رووداو - هەولێر
تەرمی هاونیشتمانییەک لە رووباری هیزل لە سنووری زاخۆ دۆزرایەوە؛ ئەفسەرێک لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی زاخۆ دەڵێت، تاوەکو ئێستا روون نییە هۆکاری گیانلەدەستدانەکەی چییە.
رۆژی هەینی، 2ـی ئەیلوولی 2022، نەشئەت سەلمان، ئەفسەر بە پلەی رائید لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی زاخۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ نزیکەی کاژێر 14:00 لە رووباری هیزل لە گوندی شیناڤا کە دەکەوێتە نێوان زاخۆ و تورکیا، تەرمێکمان دۆزییەوە کە گەنجێکی 22 ساڵە".
(م. س. ح) ناوی ئەوکەسەیە کە تەرمەکەی دۆزراوەتەوە؛ نەشئەت سەلمان دەڵێت، نازانن هۆکاری مردنی ئەو هاونیشتمانییە چییە و بۆ زانینی هۆکارەکەی تەرمەکەیان رەوانەی دادپزیشکی زاخۆ کردووە.
بەگوێرەی ناسنامەکەی، گەنجەکە کوردە و پۆلیس دەڵێت: "ئەگەر هەیە خەڵکی زاخۆ بێت، بەڵام دڵنیانەبووینەتەوە".
ئەڤیندار عیزەت، بەرپرسی تیمەکانی بەرگریی شارستانیی زاخۆ بە رووداوی گوت، ئەمساڵ 10 کەس لە سنوورەکە لە ئاودا خنکاون کە تەمەنیان لەنێوان 11 بۆ 25 ساڵان بووە.
ئەم هەواڵە لە لایەن یوسف موسا و سۆران حوسێن ئامادەکراوە



