پۆلیسی کەرکووک: 3 پۆلیس بریندار بوون

02-09-2023
هیدایەت جان
خۆپێشاندەران ئاگریان لەسەر شەقامێکی کەرکووک کردووەتەوە.
خۆپێشاندەران ئاگریان لەسەر شەقامێکی کەرکووک کردووەتەوە.
نیشانەکردن خۆپێشاندان لە کەرکووک
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک رەتی دەکاتەوە ژمارەی کوژراوانی خۆپێشاندانەکەی کەرکووک زیادی کردبێت و لەبارەی ئەو عەرەب و تورکمانانەی رێگەی هەولێر- کەرکووکیان گرتووە دەڵێت، "ئەو خۆپێشاندەرانەی رێگەی هەولێریان گرتووە هاووڵاتی نین و گرتنی رێگەکەش زیاتر کارێکی سیاسییە".
 
ئێوارەی رۆژی شەممە، 2ـی ئەیلوولی 2023، عامر شوانی، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دۆخی کەرکووک تا رادەیەک هێور بووەتەوە و هێزەکانی پۆلیسی کەرکووک چوونەتە نێوان هەردوو لایەنی خۆپێشاندانەکە و رێگە بە تەقەکردنی کەس نادەن".
 
بەشێک لە میدیاکان و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنگۆی گیانلەدەستدانی خۆپێشاندەرێکی دیکەی کوردی کەرکووک بڵاوبوویەوە، بەڵام گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک ئەو هەواڵە رەت دەکاتەوە و دەڵێت، "تاوەکو ئێستا تەنیا هاوکار عەبدوڵڵا کە لە نەتەوەی کورد بوو بە فیشەک شەهیدکراوە و چوار کەسیش لە نەتەوەی عەرەب کە لەسەر کار دەگەڕانەوە بە بەرد بریندار کراون و بریندارێکی کوردی هەیە کە فیشەکی بەر کەوتووە و ئێستا لە ژووری نەشتەرگەرییە. سێ کارمەندی هێزە ئەمنییەکان بە بەرد بریندارکراون".
 
لەبارەی چۆنیەتی کوژرانی هاوکار عەبدوڵڵا، عامر شوانی گوتی، "دادپزیشکی سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە لەو چەکەی کە پێی شەهیدکراوە و لیژنەیەکیش بە سەرۆکایەتی فەرماندەی پۆلیسی کەرکووک پێکهاتووە و هەر کەسێک گومانی لەسەربێت کە تەقەی لێکردووە، دەستگیری دەکەین و رێکاری بەرامبەر دەگرینەبەر".
 
ماوەی شەش رۆژە بەشێک لە عەرەب و تورکمانی کەرکووک لەسەر رێگەی سەرەکی هەولێر – کەرکووک خێوەتیان هەڵداوە و رێگەکەیان گرتووە. گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک پێیوایە "ئەو خۆپێشاندەرانەی رێگەی هەولێریان گرتووە هاووڵاتی نین؛ خۆپێشاندانەکە زیاتر کارێکی سیاسییە، ئەگینا ئەوە لە توانای هاووڵاتی نییە بێت کۆنکریت دابنێت و رێگە دابخات. دەستی لایەنی دیکە هەیە لەنێو ئەم بابەتەدا و کردنەوەی رێگەکەش بە پۆلیس ناکرێت و دەبێت لایەنی سیاسی دەستپێشخەری بکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە".
 
بە گوتەی عامر شوانی، "سەرجەم لایەنە ئەمنی و کارگێڕییەکانی کەرکووک داوایان کردووە رێگەی هەولێر بکرێتەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی هەڵبژاردن لەپێشە، ئەو بابەتە قۆزراوەتەوە، واتە پارێزگار و ژووری ئۆپەراسیۆنەکان و سەرجەم لایەنە ئەمنی و کارگێڕییەکان لەگەڵ ئەوەدا نەبوون رێگەی هەولێر - کەرکووک دابخرێت، بەڵام ئەوە لایەنێکی سیاسی لەپشتە و ئێمە بۆ ئەوەی دوو خێمە لابدەین، دەبێت کوشتارێکی زۆر بدەین".
 
گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک لەبارەی هەوڵەکانیان بۆ کردنەوەی رێگەی هەولێر – کەرکووک گوتی، "پێشتر فەرماندەی پۆلیسی کەرکووک لە رێگەی تەلەفۆنەوە داوای لە وەزیری نێوخۆ و چەندین لایەنی ئەمنی و حیزبی کرد ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن بۆ ئەوەی نەبێتە هۆی دروستبوونی ئاژاوە و هۆشداری دا، ئەگەر چارەسەر نەکرێت دۆخەکە لەمەی ئێستا روویداوە گەورەتر دەبێت".
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان

وەزیری دارایی بۆ نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست: بۆ بەهەمیشەییکردنتان چاوەڕوانی بەغداین

وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دۆسیەی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست رەوانەی ئەنجوومەنی راژە کراوە بۆ ئەوەی رێکارەکانی تەواو بکرێت. نوێنەرێکی ئەو فەرمانبەرانەش دەڵێت: "بۆ دامەزراندنمان حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی بەغدایە."