سوپای عێراق دەیەوێت بە زەبری هێز 172 خێزانی کورد لە گەڕەکێکی کەرکووک ئاوارە بکات

02-01-2024
هەردی محەممەد عەلی
هەردی محەممەد عەلی
ڤیدیۆی هەڵکوتانە سەر ماڵەکانی گەڕەکی نەورۆز لە کەرکووک
ڤیدیۆی هەڵکوتانە سەر ماڵەکانی گەڕەکی نەورۆز لە کەرکووک
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ سێشەممە هێزێکی زۆری فیرقەی 11ـی سوپای عێراق چوونە سەر ماڵی هاونیشتمانییان لە گەڕەکی نەورۆز لەنێو شاری کەرکووک. هێزەکان لە بەیانیی زووەوە هەڵیان کوتایە سەر گەڕەکەکە و دەرگە بە دەرگەی تەواوی ماڵەکانیان کوتا، ئاگاداریان کردنەوە کە دەبێ خانووەکان چۆڵ بکرێن. 
 
ماڵی عەزیز سەلیم یەکێک بوو لەو ماڵانەی سوپا ژمارەیان لە خانووەکەی داوە و ناویان نووسیوە تاوەکو چۆڵی بکات. بیانووی سوپا ئەوەیە کە ئەو گەڕەکە موڵکدارییەکەی بۆ وەزارەیئ بەرگری دەگەڕێتەوە، بەڵام دانیشتووانەکەی دەڵێن، بابەتەکە شتێکی دیکەیە. 
 
لەدوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەرەوە، سوپا گوشار لە دانیشتووانی ئەو گەڕەکە دەکات ماڵەکانیان چۆڵ بکەن، بەڵام وەکو ئەم جارە نەبووە. دانیشتووانی گەڕەکەکە کوردن. عەزیز بە رووداوی گوت، "بە هێزێکی زۆرەوە هاتوونەتە سەر ئەم ماڵانە کە لەم گەڕەکە دانیشتوون، ناومانیان نووسیوە و ژمارەیان لەسەر خانووەکانمان نووسیوە، دیارە دەیانەوێ دەرمان بکەن، نازانین چیان دەوێت، خۆ زەوی ئەم خانووانە هیی وەزارەتی داراییە."
 
122 خانوو لە گەڕەکی نەورۆزن، 172 خێزان تێیدا نیشتەجێن و سەرجەمیان کوردن. ئەو خێزانانە نیگەرانن لە دۆخەکە و دەڵێن، بە سەربازگەکردنی گەڕەکەکەیان مەترسیدارە، چونکە بەر لەو هەنگاوەیان، لە رێگەی یاساوە نەیانتوانی بوو خەڵکەکە دەربکەن. 
 
عەبدولسەبوور عومەر، دانیشتوویەکی دیکەی گەڕەکەکەیە، گوتی، "ناویان نووسیوە و ژمارەیان لە خانووەکان داوە گوایە ئەمە خانووی حکومەتە.. بە هێز و سەربازەوە هاتوونەتە سەرمان.. من خەریکی ژن گواستنەوەم لە ماڵەوە، هاتوونەتە سەر ماڵەکەم، ژنەکان ناوێرن بێنە دەرەوە."
 
سوپای عێراق کە چوونەتە گەڕەکەکە، هەر خانوویەک کە خاوەنەکەی لە ماڵ نەبووبێت، یان بە هەر هۆکارێک چۆڵ بووبێت، دەستیان بەسەردا گرتووە. دانیشتووانی ئەم گەڕەکە پێشتر مامەڵەی تاپۆیان پێشکەش بە شارەوانی کردووە. هاوکات هاوشێوەی خانووەکانی ئەوان لە پارێزگای سەڵاحەدین تاپۆکراون. 
 
بەڕێوەبەری شارەوانیی کەرکووکیش بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بڕیاری 320ـی ساڵی 2022ـی ئەنجومەنی وەزیران لەسەر ئەو خانووانە جێبەجێدەکرێ و مامەڵەی تاپۆیان بۆ کردوون، چاوەڕوانی هەنگاوەکانی دواتری دەکەن."

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 گردبوونەوەی ناڕەزایی راهێنراوانی کۆمپانیای نەوتی باکوور لە کەرکووک.

راهێنراوانی کۆمپانیای نەوتی باکوور لە کەرکووک خۆپێشاندانیان کرد

راهێنراوانی کۆمپانیای نەوتی باکوور لە کەرکووک خۆپیشاندانیان کرد، دەڵێن شەش مانگ مەشق و راهێنانیان پێکردوون و بەڵێنی دامەزراندنیان پێدراوە، بەڵام چوار ساڵە کەسیان دانەمەزراون.