سەرۆكی پێشووی یانەی وەرزشیی بەردەڕەش دەدرێتە دادگا

02-11-2019
شکار ئەحمەد
نیشانەکردن یانەی وەرزشیی بەردەڕەش
A+ A-
رووداو – هەولێر

سەرۆكی پێشووی یانەی وەرزشیی بەردەڕەش لەسەر گرێبەستێكی بەكرێدانی زەویی شارەوانی و قۆرخكاری لە وەرگرتنی داهاتەكەی، دراوەتە دادگا. دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستانیش لێكۆڵینەوە لە دۆسیەی گەندەڵیی چەند یانەیەكی وەرزشیدا دەكات.
 
بەپێی گرێبەستێك كە كۆپییەكی دەست (رووداو) كەوتووە، لە 4/5/2016 سەرۆكی پێشووی یانەی وەرزشیی بەردەڕەش لەگەڵ دوو بەڵێندەر رێككەوتووە بۆ دروستكردنی چەند ریزە دووكانێك لەسەر زەویی ژمارە 897/1 لە كەرتی 63ی بەردەڕەش. لە گرێبەستەكەدا هاتووە كە 30%ی داهاتی دوكانەكان بۆ سەرۆكی یانەكە و 70%یش بۆ بەڵێندەرەكان بێت. گرێبەستەكەش بۆ 20 ساڵە. دوای تەواوبوونی پڕۆژەكە، بە سەرجەم پێكهاتە و كەلوپەلەكانیەوە دەبێتە موڵكی حەسیب محەممەدئەمین، سەرۆكی پێشووی یانەی وەزرشیی بەردەڕەش.
 
گرێبەستەكە لە 7 خاڵ پێكهاتووە و هەردوولا لە فەرمانگەی دادنووسی بەردەڕەش واژۆیان لەسەر كردووە. لە خاڵی چوارەمی گرێبەستەكەدا هاتووە هەر گۆڕانكارییەك لە دەستەی یانەی وەرزشیی بەردەڕەش بكرێ‌، دەستەی كارگێڕیی نوێ، بۆی نییە دەستكاری گرێبەستەكە بكات.
 
دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان بەدواداچوونی بۆ دۆسیەكە كردووە و لە دادگای دهۆك سكاڵای لەدژی حەسیب محەممەدئەمین تۆمار كردووە. عومەر میكائیل، سەرۆكی شارەوانیی بەردەڕەشیش لە دۆسیەكە تێوەگلاوە.
 
د.ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆكی دەستەی دەستپاكی بە (رووداو)ی راگەیاند: "لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی لێكۆڵینەوەكانی دهۆكی دەستەی دەستپاكییەوە بەدواداچوون بۆ دۆسیەكە كراوە و رەوانەی دادگای دهۆك كراوە".
 
تا ئێستا دوو دانیشتنی دادگا لەبارەی دۆسیەكە بەڕێوەچوون و مانگی داهاتووش دانیشتنی سێیەم بەڕێوەدەچێ‌ و پێدەچێ‌ بڕیاری كۆتایی لەبارەی دۆسیەكە بدرێ‌.
 
حەسیب محەممەدئەمین، سەرۆكی پێشووی یانەی وەرزشیی بەردەڕەش بە (رووداو)ی راگەیاند: "ساڵی 2016 بەهۆی شەڕی داعش و قەیرانی دارایی، یانەی وەرزشیی بەردەڕەش هیچ داهاتێكی نەبوو، ویستمان زەوییەكانی دەرورپشتی یاریگای بەردەڕەش بكەین بە دوكان و داهاتەكەی بۆ راییكردنی كاروباری یانەكە بێت، نووسراوێكمان ئاراستەی قایمقام كرد، نووسراوەكە بۆ پارێزگای دهۆك نێردرا و ئەوانیش زەوییەكانیان بۆ یانەی بەردەڕەش تەرخان كرد، پاشان بانگەوازمان بۆ بەكرێدانی زەوییەكان كرد".
 
لەبارەی گرێبەستەكەش كە بەناوی خۆی كراوە، حەسیب محەممەدئەمین دەڵێ: "لەگەڵ دوو بەڵێندەر رێككەوتین كە 30%ی داهاتی دوكانەكان بۆ یانەی بەردەڕەش و 70%ش بۆ بەڵێندەرەكان بێت، لە دادنووسی بەردەڕەش گرێبەستەكەمان كرد، بەڵام گوتیان دەبێت بەناوی كەسێك بێت نەك یانەكە، بۆیە من وەك سەرۆكی یانەی بەردەڕەش واژۆم لەسەر گرێبەستەكە كرد".
سەرۆكی پێشووی یانەكە گوتیشی: "ساڵی 2017 ماوەی سەرۆكایەتیەكەم تەواو بوو و یانەكەم بەجێهێشت، ئەوكاتەی دوكانەكان تەواوبوون و بەكرێ دراون من سەرۆكی یانەكە نەمابووم، بۆیە من پارەكەم وەرنەگرتووە، 30%ی داهاتی دوكانەكان دەچێتە بانك و مافی یانەكەیە مامەڵەی پێوە بكات".
 
لەبارەی سكاڵاكەی دەستەی دەستپاكیش كە لە دژی تۆماركراوە، سەرۆكی پێشووی یانەی بەردەڕەش دەڵێ: "سكاڵاكە لەسەر ئەو گۆڕانكارییەیە كە بەبێ رەزامەندی لایەنی پەیوەندیدار لە نەخشەی پڕۆژەكەدا كردبوومان، نەخشەدانانی دهۆك بەبێ ئەوەی شوێنی پڕۆژەكە ببینن، نەخشەی پڕۆژەكەیان پەسەند كردبوو، بەڵام بەپێی نەخشەكە بیری ئیرتیوازی، بلاجكتۆر و كێبڵەكان بەر پڕۆژەكە دەكەوتن، بۆیە ئێمە بەبێ رەزامەندی لایەنە پەیوەندیدارەكان دەستكاری نەخشەكەمان كرد و پڕۆژەكەی لەسەر دروستكرا".
 
سەرۆكی شارەوانی بەردەڕەشیش لە دۆسیەكەدا تێوەگلاوە و سكاڵا لەدژی هەیە، چونكە وەك سەرۆكی پێشووی یانەی بەردەڕەش دەڵێ: "كە نەخشەكەمان گۆڕی، نووسراومان بۆ شارەوانی بەردەڕەش كرد، ئەوانیش ناردیان بۆ بەخشەدانانی ئاوەدانی و لایەنە پەیوەندیدارەكان لە دهۆك، بەڵام ئەوان رەزامەندییان نەدا و بەبێ رەزامەندی ئەوان گۆڕانكارییەكەمان كرد".
 
عومەر میكائیل سەلیم بە (رووداو)ی راگەیاند: "من و سەرۆكی پێشووی یانەی وەرزشیی بەردەڕەش لەنێو دۆسیەكەدا تۆمەتبارین، لەكاتێكدا من هیچ پەیوەندییەكم بەو گرێبەستەوە نییە".
 
سەرۆكی شارەوانی بەردەڕەش گوتیشی: "لە بەردەڕەش بازاڕێك كە 37 دوكانە بە زێدەڕۆیی و بەرتیلدان لەنێو پاركی بارزانی بە نایاسایی و گەندەڵی لەڕێگەی واستەوە دروستكرابوون، كرێشیان نەدەدا، من ویستم بیكەم بە پاركێكی مۆدێرن و ئەو بازاڕە نایاساییە بگوازمەوە بۆ نێو یاریگاكە و كرێیەكەش بۆ شارەوانی بێت، هەموو ئەو نووسراو و بەڵگانەشم لەلایە و داومە بە دادگا".
 
ئەرسەلان سەعید، سەرۆكی ئێستای یانەی بەردەڕەش بە (رووداو)ی راگەیاند: "هیچ داهاتێكی ئەو دووكانانە نادرێتە سەرۆكی پێشووی یانەكە. دۆسیەكەشی پەیوەندی بە گرێبەستی دووكانەوە نییە، بەڵكو بەهۆكاری گۆڕینی نەخشەی پڕۆژەكە دۆسیەی بۆ كراوەتەوە".
 
یانەی وەرزشیی بەردەڕەش تەنیا یانە نییە كە دەستەی دەستپاكی لە كار و پرۆژەكانی دەكۆڵێتەوە. د.ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆكی دەستەی دەستپاكی گوتی: "ئەنجوومەنی وەزیران لە كابینەی هەشتەمدا دۆسیەی تێوەگلان لە گەندەڵی چەند یانەیەكی وەرزشی بۆ ئێمە ناردووە و لەڕێگەی لیژنەكانمانەوە لێكۆڵینەوە لە دۆسیەكانیان دەكەین".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە