سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی: تاوەکو کۆتایی هەفتە مووچەی شوبات دەنێردرێت

02-03-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی دەڵێت، وردبینی لە لیستی مووچەی مانگی شوبات بەردەوامە، "لەم یەک دوو رۆژە وردبینی لە لیستەکە تەواو دەبێت."
 
رۆژی یەکشەممە، 2ی ئاداری 2025، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تاوەکو ئەمڕۆ لیستی مووچە لە بەغدا کاری لەسەر دەکرێت و وردبینییەکەی تەواو نەبووە."
 
26ـی شوباتی 2025، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا گوتی، لەلایەن شاندێکی تەکنیکیی وەزارەتەکە لیستی مووچەی مانگی شوبات بۆ بەغدا نێردراوە. ئەو سەرچاوەیەی وەزارەتی دارایی دەڵێت، " تەواوبوونی وردبینی لە لیستی مووچە دوو رۆژی دیکە دەخایێنێت."
 
ئەو سەرچاوەیەی وەزارەتی دارایی گوتی، "هیچ کیشەیەک لە لیستی مووچەدا نییە، تەنیا رێکارە کارگێڕییەکان دەکرێت و وەزارەت بە وەزارەت وردبینی لە لیستەکە دەکرێت."
 
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، "کۆتایی ئەم هەفتەیە تەمویلی مووچەی مانگی دوو دەنێردرێت و راستەوخۆ دوای ئەوە دەست بە دابەشکردنی دەکرێت."
 
هەڵکەوت عەزیز، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە بەغدا رایگەیاند، کێشە بۆ ناردنی مووچە دروست نەبووە، بەڵکو لەبەر دوو هۆکار وربینی لە لیستی مووچە تەواو نەبووە، "هەموو ئەگەرەکان بۆ ئەوەن لە کۆتایی ئەم هەفتەیە مووچە خەرج بکرێت."
 
لەبارەی هۆکارەکانەوە هەڵکەوت عەزیز گوتی، "مووچەی خانەنشینی و تەرازووی پێداچوونەوەن، بەڵام کێشەی مووچەی خانەنشینان چارەسەر کراوە و نزیکەی 30 ملیار دینار زیادی کردووە، وەزارەتی دارایی عێراقیش رەزامەندی داوە و هیچ کێشەی نییە."
 
پرسی دووەم پەیوەندی بە بابەتی تەرازووی پێداچوونەوە هەیە. هەڵکەوت عەزیز باسی لەوە کرد، "هێشتا تەواو نەبووە، ئەمانە بوونەتە هۆی ئەوەی ئەمڕۆ بەغدا پارە نەنێرێت، هەردوو وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و عێراق خەریکی چارەسەرکردنی ئەو ئەو تێبینییانەن بۆ ئەوەی سبەی یان دوو سبەی چارەسەر بکرێن و بڕیار لە ناردنی مووچە بدرێت."
 
دابەشكردنی مووچەی مانگی 1ی ئەم ساڵ، 5ی شوبات دەستیپێکرد.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە