تەرمی دوو هاونیشتمانیی مهاباد لە برادۆست دۆزرانەوە؛ بە بۆردوومانی تورکیا گیانیان لەدەستداوە

01-05-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

تەرمی ئەو دوو هاونیشتمانییەی رۆژهەڵاتی کوردستان، کە 28ـی ئەم مانگە بەهۆی بۆردوومانی تورکیا لە دەڤەری برادۆستی پارێزگای هەولێر گیانیان لەدەستدا، لەلایەن کەسوکاریانەوە دۆزرایەوە.
 
کامەران عوسمان، بەرپرسی دیسکی مافی مرۆڤی رێکخراوی (CPT)ـیی ئەمریکی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "دوای ئەوەی لەلایەن ئێرانەوە رێگە بە کەسوکاری ئەو دوو کەسە درابوو بێنە هەرێمی کوردستانەوە، ئەمڕۆ دوای گەڕان تەرمی ئەو دوو کەسەیان دۆزییەوە، کە رۆژی 28ـی ئەم مانگە بە بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا گیانیان لەدەستدابوو."
 
لە هێرشەکەدا کەسێکیش بریندار بووە، بەڵام چارەنووسی نادیارە. ئەمڕۆ بەرپرسەکەی ئەو رێکخراوە ئەمریکییە بە رووداوی گوتبوو "ئێوارەی 28ـی نیسانی ئەمساڵ فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بە چڕی بۆردوومانی کوێستانەکانی خنێرەیان لە دەڤەری برادۆست کرد، بەهۆیەوە دوو هاونیشتمانیی دانیشتووی شاری مەهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان گیانیان لەدەستدا و یەکێکی دیکەش بریندار بووە."
 
رەسوول یونسی، باوکی سێ منداڵ و ئەحمەد حەیدەریی باوکی منداڵێک، ئەو دوو هاونیشتمانییەی رۆژهەڵاتی کوردستان بوون، کە لە بۆردوومانەکەدا گیانیان لەدەستداوە.
 
بەگوتەی کامەران عوسمان، ئەو سێ کەسە رۆژی 27ـی نیسان بەمەبەستی کۆکردنەوەی گژوگیای بەهارە لە سنووری شنۆی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە چوونەتە کوێستانەکانی خنێرە، لە شارۆچکەی سیدەکانی سەر بە پارێزگای هەولێر لە باشووری کوردستان.
 
تیمەکان لە هەرێمی کوردستان و کەسوکاری قوربانییەکان، لە دوای رۆژی 28ـی نیسانەوە دەستیان بە گەڕان بەدوای چارەنووس و تەرمی قوربانییەکان کرد.
 
بەپێی ئاماری رێکخراوە ئەمریکییەکە، ئەمساڵ هەشت هاونیشتمانی بەهۆی بۆردوومانەکانی تورکیاوە لە باشووری کوردستان گیانیان لەدەستداوە، سێی دیکەش بریندار بوون.

 

 

 

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە