رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، لەنێو هێزەکانی پێشمەرگەدا تەنیا دوو فەوجی سەر بە فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی دەوامیان 21 رۆژ بە 7ـە. فەرماندەیەکی پێشمەرگەی زێرەڤانیش دەڵێت "ئەو پێشمەرگانەی لەو دوو فەوجەدان، سەرەتا رەزامەندیی تەواویان هەبووە کە بەوشێوەیە دەوام بکەن و هەوڵی زیادکردنی کاتی ئەرکی فەوجەکانی دیکەش دەدەین."
ئەمڕۆ چوارشەممە، 1-3-2023، سەروان هەرکی، ئەندامی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، دەوامی زۆربەی پێشمەرگە نیوە بە نیوەیە، هەندێکیشیان کەمتر لە نیوە دەوام دەکەن، بەڵام دوو فەوجی سەر بە فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی، 21 رۆژ دەوام دەکەن و تەنیا حەوت رۆژ پشوویان پێدەدرێت.
ئەو دوو فەوجەی فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی، ژمارەیان 600 پێشمەرگەیە و کاتی ئەرکی فەرمییان 21 رۆژە و کاتی پشوویان 7 رۆژە.
سەروان هەرکی گوتی، "لە دانیشتنەکانی پێشووی پەرلەماندا کە میوانداریی وەزیری ناوخۆ کرابوو، داوام لێکرد چارەسەری کێشەی فەوجێکی زێرەڤانی بکرێت کە دەوامیان 21 بە 7ـە، ئەوکات بەڵێندرا، کەچی ئێستا دەوامی فەوجێکی دیکەش وای لێکراوە."
فەرماندەیەکی پێشمەرگەی زێرەڤانی کە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە بە رووداوی گوت، "ئەو پێشمەرگانە بە رەزامەندیی خۆیان دامەزراون و لەنێو لیستێکی سێ هەزار کەسیدا، 600 کەس بە مەرجەکان رازیبوون، ئێمە وەک فەوجەکان هیچ کێشەیەکمان نییە، ئەوەی لە پەرلەمان دەگوترێت خۆشیرینکردنی پێش هەڵبژاردنە، ئێمە سەربازین، ئەرکمان پاراستنی سنوورەکانی هەرێمی کوردستانە."
لە دانیشتنێکی پێشووتری پەرلەمانی کوردستاندا، سەروان هەرکی لەبارەی ئەو فەوجەوە گوتبووی "بەهۆی زۆریی دەوامیان، خێزانی 11 پێشمەرگە هەڵوەشاوەتەوە".



