رووداو دیجیتاڵ
بە بڕیاری رەزا رەحمانی، پارێزگاری ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، ژنێک بە قایمقامی شاری بارووق دەستنیشان کرا.
رۆژی هەینی لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی بەهروز مەهدەوی، جێگری پارێزگاری ورمێ بۆ کاروباری سیاسی و کۆمەڵایەتی، هاونیشتمانییەک بەناوی مەریەم مەسەرەت وەکو قایمقامی بارووق دیاریکرا.
مەریەم مەسەرەت لە شوێنی ساڵح حوسێنی، قایمقامی پێشووی بارووق دەستبەکار دەبێت.
مەریەم مەسەرەت پێشتر چەندین پۆستی وەکو جێگری قایمقامی سایین قەڵا بۆ کاروباری سیاسی، ئەمنی و کۆمەڵایەتی، جێگری قایمقامی میاندواو بۆ گەشەپێدان و پلاندانان و جێگری بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنان لە پارێزگای ورمێ هەبووە.
لە رێورەسمی ناساندی قایمقامی نوێی بارووقدا، بەهروز مەهدەوی گوتی، پارێزگای ورمێ سنووری هاوبەشی لەگەڵ چەندین وڵات هەیە و رایگەیاند، پێویستە سوود لەو تایبەتمەندییە وەربگیرێت بۆ گەشەپێدانی ئابووریی پارێزگاکە.
بە پێی دوایین سەرژمێری فەرمی کە ساڵی 2017 لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کرا، ژمارەی دانیشتووانی بارووق 22 هەزار کەسە.
رۆژی 30-01-2025 بە فەرمانی رەزا رەحمانی، پارێزگاری ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، ژنێک بە ناوی رەعنا قوربانی وەک قایمقامی پۆلدەشت دیاریکرا.
رەعنا قوربانی پێشتر چەندین پۆستی وەک راوێژکاری قایمقامی ماکۆ، سەرۆکی کۆمیسیۆنی کاروباری ژنان لە قایمقامییەتی ماکۆ و بریکاری قایمقامی ماکۆ بۆ کاروباری پلاندانان و ئاوەدانکردنەوە بەڕێوەبردبوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ