نەوتی زۆرە و ئاوی کەمە؛ دانیشتووانی گوندێکی ئاکرێ بەدەست بێئاوییەوە دەناڵێنن

01-11-2024
نایف رەمەزان
نایف رەمەزان
دانیشتووانی گوندی دازین بەدەست بێئاوییەوە دەناڵێنن.
دانیشتووانی گوندی دازین بەدەست بێئاوییەوە دەناڵێنن.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

دانیشتووانی گوندێکی ئاکرێ بەدەست بێئاوییەوە دەناڵێنن. سێ کیلۆمەتر بەنێو رێگەی پڕ ئاستەنگی دا دەبڕن بۆ ئەوەی ئاوی خواردنەوەیان دەستبکەوێ. بەرپرسانی ئاکرێش دەڵێن گوندەکەیان بە نەوت دەوڵەمەندە و ئاوی کەمە، بۆیە ناتوانن بیری ئیرتیوازییان بۆ لێبدەن. 
 
ئەوەی لە سەرەتای ڤیدیۆیەکە دا دەردەکەوێت، دانیشتووانی گوندی دازینی قەزای ئاکرێن. تانکییەکانیان لە پیکئاپەکانیان بارکردوون و دەچن ئاوی خواردنەوە بۆ ماڵەوە بێننەوە. رێگەکی دوور دەبڕن تاوەکو دەگەنە لای بیرێکی ئاوخواردنەوە. رێگەکە ئەوەندە خراپە، ئۆتۆمبێلی پیکئاپ نەبێت، ناگەنە شوێنەکە. هەندێ جار ئەوانیش تووشی ئاستەنگی دەبن. 
 
بیرەکە سەرچاوەی ئاوی گوندەکە و مەڕ و ماڵاتیانە. فەرهاد مستەفا لەسەر ئەرکی خۆی بیرەکەی لێداوە و دەڵێت: "هەستام ئەو بیرەم لێدا. شەش حەوت ملیۆن دینارم لێ خەرج کرد. ئەوەش لەپێناو گوندەکەم بۆ ئەوەی بێئاو نەبێت. لەڕاستیدا، ئەمە زەویی ئێمە نییە. زەویی [گوندی] کەندەگولیە. بە خێری خۆیان رێگەمان دەدەن ئاوی لێ رابکێشین. دەتوانن ئێستا دەرمانبکەن و پێمان بڵێن ئاو نەبەن. ئێمە نۆرە لەسەر بیرەکە دەگرین تاوەکو بەرمان دەکەوێت."  
 
دوای پڕکردنی تانکییەکانیان، بەرەو ماڵەوە بەڕێدەکەون. بەڕێگایەکدا، کە ئەم جارە قورستر دەبێت، چونکە بارەکەشیان قورستر بووە. 
 
رۆژانە هەریەکەیان دوو تا سێ جار بەمجۆرە ئاو بۆ ماڵەکانیان دابیندەکەن. ئەمە بارودۆخی رۆژانەی دانیشتووانی گوندی دازینە سەر بە ناحیەی بجیل لە قەزای ئاکرێ. 
 
مام شێخ مستەفا، موختاری گوندی دازینە، دوای ئاستەنگییەکی زۆر گەیشتە ماڵەوە. ئەو ئاوەی لە بیرەکەوە هێناویەتی، دەیخاتە نێو تانکییەکی گەورەوە و دەیگوازێتەوە سەربان. خێزانێکی 14 کەسین. دەڵێت: "ئاو خاڵیکردنمان پێ قورسترە. ئاوەکە لەم تانکییە (بە دەست ئاماژەی بۆ دەکات) دەکەین و لەو تانکییەشەوە دەیگوازینەوە سەربان. رۆژی وا هەیە چوار جار ئاو دەهێنین. خەڵکی گوند هەمووی بە پیکئاپ ئاو دەهێنین." 
 
27 ماڵ لە گوندی دازین نیشتەجێن. چەندین ساڵە بیری ئاویان وشکیکردووە. زۆربەیان ئاژەڵدارن. خاوەن زیاتر لە هەزار سەر ئاژەڵن. هاوینان زۆربەیان ناچار دەبن روو لە ناوچەکانی دیکە بکەن. مام حەیدەر عەرەب دوای ئەوەی گەڕایەوە لادێ، بە پارە ئاو بۆ مەڕ و ماڵاتی دەکڕێت. دەڵێت: "ئێمە تانکیی ئاو لە بجیلەوە بە 50 هەزار بۆمان دەهێنێت. دەیخۆینەوە و بە ئاژەڵەکانیشمانی دەدەین. بارودۆخمان ئەوهایە. ئەم گوندە هەمووی بەهۆی بێئاوییەوە دەچێتە کوێستان، دەچێتە گوندەکانی کوێستان. ئەم ساڵ چووبووینە نێو شاری ئاکرێ، خانوومان بە 300 هەزار دینار بە کرێ گرتبوو." 
 
بە گوتەی بڕوا فارووق، بەڕێوەبەری ناحیەی بجیل، لەبەرئەوەی ناوچەکە دەوڵەمەندە بە نەوت، ئاوی ژێرزەویی کەمە. لەبەرئەوە، بۆ چارەسەرکردنی ئاوی گوندی دازین "داوامان لە وەزارەتی شارەوانی کردووە لە پڕۆژەی ئاوی ئاکرێ، ئاو بۆ گوندەکە دابینبکرێت. بەهۆی کەمیی ئاوی ژێرزەوی، ناتوانین بیری ئیرتیوازییان بۆ لێبدەین." 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە