لە کەرکووک تەقە بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپێشاندەرانی کورد دەکرێت و بریندار هەن

02-09-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
ساتی تەقەکردنی سەربازێک بەڕووی خۆپێشاندەرانی کورد لە کەرکووک
ساتی تەقەکردنی سەربازێک بەڕووی خۆپێشاندەرانی کورد لە کەرکووک
نیشانەکردن خۆپێشاندان لە کەرکووک
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کوردانی کەرکووک دژی داخستنی رێگەی کەرکووک - هەولێر لەلایەن بەشێک لە عەرەب و تورکمانەوە لە گەڕەکی رەحیماوا دەستیان بە گردبوونەوە کرد و دواتر گرژی دروستبوو، تەقە بەسەر خۆپێشاندەرانی کورددا کرا و چەند ئۆتۆمبێلێک سووتاون و جامی چەند ئۆتۆمبێلێک شکێندران.
 
خۆپێشاندەرانی کورد بەرەو ئاراستەی خۆپێشاندەرانی لایەنگری حەشدی شەعبی دەڕۆن، کە چەند رۆژێکە رێگەیان گرتووە و دژی گێڕاندنەوەی بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستانن.
 
هەردی محەممەد، پەیامنێری رووداو لەنێو خۆپێشاندەرانی کوردەوە لە کەرکووک گوتی "خۆپێشاندەرانی کورد بەرەو لای خۆپێشاندەرانی لایەنگری حەشدی شەعبی دەڕۆن و هەردوولا 200 مەترێک لەیەکدییەوە دوورن."
 
"ئاراستەی چەکەکانیان بەرەو خۆپێشاندەرانی کورد گۆڕی"
 
سەبارەت بە دەنگی تەقەکان و بریندارەکان، پەیامنێری رووداو گوتی "بەزۆری هێزەکانی سوپای عێراق و پۆلیسن تەقە دەکەن و ئامانجەکەیان ئەوەیە ئاراستەی هەردوو خۆپێشاندانەکە نەگاتە یەکتری،" بەڵام دواتر ئاراستەی چەکەکانیان گۆڕی و یەکێک لە سەربازەکان بە بەرچاوی کامێرای رووداوەوە ئاراستەی تفەنگەکەی کردە خۆپێشاندەران و گوللەی تەقاند.
 
 
ماوەی شەش رۆژە رێگەی سەرەکیی هەولێر – کەرکووک داخراوە و ئەوەش ئاستەنگییەکی زۆری بۆ هاونیشتمانیان و هاووڵاتیان دروستکردووە؛ بۆیە کاژێر 05:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ (شەممە، 2-9-2023) هاونیشتمانییانی کەرکووک خۆپێشاندانێکیان دژی داخستنی ئەو رێگەیە لە گەڕەکی رەحیماوای شارەکە دەستیپێکرد.
 
گرتنی رێگەی نێوان هەولێر – کەرکووک لەلایەن بەشێک لە عەرەب و تورکمانەوە بوو، ئەوەش دژی کردنەوەی بارەگای پارتی دیموکراتی کوردستان لە شارەکە، لەکاتێکدا پارتی دیموکراتی کوردستان پارتێکی مۆڵەتپێدراوە لە عێراق، تەنانەت یەکێک لە بڕگەکانی تایبەت بە پێکهێنانی حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی محەممەد شیاع سوودانی پەیوەندی بە رادەستکردنەوەی بارەگای پارتە سیاسییەکانەوە هەیە، لەوانەش بارەگاکانی پارتی لە کەرکووک. 
 
سەرەتای خۆپێشاندانەکە
 
پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لەنێو خۆپێشاندانەکەدا گوتی، سەرەتا "کوردانی کەرکووک وەک ناڕەزایی، ئاگریان لەنێو شەقامێکدا کردەوە و رێگەکەیان داخست. خەڵکێکی زۆر ناڕازین کە رێگەکە داخراوە. کەمێک لەمەوبەریش لیوا کاوە غەریب، فەرماندەی پۆلیسی کەرکووک سەردانی شوێنی گردبوونەوەکەی کرد و گوتی، لە دوو رۆژی داهاتوودا رێگەکە دەکرێتەوە و پێویست بە گردبوونەوە ناکات."
 
 
پەیامنێری رووداو هەروەها گوتی "تەقە بەسەر خۆپێشاندەرانی کورددا دەکرێت؛ چەند ئۆتۆمبێلێکیش سووتاون و جامی چەند ئۆتۆمبێلێک شکێندراوە".
 
خۆپێشاندەران: کەرکووک کوردستانییە 
 
یەکێک لەو هاونیشتمانیانەی لە گردبوونەوەکەدا بوو بە هەردی محەممەد گوت، "ژیان و گوزەرانی ئێمە زۆر ناخۆش بووە؛ دەیان و سەدان مامۆستا و فەرمانبەر ژیانیان لەسەر ئەو رێگەیە؛ رێگەیەکی گرنگی ئەم شارە پەکخراوە. لایەنە سیاسییەکان لەبەر بەرژەوەندی خۆیان هیچ هەڵوێستێکیان نییە. پەرلەمانتار، وەزیر، جێگری سەرۆکوەزیران، جێگری سەرۆک پەرلەمان و حیزبە سیاسییەکانی ئەم شارە کەسیان خۆیان ناکەن بە خاوەنی ئێمە."
 
 
یەکێکی دیکە لە هاونیشتمانیەکان بە پەیامنێری رووداوی گوت، ئەوان ئامانجیان داخستنی رێگەکان نییە، بەڵكو پاراستنی شکۆی کوردە و گوتی، "لەم شارە شکۆی کورد نەماوە. ئەم کوردە هێندە زەلیل و داماوە و کەسیش لەسەری بە دەنگ نایەت. ئێمە هاتووین بۆ ئەوەی مافی کورد وەربگرین."
 
هاونیشتمانیەکی دیکە بە دەنگی بەرز گوتی، "وەکو جەنابی سەرۆک بارزانی گوتوویەتی، کەس ناتوانێت ناسنامەی کەرکووک بگۆڕێت. کەرکووک کوردستانییە؛ کوردستانییە."
 
هاونیشتمانیەکی دیکە لە رێگەی رووداوەوە پەیامێکی ئاراستەی لایەنەکان کرد و گوتی، "وەرنە سەر هێڵ. گەنجی ئەم شارە لە گەڕەکە کوردییەکان سووکایەتی پێ دەکرێت؛ رێگەی کورد دەگیرێت و پەیکەری کورد بەردی تێ دەگیرێت." 
 
بەڵێن درا رێگەکە بکرێتەوە
 
هەر ئەمڕۆ لەکاتی گردبوونەوەی کوردانی کەرکووک، لیوا کاوە غەریب، فەرماندەی پۆلیسی کەرکووک لە نێو گردبوونەوەکەدا گوتی، "لەگەڵ هەموو دەسەڵاتە سیاسییەکان لە گفتوگۆداین. بەگوێرەی ئەو ئاگادارکردنەوەی بە من گەیشتووە، سبەی دوو سبەی کۆتایی بەم دۆخە دێت و رێگەکە دەکرێتەوە و پێویست بە گردبوونەوە ناکات". 
 
لیوا کاوە غەریب گوتی، "کەرکووک هی هەمووانە و هی هیچ لایەن، نەتەوە و دەسەڵاتێک نییە. کەرکووکییەکان دەبێت پێکەوە بژین و پێکەوە بمرن و لەگەڵ هەموو هێزە سیاسییەکان، وەزارەتی ناوخۆ و سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەوە لە گفتوگۆداین."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە