رووداو دیجیتاڵ
یەنس شپان، ئەندامی پەرلەمانی پارتی کریستیان دیموکرات (CDU) و وەزیری پێشووی تەندروستی ئەڵمانیا جەخت لەسەر پێویستیی گۆڕانکاری لە سیاسەتی کۆچبەراندا دەکاتەوە.
شپان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاڵا شاڵی، پەیامنێری رووداو لە ئەڵمانیا، رایگەیاند کە پارتەکەی پڕۆژە یاسایەکی پێنج خاڵی ئامادە کردووە بۆ رێکخستنەوەی کۆچی نایاسایی. بەپێی قسەکانی، ئەڵمانیا پێشوازی لەو کۆچبەرانە دەکات کە بۆ کارکردن دێن و دەتوانن ببنە بەشێک لە کۆمەڵگەی ئەڵمانی، بەڵام پێویستە رێگە لە کۆچی نایاسایی بگیرێت.
سەبارەت بە کۆچبەرانی سووریا، شپان ئاماژەی بەوە کرد کە دوای سەقامگیربوونی بارودۆخی سووریا، ئەو کەسانەی پاراستنی لاوەکییان هەیە و کار ناکەن دەبێت بگەڕێنەوە. هەروەها پێشنیازی کرد یارمەتیی دارایی پێشکەش بەو کەسانە بکرێت کە بە خواستی خۆیان دەیانەوێت بگەڕێنەوە.
شپان باسی لەوەش کرد کە پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا AFD بڕیاری داوە پشتگیری لە پڕۆژە یاساکەیان بکات، بەڵام پێی وایە گرنگە پارتە دیموکراتەکانی نێوەڕاست پێکەوە کار بکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کۆچی نایاسایی.
لە کۆتاییدا، شپان جەختی کردەوە کە زۆرینەی خەڵکی ئەڵمانیا، بە کۆچبەرەکانیشەوە، خوازیاری ژیانێکی ئارام و دوور لە توندوتیژین و پێویستە هەموو لایەک پێکەوە کار بکەن بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ یەنس شپان
رووداو: بەڕێز یەنس شپان، سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە، پارتەکەی بەڕێزتان دەیەوێت سیاسەتی کۆچبەران تووندبکات. بە تەواوی مەبەستتان لە پلانی پێنچ خالی چییە؟
شپان: سەرەتا پێویستە بزانین باس لە چ جۆرە کۆچێک دەکەین. ئێمە کۆچبەرمان دەوێت، کۆچبەر بۆ بازاڕی کار. ئێمە دڵخۆشین بەوانەی کە لە ساڵان و دەیەکانی رابردوودا هاتوونەتە ئەڵمانیا، ئەوان بەشێکن لە کۆمەڵگەی ئەڵمانی. چەندین ساڵە بە ئاسایی کار دەکەن، هاوکارن و زمان فێر دەبن. ئێمە پێکەوە داهاتووی ئەڵمانیا دەنەخشێنین. ئەوەی لە گفتوگۆی ئێستادا باسی دەکرێت کۆچی نایاسایی و ناڕێکە. هەندێک خەڵک کە بە ئاسانی دێنە ناوەوە، زۆربەیان پیاوی گەنجن. نازانین بۆچی و بە چ مەبەستێک، لە یەکەم رۆژەوە مووچەی هاوکاری کۆمەڵایەتی وەردەگرن. ئێمە دەبینین کە ئەمە بارگرانییە بۆ کۆمەڵگە، قوتابخانە و شارەوانییەکان. هەروەها مایەی مەترسی ئەمنیشە. سۆلینگن، مانهایم، ماگدێبۆرگ و ئێستا زۆر بە خراپیش ئاشافنبورگ، منداڵێکی دوو ساڵان چەقۆی لێدرا، کوژرا. دەمانەوێت کۆتایی بەم جۆرە کۆچە نایاساییە بێنین.
رووداو: من دەمەوێت باسی ئەو پڕۆژە یاسایەم بۆ بکەی کە بریتییە لە پێنچ خاڵ و ئێوە دەتانەوێ بیبەنە پەرلەمان، پارتی لیبرالەکان FDP بڕیاریاندا دەنگی پێبدەن، پارتەکانی دیکە رەتیدەکەنەوە، بەڵام پارتی جێگرەوە AFD دەیانەوێت دەنگی پێبدەن، ئەمە بۆ ئێوە چەند گرنگە؟
شپان: سەرەتا لەو پێنج خاڵەدا باس لەوە دەکرێت، کە ئێستا پێویستە زۆر بەخێرایی لە سنووری ئەڵمانیا بگەڕێندرێنەوە و بگوترێت تاوەکو ئێرەو تەواو. زۆر بەخێرایی سەیری ئەوە بکرێت، بەتایبەت لە کوێ کۆچبەرە تاوانبارەکان هەن، کە چەندین جار بڕیاری بەجێهشتنی وڵاتیان لە سەرە، کەچی بە ئازادی لە ئەڵمانیا دەسووڕێنەوە. تۆ ناتوانیت ئەمە بۆ دایک و باوکی منداڵێکی دوو ساڵان روونبکەیەوە، کەسێک بۆی نییە لە ئەڵمانیا بمێنێتەوە، کە منداڵەکەتی بەر چەقۆ داوە. کەواتە ئەمە ناکرێت روون بکرێتەوە و ئێمە دەمانەوێت کۆتایی پێ بێنین. ئێمە داوا لە سۆشیال دیموکراتەکان SPD و سەوزەکان و لیبراڵەکان FDP دەکەین، کە لەگەڵمان بن، ئێمە پێکەوە وەک دیموکراتەکانی نێوەڕاست ئەم کێشەیە چارەسەر بکەین. زۆرینەی ئەڵمانییەکان، پێم وایە نەک تەنیا ئەڵمانییەکان، زۆرینەی خەڵک لە وڵات، ئەوانەی ژیرن، ئەوانەی داهاتوویەکی باش بۆ ئەڵمانیا دەخوازن و بەتایبەت ئاسایش بۆ منداڵەکانیان، ئەم زۆرینە گەورەیە دەیانەوێت کۆتایی بە کۆچی نایاسایی بێت. سۆسیال دیموکرات SPD و سەوزەکان دەبێت ئەم پرسیارە لە خۆیان بکەن، ئایا نایانەوێت لەگەڵ ئێمە زۆرینەیەک لە پەرلەمان پێکبێنن؟ ئێمە پێشنیازێک دەکەین، چونکە پێمان وایە راستە. ئێمە داوا لە سۆسیال دیمۆکرات SPD و سەوز و لیبرال FDP دەکەین پەسەندی بکەن . ناتوانین پێشنیازەکەمان نەکەین، تەنیا لەبەر ئەوەی لەوانەیە کەسانی دیکەش پەسەندی بکەن.
رووداو: پلانی ئێوە چییە بۆ ئەو کۆچبەرانەی لە سووریاوە هاتوون؟
شپان: لە لایەکەوە باشە کە ئەسەد نەماوە، ئەو دیکتاتۆرە، دڕندە و تووندوتیژە، زۆر تووندوتیژتر لەوەی کە من لێی دەترسام، هەروەک بۆ نموونە لە بەندیخانەکان دا دەیبینین. ئازارێکی بێوێنە. باشە کە ئەو نەماوە. ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە، چۆن لە گەڵ و بۆ سووریا بەرەو پێش دەچێت؟ لەو ساتەدا، کە ئاسایش و سەقامگیری دەبێت، جارێ دەبێ چاوەڕێ بکرێت، ئەو کاتە ئەگەری پاراستن نامێنێت. بەتایبەتی بۆ ئەوانەی پاراستنی لاوەکییان هەیە، کە ئەمە باری یاساییە، ئەوە بەو مانایەیە کە دەبێت بگەڕێنەوە بۆ وڵاتی خۆیان. لەوێ لە ئایندەدا داهاتوویان بنیات بنێن. پێشنیازی من بۆ ئەو کەسانەی کە دەڵێن دەمەوێت بگەڕێمەوە بۆ سووریا بۆ یارمەتیدان، ئەوەیە کە رێگەیان پێبدرێت بە ئارەزوومەندانە بڕۆن، ئاسانکارییان بۆ بکرێت و یارمەتی داراییان پێبدرێت. لەو کاتەدا بێگومان دەتوانین بڵێین، ئەوانەی لە ئەڵمانیا توانیویانە تێکەڵی بازاڕی کار ببن، خاوەن توانای تایبەتن و بژێوی ژیانی خۆیان پەیدا دەکەن، دەتوانین بژاردەی مانەوەیان پێبدەین. هەندێک کەس لەوانەیە بیەوێت بگەڕێتەوە بۆ سووریا، بەڵام ئەو کەسە دەتوانێت بمێنێتەوە. بەڵام ئەوانەی پاراستنی لاوەکییان هەیە و کاریان نییە و هاوکاری دارایی دەوڵەت (پارەی سۆشیال) وەردەگرن، دەبێت ئەڵمانیا بەجێبهێڵن.
رووداو: بەپێی راپرسییەکان بێت پارتەکەی بەڕێزتان دەبێتە یەکەم بەهێزترین پارت، رەنگە لە دوای 23ی شوبات سەرۆکی پارتەکەتان مێرتس ببێتە راوێژکاری ئەڵمانیا. ئەو داوای تووندکردنەی سیاسەتی کۆچبەران دەکات. سیاسەتی کۆچبەرانی پارتەکەتان چییە بە تەواوی و دەتوانی پێم بڵێی بۆچی دەنگدەرانی کورد دەنگ بە پارتەکەتان بدەن؟
شپان: وادیارە زۆربەی خەڵکی ئەڵمانیا، بە بۆچوونی من، ئینجا رەچەڵەکیان لە هەر کوێیەکەوە بێت، هەمان شتیان دەوێت. کاری باش، مووچەیەکی باش، منداڵەکانیان پەروەردەیەکی باش وەربگرن، داهاتوویەکی باشیان هەبێت، بتوانن بە سەلامەتی لە شەقامەکاندا هاتووچۆ بکەن، زیرەکی و کار جیاوازی دروست بکات، بەهاکانی خێزان گرنگن. ئەمەیە ئامانجی CDU، یەکێتی کریستیان دیموکرات.
پێموایە زۆر کەس هەن، کە پاشخانی کۆچبەرییان هەبێت یان نا، کە ئەم شتانەیان دەوێت و ئێمەش دەمانەوێت ئەمەیان پێشکێش بکەین. لە سیاسەتی کۆچبەریدا، هەستم وایە، بۆ نموونە من چوومە شەقامی زۆنن ئالێ لە نۆیکۆڵنی بەرلین، دوای ئاژاوەکانی شەوی سەری ساڵ و لەوێ چاوم بە زۆر خاوەنکار و دووکاندار کەوت، سەردانم کردن و قسەم لەگەڵ کردن کە پێشینەی کۆچبەرییان هەیە و دەڵێن، بەڕێز شپان، ئێمەش نامانەوێت ئەم گەنجانە ئاوا ئاڵۆزی بنێنەوە، تووندوتیژبن و دروشمی دژە جوو بدەن. ئێمەش وەک هەموو کەسێکی دیکە ئەمەمان ناوێت و ئەمەیە خاڵی سەرەکی، کە پێکەوە یەکبگرین. زۆرینەی گەورە، هەموو ئەوانەی دەڵێن دەمانەوێت بە شێوەیەکی رێکوپێک، ئاقڵانە و ئارام پێکەوە بژین، دژی ئەوانەی کە ئاڵۆزی، تووندوتیژی و دژە جوویی دەهێننە ناو وڵاتەوە.
رووداو: لە پڕۆژە یاساکەتاندا داوا دەکەن هەر لەسەر سنوور کۆچبەران دیپۆرت بکرێنەوە، ئەمە لەڕووی یاساییەوە رێگەپێدراوەو دەتوانرێت جێبەجێ بکرێت؟
شپان: دەکرێ ئەمە جێبەجێ بکرێت. پۆلیسی فیدراڵی، کە پارێزەری سنوورەکانمانە، دەڵێت تەنیا فەرمانێکیان پێویستە بۆ ئەوەی لەڕووی یاساییەوە جێبەجێی بکەن. بۆ نموونە، بینیمان لە کاتی پاڵەوانیەتی ئەورووپادا بۆ ماوەی شەش هەفتە ئەمەمان کرد. کەواتە ئەگەر بۆ شەش هەفتە کرا، ئەوا بۆ ساڵێکی تەواویش دەکرێت. بەتایبەتی هیچ وڵاتێک لە جیهان دا، تەنانەت ئەڵمانیاش، ناتوانرێت ناچار بکرێت خۆی زیاتر لە توانای خۆی بارگران بکات. ئێمە لە سنووری ئەوپەڕی تواناداین. لە هەموو قوتابخانەیەکدا ئەمە دەبینین، لە هەموو باخچەیەکی ساوایاندا دەیبینین، لە بازاڕی خانووبەرەدا، لە قبوڵکردنی خەڵک دا. یاسای یەکێتی ئەورووپا ناتوانێت داوامان لێ بکات، کە بە خۆمان دەستبەرداری خۆمان بین. تەنانەت لە یاسای یەکێتی ئەورووپادا هاتووە، کە ئاسایشی نیشتمانی و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان لە پێشەوەن. لەبەر ئەوە، بەڵێ دەتوانین و سنوورەکان دەپارێزین.
رووداو: AFD دەیەوێت دەنگبداتە پڕۆژە یاسایەکەتان، هەندێ لە شارەزایانی سیاسی دەڵێن رەنگە ئەمە زیانتان پێبگەیێنێت، لەوە ناترسن؟
شپان: دەزانی، هەندێک جار لە ژیان دا، پێویستە مرۆڤ روون بێت و تاکتیک نەگرێتە بەر، بەڵکو ئەوەی راستە ئەنجامی بدات. کەسێکی تووندوتیژ، کە مۆڵەتی مانەوەی هەیە دەبێت دەربکرێت. ئەوان دەبێت ئەڵمانیا بەجێبهێڵن.
رووداو: بەڕێز شپان سوپاس بۆ ئەم هەڤپەیڤینە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ