کچێکی 15 ساڵ بەهۆی ئیفلیجیی مێشک لە خوێندن دابڕاوە؛ 'دڵم بەخۆم دەسووتێ'

02-03-2025
ئەندام جەبار
ئەڤین تەمەنی دوو ساڵ بووە کاتێک دایک و باوکی هەستیان بەوە کردووە کچەکەیان کێشەیەک لە سەرپێکەوتن و رۆشتنی هەیە. ئێستا تەمەنی 15 ساڵە.
ئەڤین تەمەنی دوو ساڵ بووە کاتێک دایک و باوکی هەستیان بەوە کردووە کچەکەیان کێشەیەک لە سەرپێکەوتن و رۆشتنی هەیە. ئێستا تەمەنی 15 ساڵە.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

کچێکی تەمەن 15 ساڵ لە سۆران ئیفلیجیی مێشکی هەیە و ناتوانێت بە پێی خۆی بڕوات. بەوهۆیەوە لە خوێندنیش دابڕاوە. خێزانەکەی هەرچی لەدەستیان هاتووە، کردوویانە و لە رووی داراییەوە، چیدی توانای چارەسەرکردنی کچەکەیان نەماوە. 
 
ئەڤین تەمەنی دوو ساڵ بووە کاتێک دایک و باوکی هەستیان بەوە کردووە کچەکەیان کێشەیەک لە سەرپێکەوتن و رۆشتنی هەیە. ئێستا تەمەنی 15 ساڵە. 
 
لەگەڵ ئەوەی نەخۆشیەکە بەچۆکیدا هێناوە و دوورترین شوێن کە پێی بگات، بەردەم پەنجەرەی ژوورەکەیەتی، بەڵام هیوای چاکبوونەوەی لەدەستنەداوە. 
 
ئەڤین کەمال دەڵێت: "تەمەنم پازدە ساڵە، نەخۆشم و ناتوانم بەپێ بڕۆم، هەموو هیوای من ئەوەیە کە بکەومەوە سەرپێ. لەوەتەی لەبیرمە بەس لەو ژوورە ژیانم بەڕێکردووە و کە هاوڕێکانم دەبینم دڵم بەخۆم دەسووتێت، داوای ئەوەندە دەکەم کە چارەسەریم بۆ بکەن لە هەر شوێنێک بێت، تەنیا هیوام ئەوەیە کە بەپێ بڕۆم."
 
رۆشتن و هاتن و چوونی بەو جۆرەیە و ناتوانێت سەرپێ بکەوێت. جگە لە نەشتەرگەریەک کە لە کوردستان بۆ جومگەکانی کراوە و سەرکەوتوو نەبووە، کەسوکاری کوێیان شک بردبێت بۆی چوونە. 
 
کەمال جەعفەر، باوکی ئەڤینە و دەڵێت: "ئەوەی لە دەسەڵاتی ئێمە دا بووبێت، بۆمان کردووە؛ لێرە لە کوردستان یان دەرەوەی وڵات و هەموو شوێنێک، ئێستا دەسەڵاتی چارەسەری کچەکەمان نەماوە و هیچمان لەدەست نەماوە."
 
بەگوێرەی راپۆرتی پزیشکی، نەخۆشییەکەی ئەڤین ئیفلیجیی مێشکە بە رێژەی  100٪. 
 
بۆ ئاساییبوونەوەی هەستان و رۆشتنی، چەندین جۆری چارەسەری پێویستن.
 
دکتۆر ئامانج گەردی، پسپۆڕی نەشتەرگەریی ئێسک و شکان دەڵێت: "جارێک نەشتەرگەریی درێژکردنی ژێیەکانی بۆ کراوە، باشترین چارەسەر کە بۆ ئەو کەسە بکرێت درێژکردنی بەستەرەکانە بۆ ئەوەی جومگەکانی راست ببنەوە هەروەها دانانی قاڵب و چارەسەری سرووشتی بۆ بکرێت بۆ ئەوەی ماسوولکەکانی بەهێز ببنەوە و بتوانێت لەسەر قاچەکانی بوەستێت و جووڵە بە قاچەکانی بکات تا بتوانێت نزیک لە کەسێکی ئاسایی بژیت." 
 
دۆخی دارایی خێزانەکە خراپە و توانای چارەسەری کچەکەیان نەماوە، بۆ سەرپێکەوتنەوەی کچەکەیان چاویان لەدەستی خێراخوازانە. 
 
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە