رووداو- هەولێر
لیژنە تایبەتمەندەکانی پەرلەمانی کوردستان لە رۆژی هەشتی کانوونی دووەمی 2020دا لەبارەی پرۆژەیاسای چاکسازییەوە راپۆرت دەدەنە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان.
زیاد جەبار، سەرۆکی لیژنەی دارایی و کاروباری ئابووریی پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پرۆژەیاسای چاکسازی لە مووچە، خانەنشینی، دەرماڵە و ئیمتیازاتەکانی دیکە سیفەتی بەپەلەی پێدراوە. هەشتی ئەم مانگە دوایین وادەیە بۆ ناردنی راپۆرتی لیژنەکان بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان. تاوەکو ئەو وادەیە هەموو لیژنەکان راپۆرتەکانیان رادەستدەکەن".
بە گوێرەی پرۆژە یاساكە، لەمەودوا خانەنشینی پەرلەمانتاران مەرجدار دەكرێت؛ دەبێت پەرلەمانتار 45 ساڵی تەواوكردبێت و 15 ساڵ خزمەتی هەبێت ئینجا خانەنشین دەكرێت.
سەرۆکی لیژنەی دارایی و کاروباری ئابووری ئاماژەی بەوە کرد، "لیژنەکانی پەرلەمان سەرنج و تێبینییەکانی خۆیان لەسەر پرۆژەکە نووسیوە، گۆڕانکاریی جەوهەری لە پرۆژەکەدا نەکراوە".
رۆژی 16ی مانگی رابردوو پەرلەمانی کوردستان خوێندنهوهى یهكهمی بۆ پرۆژهیاسای چاكسازی له خانهنشینى، مووچه، دهرماڵه، بهخشین و ئیمتیازاتهكانى دیکەدا کرد. بڕیارە دوای تەواوبوونی راپۆرتی لیژنە تایبەتمەندەکان، خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاساکە بکرێت.



