رووداو دیجیتاڵ
هەرچەندە کۆمیسیۆن دوو جار وادەی تۆمارکردنی پارت و لایەنە سیاسییەکانی نوێکردەوە، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر قسەکەی سوور بوو، گڵۆپی سەوزی بۆ بەشداری خۆی و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکەش دانەگیرساند.
یەکێتی نیشتمانی کوردستان وەک دووەم پارتی هەرێمی کوردستان و هاوبەشی سەرەکیی حکومەت لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنە لە کاتی خۆیدا.
لوقمان وەردیم، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەڵێت، "پارتی دیموکراتی کوردستان تاوەکو ئێستا ناوی بەربژێرەکانی پێشکێش نەکردووە، لە راستیدا کارێکە لە دژی خواستی زۆرینەی خەڵکی کوردستان، لە دژی خواستی زۆرینەی هێزە سیاسییەکانی کوردستانیشە. ئەمە سەرەتایەکی خەتەرناکە چونکە شەرعییەتی دامودەزگە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەخاتە ژێر پرسیارەوە. ئەمە هەنگاوێکە کە هەرزگیز ئێمە خوازیاری ئەوە نەبووین و پێمانوایە دەبێت هەموو هێزە سیاسییەکان بەشداریی پرۆسەی هەڵبژاردن بکەن."
کۆمەڵی دادگەری هاوشێوەی یەکێتی لەگەڵ هەمان وادەی هەڵبژاردنە، بەڵام لەوەش تێگەیشتوون رەنگە بەهۆی داواکاریی پارتییەوە هەڵبژاردنەکە دوابخرێت.
شوان رابەر، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سەرکردایەتیی کۆمەڵی دادگەری دەڵێت، "دیارە پارتی داوای کردووە کە هەڵبژاردن کەمێک دوابخرێت، هەرچەندە ئێمە وەکو ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵ هەمیشە و ئێستاش رامانگەیاندووە و رایدەگەیێنین، پێمان باشە کە هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکرێت، لەبەرئەوەی کە دواکەوتووە کاریگەریی نەرێنیی لەسەر ناوی هەرێمی کوردستان هەبووە و بۆشایی دەستووریش پەیداکردووە و شتێکی خراپیشە، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە پارتی حیزبێکی گەورەیە و داوای لە کۆمیسیۆن کردووە، پێشبینی دەکەم کەمێک دوابخرێت."
کاتێک تەمەنی پەرلەمانی کوردستان درێژکرایەوە، یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان یەکەم پارت بوو کشانەوەی خۆی راگەیاند، ئەمجارەش وەک یەکەم لایەن خۆیان تۆمارکرد، بەڵام تەنانەت ئەوانیش بەشدارینەکردنی پارتی بە ئاستەنگ و گرفت دەزانن بۆ هەڵبژاردن کە بڕیارە لە 10 حوزەیران بکرێت.
د. محەممەد هاودیانی، سەرۆکی لیستی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان دەڵێت، "ئەگەر بێتوو لایەنێکی دیاریکراو کە شێوازی حکومڕانیکردن لە هەرێمی کوردستان شێوازێکە کە دەستی بەسەر تەواوی جومگەکانی حکومەت و دامەزراوە دەستوورییەکاندا هەیە. بۆیە پێشبینی دەکرێت، ئەگەر بێتوو لایەنێکی کاریگەر لەسەر ئەم دامەزراوە دەستوورییە بەشداری نەکات، گرفت بۆ هەڵبژاردن دروست ببێت. ئێمە هیواخوازین ئەم لایەنە سیاسییانە پێداچوونەوە بە بڕیارەکانی خۆیاندا بکەن و بەشدار بن لە هەڵبژاردن."
هەرچەندە رەورەوەی کۆمیسیۆن کەوتووەتە رێ و بڕیارە هەفتەی داهاتوو تیروپشک بۆ لایەنە بەشداربووەکان بکرێت، بەڵام چاوەرێدەکرێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ پاییزی ئەم ساڵ دوابخرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ