رووداو دیجیتاڵ
لیدا حەمرین قوتابییەکی قوتابخانەی نێودەوڵەتیی ئیشقی سۆرانە، لەگەڵ ژمارەیەک لە قوتابی کورد لە هەرێمی کورستان و عێراق، بەشداری لە ئۆڵمپیادی IJSO ی لە وڵاتی رۆمانیا کردووە، لیدا لەگەڵ هاوڕێیەکانی توانیویەتی خەڵاتێک بەدەست بهێنن و دەڵێت "ئاڵای کوردستان و جلوبەرگی کوردیم بردە نێو پەرلەمانی رۆمانیا."
قوتابیان لە 54 وڵاتی جیهانەوە بەشداریی ئۆڵمپیادی IJSOیان کرد.
لیدا حەمرین لە میانەی بەشداری لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو گوتی، "بە هاوکاریی دایک و باوک و مامۆستایانم، بۆ ماوەی چەند مانگ راهێنانمان کرد و لەگەڵ هاوکارانمان توانیمان میدالیایەکی برۆنزی بۆ عێراق بەدەستبهێنین، چونکە خۆم زۆر حەزم لە بەشداری و پێشخستنی توانا زانستییەکانم هەیە، بۆیە بەشداریم کرد".
ئۆڵمپیادی IJSO ئۆڵمپیادێکی جیهانییە بۆ تاقیکردنەوەی توانای زانستی لاوان، تاقیکردنەوەیەکی زانستی نێودەوڵەتییە لە هەرسێ زانستی فیزیا، کیمیا و بایۆلۆژی، ئەم ساڵ لە وڵاتی رۆمانیا بەڕێوەچوو، تێیدا قوتابییان لە 54 وڵات بەشداربوون، لە هەرێمی کوردستان و عێراق 6 قوتابی بەشداربوون.
لیدا حەمرین ئاماژە بە هاوڕێ بەشدارەکانی دەکات، کە دووانیان لە کەرکووک، یەکێکیان لە سلێمانی و یەکێکیان لە دهۆکەوە بوونە. دەڵێت، لە ئۆڵمپیادەکەدا نەک تەنیا باسی بابەتی زانستییان کردووە، بەڵکو لە کاتی کۆبوونەوەی شەوانەیان لەگەڵ قوتابییانی وڵاتانی دیکە، کە هی 54 وڵات بوون، باسیان لە کولتووری کوردی کردووە.
ئەو کچە خوێندکارە کە بە ئاڵای کوردستانەوە لەگەڵ هاوڕێیەکانی بەشداری ئەو چالاکییە نێودەوڵەتییەی کردووە، وەکو نەوجەوانێکی کورد هەستێکی نەتەوەیی هەبووە کە لەگەڵ بەشداربووانی دیکەدا زانیاری لەبارەی کوردستانەوە ئاڵوگۆڕ بکات و دەڵێت، "من لەنێو پەرلەمانی رۆمانیا توانیم ئاڵا و جلوبەرگی کوردی پێشان بە وڵاتانی دیکە بدەم و توانیم پێیان بڵێم کە ئێمە نەتەوەیەکی سەربەرزین و خاوەن ئاڵا و هەرێم و حکومەتی خۆمانین".
هەروەها لیدا گوتی، بەشداربووانی وڵاتانی دیکە زۆر پرسیاریان سەبارەت بە کوردستان دەکرد، چونکە هەندێکیان زانیارییان لەبارەی کوردستان نەبوو، "بۆیە لەبارەی زمان، کولتوور و جلوبەرگی کوردی، مێژوو و خواردنی کوردی پرسیاریان کرد، منیش وەڵامی پرسیارەکانی ئەوانم دایەوە."
لیدا حەمرین داوای لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد کە هاوکاریی زیاتری گەنجان بکرێت و گوتی، "بەڕای من پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر گرنگی بەم تاقیکردنەوە نێودەوڵەتییانە بدات، تاوەکو ئاستی زانستیی قوتابیان بەرزتربکرێتەوە، هەروەها هەرێمی کوردستان بە وڵاتانی دیکە بناسێنن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ