رووداو دیجیتاڵ
دیاریکردنی بەربژێر بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا بووەتە رۆژەڤی ئەو وڵاتە. هەرچەندە سێ ساڵ ماوە بۆ کاتی یاسایی هەڵبژاردن، بەشێک لە پارتە سیاسییەکان بەربژێری خۆیان دیاریکردووە.
فاتیح ئەربەکان، سەرۆکی پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ لەبارەی بەربژێری پارتەکەیان دەڵێن، "پێویستە ئاماژە بەوە بدەم، دەبینە بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی کۆمار، پشت بەخودا ئەمجارە پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ، بەربژێری خۆی بۆ سەرۆکایەتیی کۆمار دەستنیشان دەکات، لەوەش رەواتر نییە کە بەربژێرەکە سەرۆکی گشتیی پارتەکە بێت''.
جەهەپەی گەورە پارتی ئۆپۆزیسیۆن لەو پارتە سەرەکییانەیە کە داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکات.
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە لەبارەی کاتی هەڵبژاردنەکە باس لەوە دەکات، "لە مانگەکانی شوبات، ئادار و نیسان هەموو ئامادەکارییەکان تەواو دەکەین. لەگەڵ پارتەکەمان، کارمەندانی سەر سندووقمان، ئامادەکارییەکانی بانگەشە و بەربژێرەکەمان بەیەکەوە بۆ ئەوەی بڵێین ئێمە ئامادەین، لە ئەمڕۆوە دەستپێدەکەین''.
هەرچی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتییە)، جگە لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، بەربژێرێکی دیکەی نییە.
ئەگەر هەڵبژاردنی پێشوەختە بکرێت، ئەردۆغان مافی هەیە ببێتەوە بەربژێر؛ بەڵام ئەگەر هەڵبژاردن لە کاتی ئاسایی خۆی لە ساڵی 2028ـدا بکرێت، ئەو مافەی نابێت.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی ئامادەکارییەکانی بۆ ساڵی نوێ باس لەوە دەکات، "هەڵبژاردنی پێشوو بووە رابردوو. ئیدی ئەوەی لەسەرمانە، قسەی نوێ لەبارەی ئەمڕۆ بکەین. بۆیە پێویستە لە ئێستاوە ئامادەکاری بۆ سەرکەوتنەکانی داهاتوومان بکەین''.
لە دوایین هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا کە ساڵی 2023 بەڕێوەچوو، رەجەب تەیب ئەردۆغان توانی 52.18٪ـی دەنگەکان بەدەستبهێنێت و ببێتەوە بە سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ