رووداو دیجیتاڵ
لە ئەمڕۆوە هەر هاونیشتمانییەک بیەوێت کارتی زانیاری لە شارەکانی هەرێمی کوردستان دەربهێنێت، دەبێت ڤیزە یان ماستەر کاردی پێبێت و ئیدی پارەی دەستی وەرناگیرێت.
موقەدەم پەروین مەجید، بەڕێوەبەری نووسینگەی کارتی زانیاریی کەلار ئەمڕۆ (یەکشەممە) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە ئەمڕۆوە بڕیارەکە لە تەواوی هەرێمی کوردستان چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە کە دەرهێنانی کارتی زانیاری، ڤیزە کارت یان ماستەر کاردی دەوێت."
هەر کەسێک بیەوێت کارتی زانیاری دەربهێنێت، دەبێت بە ڤیزەکارت یان ماستەرکارد تێچووەکەی بدات کە 2 هەزار و 500 دینارە. ئەو کەسانەشی کارتەکە لە شارێک بۆ شارێکی دیکە دەگوازنەوە، دەبێت پێنج هەزار دینار رسوومات بدەن.
هەروەها بەڕێوەبەرایەتیی نووسینگەکانی زانیاری لە سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "داوا لە ھاووڵاتییانی خۆشەویست دەکەین لە ئەمڕۆوە لە کاتی سەردان بۆ بەڕێوەبەرایەتیمان بۆ ئەوەی کارەکانیان بۆ رایی بکرێت و ببنە خاوەنی کارتی زانیاری، پێویستە ھەڵگری یەکێک لەکارتەکانی (Visa card یان Master card ) بن".
هەمان سیستم پێشتر بۆ دەرهێنان و نوێکردنەوەی پاسپۆرت کارا کرا کە 91 هەزار دیناری دەوێت. هەر کەسیش کارتەکەی نەبێت لەبەردەم فەرمانگەکان ڤیزەکارتی کاتی پێدەدرێت کە 91 هەزار دیناری تێدایە بە 117 هەزار دینار.
کارتی زانیاریی بەڵگەنامەیەکە لە هەموو شارەکاندا دەدرێتە سەرۆک خێزان و، هەبوونی بۆ زۆرینەی مامەڵەی فەرمییەکان کراوەتە مەرج.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ