رووداو هەولێر
بەرەبەیانی ئەمڕۆ و لە یەکەم رۆژی ساڵی نوێدا، بەهۆی رووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لە پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوونی سلێمانی، دوو منداڵ گیانیان لەدەستدا و یەکێکی دیکەیش بریندارە.
ئەو دوو منداڵەی گیانیان لەدەستداوە خوشکی یەکدین و تەمەنیان کەمترە لە 10 ساڵ. منداڵێکی دیکەی هەمان خێزان کە کوڕە، بەشێکی جەستەی سووتاوە و بریندار بووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 01ـی کانوونی دووەمی 2025، سامان نادر، بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی تەندروستیی خێرای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "نزیک کاژێر 03:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە رووداوێکی ئاگرکەوتنەوە ئاگادارکراینەوە، دوای گەیشتنمان تەرمی دوو منداڵی تەمەن 6 و 10 ساڵانمان گواستەوە، منداڵێکی دیکەشیان بەهۆی سووتانەوە برینداربوو".
بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی تەندروستیی خێرای سلێمانی گوتی، "ئەو دوو منداڵەی گیانیان لەدەستداوە کچن و خوشکی یەکترن، بەهۆی دووکەڵەوە خنکاون، برایەکیشیان برینداربووە."
بەپێی زانیارییەکانی پێشەوا بەختیار، پەیامنێری رووداو، "ئەو خێزانە عەرەبن و خەڵکی بەغدان، بەڵام دانیشتووی پارێزگای سلێمانین، لە کاتی رووداوەکەدا باوکی منداڵەکان لە ماڵەوە نەبووە و دایکیشیان لە بەشی سەرەوەی ماڵەکە خەوتووە."
تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەکی فەرمی لەسەر هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە لەلایەن بەرگریی شارستانیی سلێمانییەوە بڵاونەکراوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ