پەیوەندیی نێوان کۆمپانیای کۆڕەک تێلێکۆم لەگەڵ ئەسیر و ئاسیاسێڵ دەپچڕێت

01-11-2023
هێمن بابان رەحیم
نیشانەکردن کۆڕەک تێلێکۆم ئاسیا سێڵ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کۆمیسیۆنی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق بە فەرمی داوای لە هەریەک لە کۆمپانیاکانی ئەسیر بۆ پەیوەندییەکان و کۆمپانیای ئاسیاسێڵ دەکات پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی نێوخۆیی تۆڕەکانیان لەگەڵ کۆمپانیای کۆڕەک تێلێکۆم بپچڕێنن، هەردوو کۆمپانیاکەش پابەند بوون بە داواکارییەکە و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ کۆڕەک پچڕاند.
 
بەپێی نووسراوێکی کۆمیسیۆنی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق، کە ئەمڕۆ (چوارشەممە، 1-11-2023) بە ژمارە 2/ر/1/160675، بەناونیشانی "پچڕانی پەیوەندیی نێوخۆیی"، ئاراستەی هەریەک لە کۆمپانیاکانی ئەسیر بۆ پەیوەندییەکان و ئاسیاسێڵ کردووە، داوایان لێدەکات بەپێی فەرمانی ژمارە 65ـی ساڵی 2004ـی بەرکار و گرێبەستەکانی واژۆکراو لەگەڵ کۆمپانیاکانی مۆبایل، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تۆڕی پەیوەندییەکانی نێوخۆیی کۆمپانیای کۆڕەک تێلێکۆم بپچڕێنن.
 
کۆمیسیۆن لە هۆکاری بڕیارەکەی گەڕاندووەتەوە بۆ "کۆتاییهاتنی ئەو مۆڵەتەی بە کۆمپانیای کۆڕەک تێلێکۆم دراوە لە رۆژی 30-8-2022ـەوە، بەهۆی ئەوەی ئەو کۆمپانیایە وەڵامدانەوەی بۆ بڕیارەکانی دادگە کە لە ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و ئەو ئاگادارکردنەوە و هۆشدارییانە نەبووە، کە لە کۆمیسیۆنەکەمانەوە دەرچووە، هەروەها جیددی نەبووە لە دانەوەی ئەو بڕە پارەی زۆرەی کەوتووەتە ئەستۆی."
 
کۆمیسیۆنەکە بەپێی بڕگەی یاسایی داوای کردووە، تاوەکو ئەو کاتەی کۆمپانیای نوێنەری کۆڕەک تێلێکۆم سەردانی کۆمیسیۆنەکەیان دەکاتەوە و ئەو بڕە پارەیەی دەکەوێتە ئەستۆی دەیداتەوە، پەیوەندییە نێوخۆییەکانی لەگەڵدا بپچڕێنن.
 
رۆژی یەکشەممە، 22-10-2023، دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق راگەیێندراوێکی لەبارەی کۆمپانیای کۆڕەک تێلێکۆمەوە بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووە "بە پشتبەستن بە بڕیارەکانی دادگە، کە لە دادگە تایبەتمەندەکان دەرچووە، لەگەڵ بڕیارەکانی ئەنجوومەنی کۆمیسیۆن و ئەو بڕە پارانەی لەسەر کۆمپانیاکە هەیە و تائێستا نەدراوە، سەرباری هەموو گوتوێژ و دانوستاندنەکان لەگەڵ کۆمپانیاکە چوار خاڵ دەخەینەڕوو کە ئەمانەن: 
 
- دەستەکە فەرمانیکرد بە راگرتنی کڕین و مامەڵەکردنی سیمکارتی نوێی تایبەت بە کۆمپانیای کۆڕەک تێلێکۆم.
- داوا لە هاووڵاتیان دەکەین هیچ سیمکارتێکی نوێی کۆمپانیای کۆڕەک نەکڕن.
- دەستەکە جەختدەکاتەوە پێویستە بریکار و نووسینگەکانی فرۆشتن، هیچ سیمکارتێکی نوێی کۆمپانیاکە نەفرۆشن و مامەڵەی پێوەنەکەن، چونکە رووبەڕووی رێکاری یاسایی دەبنەوە.
 
- دەستەکە بەنیازە لەماوەی 10 رۆژدا پەیوەندییەکان لەنێوان کۆمپانیاکە و کۆمپانیاکانی دیکەی مۆبایل لە وڵات ببڕێت، لە رۆژی دەرچوونی ئەم راگەیێندراوەوە تاوەکو ئەو کاتەی کۆمپانیاکە پابەندبوونە داراییەکانی بەجێدەگەیەنێت.
 
لای خۆیەوە، کۆڕەک تێلێکۆم رۆژی دووشەممە، 23ـی تشرینی یەکەمی 2023، لە راگەیێندراوێکدا گوتی، سەرەڕای "ئەو نادادپەروەرییەی کۆمپانیاکەمان رووبەڕووی بووەتەوە و بەرامبەری کراوە و بەردەوامیشە، هەروەها ئەو هەنگاوە نایاسایییانەی کە لەلایەن کۆمیسیۆنی پەیوەندییەکان و میدیاوە بەرامبەرمان گیراوەتەبەر بە نەخستنەڕووی راستیی تەواو و پێدانی زانیاریی ناتەواو بە دەسەڵاتی دادوەری." 
 
کۆمپانیای کۆڕەک تێلێکۆم دەشڵێت ئەوان بەردەوامن لە "پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانمان بۆ هاووڵاتییان، کۆمپانیاکەمان پەنای بۆ دەسەڵاتی دادوەری بردووە و سکاڵای یاسایی تۆمارکردووە بۆ داواکردنی مافەکانی، کۆمیسیۆنی راگەیاندن و گەیاندن ئاگاداری ئەوەیە و بەڵگەی ئەمەش ئامادەبوونی نوێنەرانی خۆیەتی لە هەموو دانیشتنەکانی داواکەدا، هەروەها فەرمانی دەوڵەت لەلایەن دەسەڵاتی دادوەرییەوە دەرچووە کە کۆمیسیۆن پابەند بێت بەوەی هێرش نەکاتە سەر کۆمپانیاکەمان تاوەکو ئەم داوایە یاساییانە یەکلایی نەکرێنەوە، بەڵام کۆمیسیۆن دانیان پێدانەناوە و پابەندنەبوونە بە ناوەڕۆکی ئەو فەرمانانەی لەلایەن دەسەڵاتی دادوەرییەوە دەرکراون."
 
لە یەکێک لەو خاڵانەی وەڵامی کۆمیسیۆنی راگەیاندن و گەیاندنی پێدایەوە، ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە "بۆ ئەوەی کۆمپانیاکەمان بەشێوەیەکی دادپەروەرانە کۆتایی بە هەموو کارەکان بهێنێت، داوا لە جەنابی سەرۆکی حکومەتی عێراق و بەڕێز سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەکەین لیژنەیەکی بێلایەن پێکبهێنن بۆ بەدواداچوون بۆ راستییەکان، بە پشتبەستن بە بەڵگەنامەکانی سەلماندنی مافەکانی کۆمپانیاکەمان و ئەو تۆمەتانەی کۆمیسیۆن بەمەبەستی گەیشتن بە راستییەکان وەک خۆی، نەک وەک ئەوەی خاوەن بەرژەوەندییەکان دەیانەوێت."
 
کورەك تێلێکۆم (Korek Telecom Company For Communication Ltd) یەکێکە لە كۆمپانياکانى خزمەتگوزاریی مۆبايل لەسەر ئاستى عێراق، کۆڕەک وەکو خۆی ئاماژەی بۆ کردووە، لە ساڵی 2000ـەوە بەشێوەیەکی بەرچاو لە باکووری عێراقدا دەستی بە پێشکێشکردنی خزمەتگوزارییەکانی کرد، کە پێشەنگترین کۆمپانیای گەیاندن بوو، لە 17ـی  ئابی2007 کوڕەك یەکێك بوو لەو سێ کۆمپانیایەی مۆڵەتی کارکردنی لە سەرانسەری عێراق پێدرا بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی مۆبایل و، ئێستا خزمەتگوزارییەکانی پێشکەش بە زیاتر لە 45 ملیۆن کەس لە سەرانسەری وڵات دەکات.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان

هێزەکانی کۆماندۆ: پێشمەرگەیەکی خۆمان بە تۆمەتی کوشتنی مێرمنداڵەکەی راپەڕین دەستگیر کرد

فەرماندەیی هێزەكانی كۆماندۆی كوردستان رایگەیاند، بە تۆمەتی کوشتنی مێرمنداڵەکەی شەوی رابردووی گەڕەکی راپەڕینی شاری سلێمانی، تۆمەتبار فەیزوڵڵا فەتحوڵڵا محێدین، پێشمەرگە لە هێزەکانی کۆماندۆیان دەستگیر کردووە