رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی لقی 17ـی پارتی لە شنگال بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، پەکەکە چەندین ساڵە لە شنگال رێگری دەکات، بەڵام ئەوان سوورن لەسەر ئەوەی بچنەوە شنگال و ناشیانەوێت "خوێن بڕژێت."
رۆژی شەممە 02-10-2021 ئاشتی کۆچەر، بەرپرسی لقی 17ی پارتی لە شنگال لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند "پەکەکە چەندین ساڵە بووەتە رێگر لە دەڤەری شنگال، کاتێک هەڵبژاردن دەکرێت حەقی بەربژێرەکانە بچنە سنوورەکانی خۆیان و بانگەشە بکەن، بەڵام بەداخەوە، سەرانی پەکەکە تاوەکو دوێنێ رێگەیان بەو کەسانە دەدا کە خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەریان دەکرد، بەڵام بۆچی رێگری لە پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەن. ئەمەش هەر لەبەرئەوەی پارتی خاوەنی شنگال و خاوەنی کوردستانە."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بەرپرسی لقی 17ی پارتی دەڵێت، "ئێمە پارتێکی راستەقینەین و خۆناچەمێنین و رۆژانی داهاتوو بە سەربەرزی دەچینە شنگال، ئەگەر هەر ناحەزێکیش هەبێت ئێمە گوێ بەوە نادەین و هەر دەچینە شنگال."
ئاشتی کۆچەر دەشڵێت "پەکەکە بووەتە رێگر بۆ ئەوەی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا لە شنگال جێبەجێ نەبێت، ئەوەش یەکێکە لەو خاڵانە و ئێمەش دوو رۆژە کارمان لەسەر ئەوە کردووە بچینە شنگال و خەڵکی ئێمەش لە شەرەفەدین ئامادەبوون، بەڵام بەداخەوە پەکەکە رێزیان لە سەروەری خاکی عێراق نەگرت."
بەرپرسی لقی 17 پارتی لە شنگال گوتیشی "ئێستا پەکەکە بووەتە جاشی حەشدی شەعبی. ناشمانەوێت خوێنی گەنج و خوشکی ئێمە بەدەستی ئێمە بڕژێت، ئەوەی بەسەر خەڵکی شنگال هاتووە با بەس بێت. کاتێک پارتی هەبوو هەموو خزمەتگوزارییەک لە شنگال هەبوو، بەڵام پەکەکە رێگەنادەن ئێمە بگەڕێنەوە شنگال. بەڵام دڵنیابن لە داهاتوودا ئێمە هەر دەچینەوە شنگال."
ئاشتی کۆچەر پێیوایە "پەکەکە کوردستانی باکوور و کوردستانی باشووریان تێکدا." دەشڵێت "ئەوانەی ئێمە بەربژێرمان کردوون کەسانی چالاک و باشن و قوتابی قوتابخانەی بارزانین."
لێدوانەکە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ شەممە، شەڕڤانان و لایەنگرانی یەبەشە لە دەروازەی گوندی گوهبەل رێگرییان لە چوونی بەربژێرانی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرپرسی لقی 17ـی پارتی کرد و رێگەیان نەدا بچنە مەزارگەی شەرەفەدین بۆ بانگەشەی خۆیان لە شنگال. بەڕێوەبەری ناحیەی سنوونیش بە وەکالەت گوتی، "خەڵکی سڤیل رێگە نادەن."
ڤیان دەخیل پەیامێک ئاراستەی کازمی دەکات
ڤیان دەخیل، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان لە سنووری قەزای شنگال گوتی "دەنگدەرانی ئێمە لە شنگال دەنگدەری راستەقینەن و ئەوان دەنگی خۆیان بە ئێمە دەدەن" پەیامێکیشی ئاراستەی کازمی کرد و گوتی، لەبەرامبەر ئەو رێگرییانە چ هەڵوێستێک دەبێت؟
ئەو بەربژێرەی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت "دەمەوێت پەیامی خۆم بگەیێنمە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و حکومەتی عێراق، ئەو کاتەی خەڵک رێگرییان لە ئێمە دەکرد بچینە شەرفەدین کە حەقێکی راستەقینەی خۆمان بوو لە شنگال بانگەشە بکەین، ئەوکاتە کازمی لە کۆبوونەوەی لیژنەی ئەمنیی هەڵبژاردن ئامادەبوو و رایگەیاند کە قەدەخەیە کەسێک رێگر بێت لە هەرکەسێکی دیکە کە بانگەشەی هەڵبژاردن بکات. ئێستا رێگرییمان لێکرا ئایا کازمی تۆ چی دەکەی بۆ ئەوە؟."
ئەو بەربژێرەی پارتی دیموکراتی کوردستان پێیوایە کە ئەگەر ئەمڕۆ بەمشێوەیە رێگرییان لێبکرێت "لە رۆژی دەنگدان پلانێک هەیە کە خەڵک بە حەقی خۆیان نەچنە دەنگدان، ئێمە ئەوکات سکاڵای خۆمان تۆماردەکەین و ئەوەش کە رێگرییە و دژی یاساکانی هەڵبژاردنە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ