پەروەردەی کوردی لە شنگال: ئەمساڵ 15 هەزار قوتابیمان بە کوردی دەخوێنن

01-10-2023
سۆران حوسێن
نیشانەکردن شنگا؛ خوێندنی کوردی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

زیاتر لە هەزار و 600 مامۆستا وانەی کوردی بە کوردانی ئێزدی دەڵێنەوە؛ بەشێکیان لەنێو شنگال و بەشێکیشیان لەنێو کەمپی ئاوارە ئێزدییەکان لە دهۆک. 
 
بەڕێوەبەری پەروەردەی شنگال کە سەرپەرشتیی خوێندنی کوردی دەکات، دەڵێت حکومەتی عێراق بە پێدانی قەڵەمێکیش هاوکاری نەکردوون؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ئەمساڵ 15 هەزار قوتابی کوردی ئێزدی بە زمانی کوردی دەخوێنن.
 
رۆژی یەکشەممە 1ـی ئۆکتۆبەری 2023، مەیسەر حەجی، بەڕێوەبەری پەروەردەی شنگال کە سەرپەرشتیی خوێندنی کوردی دەکات بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ خوێندن لە عێراق دەستیپێکرد، بەڵام ئێمە وەکو خوێندنی کوردی لەگەڵ هەرێمی کوردستانین و، لە 13ـی ئەیلوول خوێندنمان دەستپێکردووە."
 
هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق، ئەمڕۆ خوێندنی عەرەبی لە شنگالیش دەستیپێکرد. مەیسەر حەجی گوتی، "ئەمساڵ حکومەتی عێراق هیچ هاوکارییەکی نەکردووین، تەنانەت یەک قەڵەمیان بۆ دابین نەکردووین، ئەویش بە پاساوی ئەوەی ئێمە خوێندنی کوردیین و سەر بە هەرێمی کوردستانین؛ ئەوەی دەیکەن بۆ خوێندنی عەرەبی دەکەن."
 
هەزار و 620 مامۆستا وانەی کوردی بە قوتابییانی کوردانی ئێزدی دەڵێنەوە؛ لەو ژمارەیە 620 مامۆستایان لەنێو شنگال و لە 62 قوتابخانەدا وانەکان دەڵێنەوە؛ هەزار مامۆستاش لە کەمپی ئاوارەکانی کوردانی ئێزدی لە 40 قوتابخانەدا وانە بە قوتابیان دەڵێن.
 
بەڕێوەبەری پەروەردەی کوردیی شنگال گوتی، "ئەمساڵ 15 هەزار قوتابیمان هەن کە وانەی کوردی دەخوێنن؛ سەرجەم پێداویستییەکان، پەرتووک و مووچەی مامۆستایانیش لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دابین دەکرێت."
 
لە شنگال قوتابییان بە سێ جۆر وانە دەخوێنن و پڕۆسەی پەروەردە لەلایەن سێ لایەنەوە سەرپەرشتی دەکرێت؛ پەروەردەی شنگال - کوردی سەر بە پارێزگای دهۆکە لە هەرێمی کوردستان، پەروەردەی عەرەبیی شنگال هەیە و بە زمانی عەرەبی دەخوێنن و سەر بە حکومەتی عێراقە؛ هەروەها چەند قوتابخانەیەکی "کەم" لەلایەن خۆسەریی شنگالەوە سەرپەرشتی دەکرێن و بە کوردی بە پیتی لاتینی وانەکانیان دەخوێنن.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 1ـی ئۆکتۆبەری 2023، وەکو پارێزگاکانی دیکەی عێراق، خوێندنی کوردی لە کەرکووک و خانەقین دەستیپێکرد. کە لەو دوو شارە و دەوروبەریشیان پێداویستییەکانی خوێندن و مووچەی مامۆستایانی خوێندنی کوردی لە ئەستۆی هەرێمی کوردستانە.

 

 

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پیسبوونی ژینگەی هەولێر.

زیاتر لە 190 پاڵاوگەی نایاسایی ژینگەی هەرێمی کوردستان پیس دەکەن

مادە پیسکەرەکانی زەوی، ئاسمانی شارەکانی هەرێمی کوردستانیان دادەپۆشیوە. بەتایبەت لە هەولێر. تاوەکو ئێستا وێستگەی پێویست بۆ پێوانەکردنی رێژەی پیسیی هەوا لە هەرێمی کوردستان دانەنراوە، بۆیە رێژەکەی نازاندرێت.