رووداو دیجیتاڵ
عەبدولحەمید داود، بەڕێوەبەری لقی پارێزگای حەسەکەی دامەزراوەی گشتی دانەوێڵەی سووریا دەڵێ، پلانیان هەیە ئەم ساڵ تاوەکو یەک ملیۆن تۆن گەنم لە جووتیارانی هەرێمی جەزیرە بکڕن.
عەبدولحەمید داود لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو کە نالین حەسەنی پێشکێشکار کردوویەتی، ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی بارانی زۆر و دواکەوتنی دروێنە، پرۆسەی وەرگرتنی گەنم کە بڕیار بوو 1ی حوزەیران دەستپێبکات، بۆ هەفتەی داهاتوو دواخرا.
عەبدولحەمید داود گوتی: "20 سەنتەرمان لە پارێزگای حەسەکە ئامادە کردووە و پێشبینی دەکەین ئەم ساڵ لە ناوچەکەدا تاوەکو یەک ملیۆن و 200 هەزار تۆن گەنم بەرهەم بهێندرێ."
سەبارەت بە نرخ و شێوازی پێدانی پارە، عەبدولحەمید داود رایگەیاند، نرخی هەر تۆنێک گەنمی پلە یەک بە 5 ملیۆن و 500 هەزار لیرەی سووری دیاری کراوە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، جووتیاران لە کاتێکی کورت دوای رادەستکردنی گەنمەکە پارەکەیان لە بانکەکانی حەسەکە، قامشلۆ و دێرک وەردەگرن.
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: بڕیار بوو سەنتەرەکانی وەرگرتنی گەنم لە 1ی حوزەیران بکرێنەوە. ئایا دەستیان پێ کردووە؟ ئەگەر دەستیان پێ کردووە، لە رۆژی یەکەمدا چەند گەنم وەرگیراوە؟
عەبدولحەمید داود: لە راستیدا لە رۆژی یەکەمدا هیچ گەنمێکمان وەرنەگرت، چونکە دروێنەی گەنم دواکەوت. ئەم ساڵ باران زۆر بوو و خێر و بێر زۆر بوو، هەر بۆیە دروێنە دواکەوت.
رووداو: وەرگرتنی جۆ دەستی پێ کردووە؟
عەبدولحەمید داود: دامەزراوەی ئێمە جۆ وەرناگرێ، بەڵام دامەزراوەیەکی دیکە وەریدەگرێ و ئەوان دەستیان پێ کردووە.
رووداو: بەپێی پێشبینییەکانی ئێوە، وەرگرتنی گەنم کەی دەست پێ دەکات؟
عەبدولحەمید داود: ئێمە و سەنتەرەکانمان ئامادەین. بڕوام وایە هەفتەی داهاتوو دەست پێ دەکات. بەپێی کاتی دروێنە، ئێمە ئامادەین.
رووداو: چەند سەنتەرتان بۆ وەرگرتنی گەنم ئامادە کردووە؟
عەبدولحەمید داود: 20 سەنتەرمان ئامادە کردووە و لەوێ گەنم وەردەگرین. هەموویان بەتەواوی و بێ کەموکوڕی ئامادەن و لە سەرانسەری سنووری پارێزگای حەسەکە دابەش بوون.
رووداو: دەتوانن چەند گەنم لە جووتیاران وەربگرن؟ ئەو بڕەی دیاریتان کردووە چەندە؟
عەبدولحەمید داود: لە راستیدا ئەژمارمان کردووە، کە لە نێوان 800 هەزار تاوەکو یەک ملیۆن تۆن گەنم وەربگرین.
رووداو: لەم 20 سەنتەرەدا دەتوانن تاوەکو یەک ملیۆن تۆن گەنم کۆگا بکەن و بکڕن؟
عەبدولحەمید داود: لەوانەیە هەندێک ئاستەنگ هەبێت، چونکە هەندێک سەنتەر رەنگە بەتەواوی چۆڵ نەبن، بەڵام ئێمە گەنمەکە بۆ پارێزگاکانی ناوخۆی سووریا دەگوازینەوە و شوێن بۆ گەنمی جووتیاران دابین دەکەین.
رووداو: واتە هاوکات لەگەڵ وەرگرتن و کڕین، بەردەوام دەبن لە ناردنی گەنم بۆ پارێزگاکانی دیکە تاوەکو شوێن لە سەنتەرەکانتان هەبێ؟
عەبدولحەمید داود: بەڵێ، ئەو گەنمەی وەری دەگرین، دەینێرین، ئێستاش لە ناردنی بەردەوامین تاوەکو دڵنیابین هەموو بەرهەمی جووتیاران وەردەگرین.
رووداو: مەبەستت ئەو گەنمەیە کە ساڵی رابردوو وەک یەدەگ لە سەنتەر و سایلۆکاندا مابووەوە؟
عەبدولحەمید داود: بەڵێ، گەنمە یەدەگەکە دەنێرین. نزیکەی 400 تا 500 هەزار تۆن گەنمی یەدەگمان هەبوو.
رووداو: بەهۆی بارانی زۆرەوە، پێشبینی وەرزێکی باش دەکەن. ئەم ساڵ بە گشتی چەند تۆن گەنم لە هەرێمی جەزیرە بەرهەم دێت؟
عەبدولحەمید داود: بەپێی خەمڵاندنی ئێمە، رەنگە بەرهەمەکە بگاتە یەک ملیۆن و 100 هەزار یان یەک ملیۆن و 200 هەزار تۆن.
رووداو: پێویستیی ساڵانەی هەرێمی جەزیرە بۆ گەنم چەندە و چەندی لێ زیاد دەمێنێتەوە؟
عەبدولحەمید داود: ئەگەر لە جەزیرە بمێنێتەوە، بەشی 2 ساڵ دەکات، چونکە پێویستی ناوچەی جەزیرە لە نێوان 350 بۆ 400 هەزار تۆندایە.
رووداو: ئامادەکارییەکانتان بۆ وەرگرتنی گەنم چییە و چ پەیامێکتان بۆ جووتیاران هەیە؟
عەبدولحەمید داود: هەموو سەنتەرەکانمان ئامادە کردووە. جووتیار دەتوانێت لە سەنتەری مەبەست نۆرەی خۆی تۆمار بکات. لە رێگەی پلاتفۆرمە ئەلیکترۆنییەکەوە، دەتوانێت لە هەمان رۆژدا ناو بنووسێت، نۆرە بگرێ و گەنمەکەی رادەست بکات تاوەکو تووشی زەحمەتی نەبێت و لە رۆژێکدا کارەکەی تەواو بکات.
رووداو: مەرجەکانتان بۆ کواڵیتی گەنم چییە؟
عەبدولحەمید داود: وەزارەتی کشتوکاڵ پێوەرەکانمان بۆ دەنێرێ و بەپێی ئەوان پلەکان دیاری دەکەین (پلەی یەک، دوو، سێ و چوار). ئەگەر گەنمەکە بەپێی پێوەرەکان نەبوو، رەت دەکرێتەوە.
رووداو: نرخ چۆنە؟
عەبدولحەمید داود: حکومەت نرخەکەی دیاری کردووە. بۆ پلە یەک 5 ملیۆن و 500 هەزار لیرەی سوورییە (نزیکەی 450 دۆلار)، پلەکانی دیکە هەرزانتر دەبن.
رووداو: جووتیاران کەی پارەکەیان وەردەگرن؟
عەبدولحەمید داود: ئەمە پرسێکی زۆر گرنگە، زۆر بە زوویی دوای فرۆشتنی گەنمەکە پارەکەیان وەردەگرن. سێ بانک لە حەسەکە، قامشلۆ و دێرک بۆ ئەم مەبەستە دیاری کراون.
رووداو: پەیامتان بۆ ئەو جووتیارانە چییە کە دوودڵن لەوەی گەنمەکەیان بدەنە حکومەت؟
عەبدولحەمید داود: هیوادارین هەمووان گەنمەکەیان بهێننە سەنتەرەکانی دەوڵەت. دڵنیایان دەکەینەوە کە هیچ ئاستەنگێک دروست نابێت و دەوڵەت بە زووترین کات پارەکەیان دەداتێ.
رووداو: ئەگەر بڕی گەنمەکە لە توانای ئێوە زیاتر بوو، ئایا هەر دەیکڕن؟
عەبدولحەمید داود: تا ئەو کاتەی گەنم هەبێت، ئێمە وەریدەگرین. تەواوی گەنمی بەردەست دەکڕین.
رووداو: بێجگە لە حکومەت، لایەنێکی دیکە هەیە گەنم بکڕێ؟
عەبدولحەمید داود: نەخێر، تەنیا سەنتەرەکانی حکومەت دەتوانن بیکڕن. تەنانەت کڕینی گەنم لەلایەن بازرگانانیشەوە قەدەغەیە.


