڵێت، ئەوانەی دوێنێ بەهۆی بارانەوە نەچوون، ئەمڕۆ دەتوانن سەردان بکەن.
 
هەورامان جەلال، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری هەڵەبجە ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە دوو رۆژی رابردووی فێستیڤاڵی هەناردا 190 هەزار سەردانیکار و گەشتیار سەردانیان کردووە."
 
بەگوێرەی گەشتوگوزاری هەڵەبجە، رۆژی یەکەمی فێستیڤاڵی هەنار 80 هەزار و رۆژی دووەم 110 هەزار کەس سەردانی فێستیڤاڵەکەیان کردووە.
 
فێستیڤاڵی هەنار ئەمڕۆ دوایین رۆژی دەبێت. گوتەبێژی گەشتوگوزاری هەڵەبجە دەڵێت، "چاوەڕوان دەکەین ئەمڕۆش هاونیشتمانییان سەردانی فێستیڤاڵەکە بکەن، کە ئێستا کەشوهەوا خۆشە و باران نییە."
 
بەگوێرەی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، بەرهەمی هەناری هەرێمی کوردستان ساڵانە 80 هەزار تۆنە و 30 هەزاری لە پارێزگای هەڵەبجەیە.
 
لە فێستیڤاڵەکەدا هەنگوین، دۆشاو، مێووژ، گوێزی هەورامان، خواردنە کوردەوارییەکان، بەرهەمە کولتوورییەکان و کارە دەستییەکانی خانمان دەخرێنەڕوو.
 
ساڵی رابردوو نۆیەمین فێستیڤاڵی هەنار لە 2ی تشرینی دووەم دەستیپێکرد و سێ رۆژ بەردەوام بوو. بەگوێرەی لیژنەی ئامادەکارییەکەی، 270 هەزار کەس چوونە فێستیڤاڵەکە و فرۆشی بەرهەمیش بایی زیاتر لە ملیارێک و 300 ملیۆن دینار بوو.
 
هەمان فێستیڤاڵ ساڵی 2022 لە 24 و 25ی مانگی 10 بەڕێوەچوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە