رووداو دیجیتاڵ
شەوی رابردوو شێخ خرتۆ حاجی ئیسماعیل، ناسراو بە بابەشێخ، رێبەری رۆحیی کوردانی ئێزدی لە نەخۆشخانەیەکی هەولێر کۆچی دواییکرد. ئەمڕۆ هەینیش تەرمەکەی دەبرێتەوە شێخان و لەوێ بە خاک دەسپێردرێت.
لە هەولێر تاجەگوڵینەی ماڵئاوایی لەسەر تەرمی بابەشێخ دادەنرێت. د. فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، بابەشێخ پێگەیەکی گەورەی ئایینی هەیە. "بە رێوڕەسمێکی شایستە تەرمەکەی بەڕێدەکەین بۆ شێخان".
فرسەت سۆفی سەرەخۆشی لە هەموو کوردانی ئێزدی کرد، گوتی "بابەشێخ شایەنی هەموو شتێکی باشە".
خەیری بۆزانی، بەڕێوەبەری کاروباری ئێزدییەکان لە وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، هەموو ئامادەکارییەکان تەواوبوون و لە شێخانیش بە رێوڕەسمێکی "ئایینی شایستە" لە گوندی بۆزا بە خاک دەسپێردرێت.
عیدۆ بابەشێخ، برای بابەشێخ قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی، پەیامی ئەوان بۆ کوردانی ئێزدی، خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراق ئەوەیە، "زۆر دڵگرانین، ئەم پیاوە رەمزی ئاشتەوایی، برایەتی و دڵسۆزی بوو".
بابەشێخ رۆڵی گەورەی لە بەخێرهاتنەوەی رفێندراوانی کوردانی ئێزدیی دەستی داعش هەبوو، عیدۆ بابەشێخ، دەڵێت، رۆڵی ئەو وایکرد خێزانەکانی ئەو کچ و ژنە رفێندراوانە، منداڵەکانیان بگرنەوە خۆیان.



