رووداو دیجیتاڵ
بە گوتەی سوپای پاسدارانی ئێران، لە بەرزاییەکانی شاری سەردەشت لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان لە نێوان هێزەکانیان و گرووپێک لە گەریلاکانی پژاک شەڕ و پێکدادان روویداوە و دوو گەریلای پژاک کوژراون.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12ی تشرینی دووەمی 2026، قەرارگەی حەمزەی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا رایگەیاند، گرووپێکی چەکداری سەر بە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) دوێنێ ویستوویانە لە سنوورەکانی شاری سەردەشتەوە دزە بکەنە نێو خاکی ئێران لە پارێزگای ورمێ، بەڵام بەهۆی ئامادەیی پێشوەختەی هێزەکانیان لەسەر سنوور، کەوتوونەتە نێو بۆسەیەکی هێزەکانیان و بەهۆیەوە شەڕ و پێکدادان لە نێوان هەردوولا روویداوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە پێکدادانەکەدا دوو ئەندامی پژاک کوژران و دەست بەسەر بڕێک چەک و تەقەمەنی و ئامێریکی سەتەلایتی ستارلینکدا گیراوە.
قەرارگەی حەمزەی سوپای پاسدارانی ئێران هۆشداری دەدات و دەڵێت، "هەر جۆرە هەنگاوێک بە ئاراستەی تێکدانی ئاسایش و نائارامکردنی سنوورەکانی باکووری رۆژئاوای ئێران، رووبەڕووی وەڵامێکی یەکلاکەرەوە و پەشیمانکەرەوە دەبێتەوە."
پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) تاوەکو ئێستا هیچ روونکردنەوە و راگەیێندراوێکی لەبارەی شەڕەکەی سەردەشت بڵاونەکردووە.
لە لایەکی دیکەوە، یەکینەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە) باڵی سەربازیی پژاک لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ بڵاوکرایەوە، ئاماژەی بە هێرشەکانی سوپای پاسداران بۆ سەر ناوچە کۆیستانەکانی شاری مەریوان لە پارێزگای سنە دەکات و دەڵێت، "رۆژی چوارشەممە، 11ی تشرینی دووەمی 2026، ناوچەکانی دەورووبەری شاری مەریوان، لەوانەش گوندەکانی هانەشێخان، گاگڵ و قامیشلە بە درۆن و چەکی قورس لە لایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە کرانە ئامانج."
یەرەکە دەڵێت، لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا، هیچ زیانێک بە هێزەکانیان نەگەیشتووە، بەڵام زیانێکی زۆر بەر ماڵ و موڵکی هاووڵاتییانی ناوچەکە، بەتایبەت بەر خانوو، باخ و رەزی گوندنشینان و زەوییە کشتوکاڵییەکانیان کەوتووە.


