رووداو دیجیتاڵ
پرۆسەی دەرهێنانی کارتی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆتاییهات. پرۆسەکە لە 13 ئایارەوە دەستیپێکردبوویەوە. بەرپرسێکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش دەڵێت سێ ملیۆن دەنگدەر کارتیان نوێکردووەتەوە.
ئەمجارە جگە لە دەرهێنان و نوێکردنەوەی کارتەکان، بایۆمەتری بۆ ئەو دەنگدەرانەش کرایەوە، کە پێشتر پەنجەمۆریان نەیدەخوێندەوە.
گورجیی محەممەد تەمەن 73 ساڵ، ئەم ساڵ دوومجارە پەنجەمۆر دەکات، بەڵام دیسان ئامێرەکانی کۆمسیۆن نەیانخوێندەوە، بۆیە لە دەنگدان بێبەش دەبێت.
بەگوێرەی دوایین ئامارەکانی دەستەی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، تا کۆتایی پرۆسەکە لەکۆی 334 هەزار دەنگدەر کە پەنجەمۆریان نایخوێنێتەوە، تەنیا سەروی 16 هەزار دەنگدەر سەردانی بنکەکانیان کردووە، ئەوەش دەکاتە کەمتر لە 5٪، ئەوانەشی سەردانیان نەکردووە خۆیان بە بەرپرسیار دادەندرێن.
نەبەرد عومەر، سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت: "لە هەرێمی کوردستان سێ ملیۆن و 789 هەزار دەنگدەر هەن، لەو ژمارەیە نزیکەی سێ ملیۆنیان کارتی دەنگیانیان بۆ کراوە، ئەوەش دەکاتە ٪79ی کۆی دەنگدەران، کە دەتوانن دەنگبدەن."
دووبارەکردنەوەی بایۆمەتری بۆ ئەو دەنگدەرانەی پەنجەمۆریان نایخوێنێتەوە، یەکێک بوو لە داواکارییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان کە بەهۆیەوە ئامادەنەبوو بەشداری هەڵبژاردن بکات.
بەگوێرەی ئەو گۆڕانکارییانەی لە کارەکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن روویانداوە، پارتی لە هەڵبژاردندا بەشداردەبێت.
ئاری هەرسین، بەرپرسی لقی 4ی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "هەمیشە ئامادە بووین بۆ هەڵبژاردن، بەڵام تێبینیمان لەسەر ئالییەتەکانی هەبووە. بەو گۆڕانکارییانەی کە ئێستا روویداوە، بەڵێ، ئێمە بەشداری لە هەڵبژاردن دەکەین."
بڕیاربوو لە 10ی حوزەیران هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکرێت، بەڵام بەهۆی بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ وەستانی تۆمارکردنی بەربژێران و پەسندکردنیان، چاوەڕێ دەکرێت هەڵبژاردنەکە بۆ پایزی ئەم ساڵ دوابخرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ