نێوەڕاستی ئەم مانگە ژمارەدانان و گەمارۆسازی لە هەرێمی کوردستان بۆ سەرژمێری دەکرێت

01-09-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی پلاندنان دەڵێت، قۆناخی ژمارەدانان و گەمارۆسازی کە قۆناخێکی سەرەکیی پڕۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانە، لە نێوەڕاستی ئەم مانگە لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات. ئاماژە بەوەش دەکات، "ئەمڕۆ راهێنان بۆ زیاتر لە 8 هەزار بەڕێوەبەر و جێگرانیان بۆ بەڕێوەبردنی قۆناخەکە دەستپێدەکات."
 
کارزان رەزا، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی پلاندانان و سەرۆکی لیژنەی راگەیاندنی سەرژمێری، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ لە بەشێک لە پارێزگاکانی عێراق قۆناخی ژمارەدانان و گەمارۆسازی بۆ خانوو و باڵەخانەکان دەستپێکرد، بەڵام لە هەرێمی کوردستان دەستپێکردنی قۆناخەکە دەکەوێتە نێوەڕاستی ئەم مانگە."
 
بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی پلاندانان و سەرۆکی لیژنەی راگەیاندنی سەرژمێری باسی لە هۆکاری دواخستنی پڕۆسەکە لە هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، "ئەمڕۆ قۆناخی راهێنان بە بەڕێوەبەران و جێگرانیان دەستپێدەکات کە 10 رۆژ دەخایەنێت. ئەوان ئەرکی ژمارەدانان و گەمارۆسازییان دەکەوێتە ئەستۆ."
 
بە گوتەی کارزان رەزا، "ئەمڕۆ یەکشەممە راهێنانەکە لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە دەستپێدەکات. لە پارێزگای هەولێر 65 هۆڵ بۆ راهێنانپێکردنی 3100 بەڕێوەبەر و جێگرانیان، لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە 3681 بەڕێوەبەر و جێگرانیان لە 75 هۆڵ، لە پارێزگای دهۆکیش 44 هۆڵ بۆ راهێنانپێکردنی 1420 کەس ئامادەکراون."
 
وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە دەستپێکردنی قۆناخی ژمارەدانان و گەمارۆسازی کە قۆناخێکی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانە دەستپێکرد.
 
ژمارەدانان واتە دانانی ژمارە لەسەر باڵەخانە و خانوو؛ گەمارۆسازی بریتییە لە کۆکردنەوەی داتا لەبارەی ژمارەی خێزان و ئەندامانیان و ئەوانەی لە دامەزراوەکان کاردەکەن بەپێی رەگەز، وڵاتینامە و کەرتی کار.
 
حکومەتی عێراق بڕیاریداوە 20ـی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان بکات کە یەکێکە لە دیارترین پێداویستییەکانی ژیانی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی.
 
دوایین سەرژمێریی دانیشتووان لە عێراق ساڵی 1997 کرا کە هەرێمی کوردستانی تێدا بەشدار نەبوو؛ لە ساڵی 2009ـوە حکومەتی عێراق پلانی هەیە سەرژمێری بکات، بەڵام زۆر هۆکار رێگربوون لە ئەنجامدان و بەڕێوەچوونی.
 
بەپێی پێشبینییەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ژمارەی دانیشتووانی عێراق لەساڵی 2030ـدا دەگاتە 51 ملیۆن و 211 هەزار و 700 کەس.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە