قایمقامی قەڵادزێ: خەریکە دەربەندی رانیە ئاوی تێدا نامێنێت

02-02-2025
ژیڤان بەکر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی دابەزینی ئاستی ئاوی زێی بچووک و کەمی باران بارین، ئاستی ئاوی دەربەندی رانیە زۆر دابەزیوە. قایمقامی قەڵادزێش دەڵێت، "ئاوها بڕوا، دەربەندی رانیە وشک دەبێت."
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 02-02-2025، بەکر بایز، قایمقامی قەڵادزێ بە رووداوی گوت، "دەربەندی رانیە بەشێکە لە دەریاچەی دووکان، ئەو ئاوە کەمەی ئێستا پێیدا تێپەڕدەبێت، ئاوی دەریاچەی دووکانە. ئاوی دەریاچەکەیش خۆی بەهۆی کەمیی بارانبارینەوە کەمی کردووە."
 
بە گوتەی قایمقامی قەڵادزێ، لە ناوچەکە ساڵانە نزیکەی هەزار ملم باران دەبارێت؛ بەڵام ئەم ساڵ تاوەکو ئێستا نەگەیشتووەتە 200 ملم. هۆکاری کەمی ئاوی دەربەند جگە لە کەمیی بارانبارین، بەنداوی کۆڵەسەیە لە سەردەشت کە لە ساڵی 2017ەوە ئاوی تێدا گل دەدرێتەوە.
 
ئەمە لە کاتێکدایە، ئەو رووبار و جۆگەلە بچووکانەی لە دەوروبەری دەربەندەوە دەڕژانە نێوی، ئەوانیش زۆربەیان وشک بوون.
 
بەکر بایز، قایمقامی قەڵادزێ لەبارەی زیانەکانی وشکبوونی دەربەندی رانیە گوتی: "وشکبوونی ئاوەکە لە سێ ئاستدا زیانی هەیە. یەکەم پڕۆژەی ئاوی قەڵادزێ کە ژمارەی دانیشتووانی قەزاکە نزیکەی 85 هەزار کەسە؛ ئەو زێیە دابینی دەکات." 
 
دەشڵێت، "دووەم زیانی لەسەر ئاستی کشتوکاڵییە کە زیاتر لە سێ هەزار دۆنم زەوی پشت بەو ئاوە دەبەستن. ئەمەیش وا دەکات خەڵک بیر لێبدات. لەسەر ئاستی ژینگەییش زیان بە زیندەوەری ئاوی و وشکانی دەگەیێنێت."
 
حکومەتی عێراق لە ساڵی 2010ـەوە بڕیاری دروستکردنی بەنداوی دەڵگەی لە گوندی گەڵاڵەی سنووری قەزای پشدەر داوە. بە دروستکردنی ئەو بەنداوە، ئاوی گلدراو لە سنوورەکە زیاد دەکات، بەڵام تاوەکو ئێستا پرۆژەکە جێبەجێ نەکراوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سەڵاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان

سەڵاحەدین بەهائەدین: رێککەوتنی دەوڵەتی سووریا و هەسەدە، رێگە راستەکەیە

ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لەبارەی واژۆکردنی رێککەوتن لەنێوان دەوڵەتی سووریا و هەسەدە دەڵێ، ئەمە "رێگە راستەکەیە، بە هیوای بەردەوامی و زاڵکردنی زمانی گفتوگۆ و ئاشتی."