رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دژەتیرۆر دەڵێت، هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ لە ناوچەی بەشیرەوە کراوە و گرووپە میلیشیاکان کردوویانە.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی دژەتیرۆر، هێرشەکە کاژێر 19:05ـی ئێوارەی ئەمڕۆ بووە و لەلایەن "گرووپە میلیشیا و یاساشکێنەکانەوە جێبەجێ کراوە".
دژەتیرۆر دەڵێت، هێرشەکە "هیچ زیانێکی گیانی و ماددی بەدواوە نەبووە و کێڵگەکە و کۆمپانیای دانەغاز بە تەواوی پارێزراون".
نزیکەی دوو کاژێر لەدوای هێرشەکە، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان رایگەیاند، "هیچ زیان بە کێڵگەکە و کۆمپانیای دانە گاز نەگەیشتووە".
وەزارەتەکە باسی لەوە کرد، "بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەی گازی کۆرمۆر ئاساییە و پەستانی غاز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا تاوەکو ئێستا ئاساییە و هەڵسەنگاندن بۆ زیانە مادییەکانی هێرشەکە دەكرێت".
دژەتیرۆری کوردستان لە راگەیێندراوەکەی دا، "دڵنیایی دەدەنە هاووڵاتییان کە بە وردی بەدواداچوون بۆ ئەم پێشێلکارییە دەکات و هەر زانیارییەکی نوێ لەم بارەیەوە رادەگەیێندرێت".
کێڵگەی کۆرمۆر دەکەوێتە شارۆچکەی قادر کەرەم لە قەزای چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانی، کۆمپانیای دانەگاز و نەوتی هیلالی ئیماراتی وەبەرهێنانی تێدا دەکەن. کێڵگەکە یەکێکە لە ناوچە دەوڵەمەندەکان بە سامانە سرووشتییەکان، بەتایبەت گاز.
دوای تێپەڕبوونی 15 مانگ بەسەر پڕۆژەکە و لە تشرینی یەکەمی 2008، بەرهەمهێنانی گاز لە کۆرمۆر دەستیپێکرد لە وێستگەیەک کە تازە دروستکرابوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ