باڵیۆزی ئیسپانیا: دوای کیمیابارانکردنی هەڵەبجە چوومە کوردستان و دۆخی ناهەمواری خەڵکم بینی

30-06-2022
بێستون عوسمان
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ پێدرۆ مارتینێز ئاڤیاڵ، باڵیۆزی ئیسپانیا لە عێراق
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ پێدرۆ مارتینێز ئاڤیاڵ، باڵیۆزی ئیسپانیا لە عێراق
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

پێدرۆ مارتینێز ئاڤیاڵ، باڵیۆزی ئیسپانیا لە عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو دا، ئاشکرای دەکات کە لەکاتی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا لە ساڵی 1988 دا ئەو وەک دیپلۆماتێکی گەنج لە باڵیۆزخانەی ئیسپانیا لە بەغدا کاری دەکرد، سەردانی کوردستانی کرد "نەمتوانی بچمە ناو هەڵەبجە، بەڵام کۆمەڵێک گوندی بچووکم بینی، کە وێرانکرابوون و خەڵکە کوردەکانیان لە شارە گەورەکاندا کۆکرابوونەوە. بارودۆخەکە زۆر ناهەموار بوو. بۆ خۆم شایەتیی ئەو دۆخە بووم." هەروەها دەڵێت، ئەوان ئەوکات وەک باڵیۆزانی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا وڵاتەکانیان لەو کۆمەڵکوژییە ئاگادارکردەوە "ئەوکات راپۆرتێکی زۆر بەهێزمان نووسی" و "سەرکۆنەی رووداوەکانمان کرد و زانیاریمان لەسەریان گواستەوە بۆ حکومەتی وڵاتەکانمان، بەڵام یەکێتیی ئەوروپا هیچ هەڵوێستێکی لەسەر کیمیابارانکردنی هەڵەبجە دەرنەبڕی." 
 
پێدرۆ مارتینێز ئاڤیاڵ، باڵیۆزی ئیسپانیا لە عێراق لەو هەڤپەیڤینەدا کە رۆژی 9ـی حوزەیرانی 2022 لە بەغدا ئەنجامدراوە دەڵێت، "کۆمپانیاکانمان زۆرترین وەبەرهێنانیان لە هەرێمی کوردستاندا کردووە... لەبەرئەوەی ئێمە دەزانین کوردستان شوێنێکی زۆر گونجاوە بۆ وەبەرهێنان و دەرفەتی زۆری تێدایە." هەروەها دەڵێت، ئیسپانیا لە ساڵانی هەشتاکان دا هەبوونێکی زیاتری لە عێراق هەبوو و ئێستا دەیانەوێت بگەنەوە هەمان ئاست لە عێراق دا "حکومەتی وڵاتەکەم مکوڕە لەسەر ئەوە و دووبارە بنیادنانەوەی ئەوەی کە لە هەشتاکاندا هەبووە."
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ پێدرۆ مارتینێز ئاڤیاڵ، باڵیۆزی ئیسپانیا لە عێراق
 
رووداو: باڵیۆز پێدرۆ مارتینێز ئاڤیاڵ، زۆر سوپاس بۆ ئەم میواندارییە و بەخێربێن بۆ رووداو.
 
باڵیۆزی ئیسپانیا: سوپاس بێستوون. خۆشحاڵم بەوەی پێکەوەین لێرە.
 
رووداو: سوپاس. دەمەوێت بە گەڕانەوە بۆ مێژوو دەستپێبکەم. تۆ سێ دەیە پێش ئێستا لێرەبوویت. ساڵی 1987 هاتییە عێراق، بۆ دوو ساڵ لێرە کارت کرد و ئێستاش دوای چەندین ساڵ هاتووییەوە. دەتوانیت پێم بڵێی لەو ماوەیەدا چ لە عێراق گۆڕاوە؟
 
پێدرۆ مارتینێز ئاڤیاڵ: زۆر شت گۆڕاون. ئەوکات من وەکو دیپلۆماتکارێکی زۆر گەنج لێرە بووم. رۆژانی سەدام حوسێن بوو. ساڵی یەکەمی من، دوایین ساڵی جەنگی ئێران – عێراق بوو. ژمارەی دانیشتووانی عێراق ئەوکات تەنیا 17 ملیۆن کەس بوو، ئێستا گەیشتووەتە 41 ملیۆن. شارەکان گۆڕاون. کۆنتێکستی سیاسی بەتەواوی گۆڕاوە. ئێستا وڵاتێکی ئازاد و کراوەتان هەیە. کەسانێکی زۆر گەڕاونەتەوە، کە ئەوکات دەربەدەر ببوون. بەتەواوی وڵاتێکی جیاوازە. سەرەتا وام بیر دەکردەوە، ئەو ئەزموونە کۆنەی کە هەمە یارمەتیدەرم دەبێت لەم ئەرکە نوێیەم، بەڵام وانەبوو. لەبەرئەوەی وڵاتەکە گۆڕاوە.
 
رووداو: هەموو شتێک گۆڕاوە؟
 
باڵیۆزی ئیسپانیا: هەموو شتێک گۆڕاوە.
 
رووداو: ئەوکات و بە دیاریکراوی ساڵی 1988 هێرشی کیمایی کرایە سەر شاری هەڵەبجە. تۆ دیپلۆماتکارێکی گەنج بوویت. هەواڵی ئەو رووداوەت بیست؟
 
باڵیۆزی ئیسپانیا: بەڵێ، بە دڵنیاییەوە بیستم. نەک تەنیا ئەوەبێت کە بیستبێتم، سەردانی کوردستانیشم کرد. نەمتوانی بچمە ناو هەڵەبجە، بەڵام کۆمەڵێک گوندی بچووکم بینی، کە وێرانکرابوون و خەڵکە کوردەکانیان لە شارە گەورەکاندا کۆکرابوونەوە. بارودۆخەکە زۆر ناهەموار بوو. بۆ خۆم شایەتیی ئەو دۆخە بووم.
 
رووداو: ئەو سەردانەت ساڵی 1988 بوو؟
 
باڵیۆزی ئیسپانیا: بەڵێ ساڵی 1988 بوو. چەند جارێک سەردانی کوردستانم کرد. رێکەوتەکانیانم بیرنایێت، بەڵام بەدڵنیاییەوە دوای هێرشەکەی سەر هەڵەبجە و وێرانکردنی گوندەکان، چوومە کوردستان.
 
رووداو: بەڵام وڵاتەکەتان هیچ هەڵوێستێکی نەبوو سەبارەت هێرشەکان، ئەوکات.
 
باڵیۆزی ئیسپانیا: بیرم دێت ئەوکات راپۆرتێکی زۆر بەهێزمان نووسی وەکو باڵیۆزانی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق. سەرکۆنەی رووداوەکانمان کرد و زانیاریمان لەسەریان گواستەوە بۆ حکومەتی وڵاتەکانمان. بێگومان هەڵوێستێکی زۆر رەخنەگرانەمان هەبوو سەبارەت بەم کۆمەڵکوژیانە.
 
رووداو: ئێستاش کە گەڕاویتییەوە عێراق، پێم دەڵێی وڵاتێکی تەواو جیاوازت بینیوەتەوە دوای سێ دەیە. رێک دوای گەڕانەوەی تۆش، هەڵبژاردنەکان ئەنجامدران. وابزانم دوو مانگ دوای هاتنی تۆ بوو بۆ بەغدا.
 
باڵیۆزی ئیسپانیا: بەڵێ.
 
رووداو: بەڵام ئەوە هەشت مانگ تێپەڕی بەسەر هەڵبژاردنەکاندا، کەچی هێشتا حکومەتێک نییە لە وڵاتەکەدا. بۆچوونت چییە لەسەر ئەم چەقبەستووییە سیاسییە؟ پێت وانییە ئەم بارودۆخە مەترسیی سەرهەڵدانی تووندووتیژی لەگەڵ خۆیدا بهێنێت؟
 
باڵیۆزی ئیسپانیا: وەکو تۆ گوتت، دوو مانگ دوای گەشتنی من بۆ عێراق هەڵبژاردنەکان بەڕێوەچوون و تائێستا حکومەتێک پێکنەهاتووە. لە راستیدا ئەمە دۆخێکی ئاساییە بۆ سیستمە دیموکراسییەکان. تەنانەت هەندێک لە وڵاتانی ئێمەش لە ئەوروپا رووبەڕووی ئەو دۆخە دەبنەوە و جاری وا هەیە کاتی دەوێت تاوەکو حکومەتێک پێکدەهێنرێت. بۆیە ئەوەی لە عێراق روودەدات شتێکی زۆر نائاسایی نییە. تەنیا شتێک کە عێراق دەبێت رووبەڕووی ببێتەوە، ئەوەیە کۆمەڵێک بڕیاری جیددی هەن پێویستە بیاندات. لە چەند مانگی رابردوودا کۆمەڵێک شت روویانداوە، کە هێشتا هیچ بڕیارێک نییە لەسەریان. لەبەرئەوە زۆر گرنگە کە حکومەتێکی نوێ هەبێت بتوانێت ئەو بڕیارانە بدات. حکومەتێکی نوێ کە بەرنامەیەکی کۆنکرێتی هەبێت. جێگەی دڵخۆشییە کە بینیمان ئەنجوومەنی نوێنەران یاسایەکی نوێی دەرکرد بۆ رێگەدان بە حکومەتی ئێستا بتوانێت بودجەی زیاتری لەبەردەست بێت. ئەوە هەنگاوێکی باشە بەرەو ئاراستەیەکی دروست، بەڵام زۆر شت هەن کە پێویست دەکات حکومەتی نوێ ئەنجامیان بدات.

 

رووداو: گرنگترینیان کامانەن؟
 
باڵیۆزی ئیسپانیا: یەکێک لە گرنگترین کێشەکانی ئەم وڵاتە کێشەی ئاوە. هەنگاوی زۆر جیدی هەن پێویست دەکات بگیرێنەبەر بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە. خاڵێکی دیکە چاکسازییە ئابوورییەکانە. هاوکاریکردنی کەرتی تایبەتە. خۆت دەزانیت عێراق زیاتر پشت بە کەرتی گشتی دەبەستێت. سەرچاوەی سەرەکیی ئابووریش نەوت و غازە، کە ئەمە شتێکی تەندروست نییە بۆ ئابووری وڵاتێک. چاکسازی زۆر هەن کە پێویستە ئەنجامبدرێن لە بواری ئابووری دا. بەدەر لەوە چاکسازییەکانی نێو کەرتی تەندروستی گرنگن. بێگومان ئاسایش هێشتا کێشەیەکی گەورەیە لە عێراق دا. شەڕی دژی داعش بەهەمان شێوە. کۆمەڵێک ناکۆکی دەستووری هەن، کە پێویستە چارەسەربکرێن، کە لە چەند مانگ و هەفتەی رابردوودا بە روونی ئەو ناکۆکییانە دەرکەوتن.
 
رووداو: باسی ناکۆکییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا دەکەی؟
 
باڵیۆزی ئیسپانیا: بەڵێ، بەڵام نەک بەتەنیا ئەو ناکۆکیانە. دەستووری عێراق پێویستیی بە پەرەپێدانە. ئەم دەستوورە ساڵی 2005 پەسەندکرا و لە دەستوورەکەدا کۆمەڵێک بابەت هەن، کە خۆی دەڵێت پێویستە دواتر لە رێگەی دەرکردنی یاساوە یەکلایی بکرێنەوە، بۆ نموونە دۆسیەی نەوت و غاز، بەڵام بەتەنیا ئەوە نا، زۆر شتی دیکەی هاوشێوە هەن.
 
رووداو: کەوابوو تۆش پێم دەڵێیت چارەسەری ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر دۆسیەی نەوت و غاز هێنانە پێشەوەی پڕۆژە یاسایەکە بۆ پەرلەمانی عێراق و دەنگدانە لەسەری...
 
باڵیۆزی ئیسپانیا: وەکو باڵیۆزێک من زۆر ناتوانم بچمە وردەکاری ئەو مشتومڕانەی لەسەر ئەم بابەتە دەکرێن، بەڵام روونە کە بابەتەکە لایەنێکی یاسایی هەیە، هاوکات لایەنێکی سیاسیشی هەیە. پێم خۆشبوو کە گوێم لە سەرۆکوەزیران مستەفا کازمی بوو گوتی "دەرفەتێک هەیە بۆ گفتوگۆکردن و گەیشتنە ئەنجام لەسەر ئەم دۆسیەیە". پێموایە ئەوە باشترین رێگەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بێگومان لە چوارچێوەی یاسا و دەستووردا، لەبەرئەوەی هەموو دەوڵەتێک پێویستە رێز لە یاسا دەستوورییەکانی خۆی بگرێت. بەم شێوەیە هەموو بابەتێک دەکرێت گفتوگۆی لەسەر بکرێت.
 
رووداو: راستە، بەڵام رۆڵێک هەیە کە ئاکتۆرە نادەوڵەتییەکان دەیبینن، تەواوە، کازمی پەیامی ئەرێنی هەیە، حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامی ئەرێنی هەیە، پەرلەمان بە شێوەیەک لە شێوەکان کار دەکات، بەڵام گرووپە چەکدارەکان هەن کە لەلایەک فەرمین و لەلایەکی دیکە لە یاسادەرچوون و بێگومان کاریگەرییان هەیە لەسەر داوودەزگا فەرمییەکانی دەوڵەت. حکومەتی عێراق چۆن دەتوانێت مامەڵە لەگەڵ ئەم گرووپانە بکات؟
 
باڵیۆزی ئیسپانیا: ئەمە بابەتێکی نێوخۆیی عێراقە، کە من وەکو باڵیۆزێک رەنگە نەتوانم قسەی لەسەر بکەم. روونە کە ئەرکی سەر شانی حکومەتی نوێیە کاتێک دادەمەزرێت، لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان، پێگەی ئەم گرووپە چەکدارانە یەکلایی بکاتەوە. ئاشکرایە کە ئەمە کێشەیەکی ئەم وڵاتەیە و هەبوونی ئەم گرووپانە هۆکارێکی دیکەیە بۆ ئەوەی حکومەتێکی نوێ پێکبهێنرێت، بۆ ئەوەی پێگەیان رێکبخاتەوە. ئەمە بابەتێکی زۆر ئاڵۆزە.
 
رووداو: مادام باسی ئەم گرووپە چەکدارانە دەکەین، دەمەوێت پرسیارت لێبکەم سەبارەت هێرشەکانیان بۆ سەر هەرێمی کوردستان. لەم رۆژانەدا هێرشێکی دیکەیان کردە سەر هەولێر و بەتەنیا ئەوەش نییە، بەردەوام هێرش دەکەنە سەر هەولێر. هەڵوێستی ئێوە لەسەر ئەو هێرشانە چییە؟
 
باڵیۆزی ئیسپانیا: بێگومان سەرکۆنەی ئەو هێرشانە دەکەم، هەموو ئەو هێرشانە، ئەوانەی کە شوێنی مەدەنی دەکەنە ئامانج، لەگەڵ ئەوانەش کە شوێنی سەربازی دەکەنە ئامانج. ئەمە بەتەواوی پێچەوانەی یاسایە. هەر کەسێک ئەو هێرشانەی ئەنجامدابێت، من بە تووندی سەرکۆنەی دەکەم و ناڕەزایی خۆم دەردەبڕم. زۆر روون نییە کە کێ لە پشتی ئەم هێرشانەوەیە، ئایا گرووپە چەکدارەکانن یان کەسانی مەدەنین، گرنگ نییە، هەر کەسێک لە پشت هێرشەکانەوە بێت، جێگەی قبوڵ نین.
 
رووداو: ئەگەر بگەڕێینەوە سەر مەترسییەکانی داعش، پێت وا نییە، لەلایەک ئەم چەقبەستووییە سیاسییە، لەلایەکی دیکە بارودۆخی ئەمنی لە ناوچە جێناکۆکەکان، دەرفەتێک دەدەنە داعش بۆ ئەوەی چالاکتر ببێتەوە؟
 
باڵیۆزی ئیسپانیا: ئەوە چاوەڕوانکراوە. ئاسایشی ئەو ناوچانە بێهێزترە لە ئاسایشی ناوچەکانی دیکە و داعش کەڵک لەو بارودۆخە وەردەگرێت. ئەمە ئەو قسەیەیە کە لە زۆربەی سیاسییەکانی دەبیستم، لەلایەنە جیاوازەکان، تەنانەت لە هەواڵەکانیشدا دەتوانیت ئەو بارودۆخە بە روونی ببینیت.
 
رووداو: ماوەیەکی زۆرە دانوستاندن هەیە لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا بۆ چارەسەرکردنی دۆخی ئەم ناوچانە و دامەزراندنی هێزی هاوبەش بۆ پاراستنیان، بەڵام لە ساڵی 2017 ەوە تاوەکو ئێستا هێشتا نەگەشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە پێویستە پێی بگەن. راستە هەندێک ئۆپەراسیۆنی هاوبەش ئەنجام دەدرێن، بەڵام تائێستا هێزی هاوبەش لە ناوچەکە جێگیرنەکراون. پێت وا نییە هاوپەیمانی دژی داعش یان ناتۆ لە عێراق، ئەرکێکیان لەسەر شانە جێبەجێی بکەن بۆ ئەوەی هێزە هاوبەشەکان لەم ناوچانە جێگیر بکرێن؟
 
باڵیۆزی ئیسپانیا: هەردوو ئەو دامەزراوەیە، هاوپەیمانی دژی داعش و ناتۆ لە عێراق لە چوارچێوەی کۆمەڵێک یاسا و رێسادا کار دەکەن، ئەو چوارچێوەیەش لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دیاریکراوە. راوێژ دەدەنە هێزە عێراقییەکان، مەشقیان پێدەکەن، ئەوەش لەسەر بنەمای داوای حکومەتی عێراق. بێگومان بەردەوام دەبن لەسەر ئەنجامدانی ئەو ئەرکانەیان. دڵنیام لەو چوارچێوەیەدا هاوکاری هێزە عێراقییەکان دەکەن بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیەش، بەوپێیەی کە هێزە عێراقییەکان رادەهێنن لەسەر بەرەنگاربوونەوەی دووژمن. روونە کە حکومەتی عێراقیش هێشتا پێویستی پێیانە، لەبەرئەوەی تاوەکو ئێستا پێینەگوتوون چیدی ئێوەمان ناوێت.
 
رووداو: من زیاتر پرسیارت لێدەکەم سەبارەت جۆرێک لە نێوەندگیری دەرەکی لەنێوان هەولێر و بەغدادا. تەماشاکە، پێنج ساڵ ماوەیەکی زۆر دوور و درێژە. پێنج ساڵە دانوستاندن هەیە لەنێوان بەغدا و هەولێر، بەڵام کاتێک تەماشای کەتوارەکە (واقیع) دەکەی، دەبینیت هێشتا نەگەشتووینەتە ئەنجام. پێت وانییە کاتی ئەوە هاتووە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رۆڵێک ببینێت بۆ نێوەندگیریی لەنێوان هەولێر و بەغدا؟
 
باڵیۆزی ئیسپانیا: وابزانم ئەمە بابەتێکی زۆر هەستیارە. ئەم کێشە نێوخۆییانەی عێراق پێویستە لەلایەن عێراقییەکان خۆیانەوە چارەسەر بکرێن، نەک لەلایەن وڵاتانی سێیەمەوە. نێوەندگیری کاتێک دەکرێت کە هەردوولا داوای ئەوە بکەن کەسێک نێوەندگیرییان بکات. لەو دۆخەدا ئەگەر هەولێر و بەغدا، هەردووکیان داوا بکەن، دەکرێت لایەنێکی نێودەوڵەتی، بۆ نموونە رێکخراوێک یان دەزگایەک ئەو ئەرکە جێبەجێبکات و ئەگەری هەیە ئەوە ببێتە هۆی بردنە پێشەوەی دۆزەکە بۆ قۆناخێکی دیکە، بەڵام دەستتێوەردانی وڵاتانی بیانی لەم بابەتانەی پەیوەستن بە نێوخۆی عێراقەوە، باوەڕناکەم بیرۆکەیەکی باش بێت.
 
رووداو: مادام باسی هاوپەیمانی دژی داعشمان کرد، ئەو رۆڵە چییە کە ئیسپانیا دەیبینێت لە هاوپەیمانییەتەکەدا؟
 
باڵیۆزی ئیسپانیا: ئیسپانیا لە سەرەتاوە پشتگیریی عێراق دەکات، لە سەرەتای قۆناخی گواستنەوەی عێراق لە دیکتاتۆرییەوە بۆ دیموکراسی، بە لادانی رژێمی سەدامەوە تاوەکو ئەم ساڵانەی دوایی، ئێمە بەردەوام بووین لەسەر هاوکاریکردنی عێراق. ئێمە بەردەوامین لە پێدانی هاوکاری بە هێزە چەکدارەکانی عێراق، بێگومان لەسەر داوای هێزە عێراقییەکان و تاوەکو ئەوکاتەی عێراق داوامان لێدەکات بەردەوام بین. ئەوە لەسەر شانی ئێمە گران کەوتووە، بەڵام هەر بەردەوام بووین. پەنجا هەزار هاووڵاتیی ئیسپانی بەشداربوون لەو هەوڵانەدا بۆ هاوکاریکردنی عێراق، بە درێژایی ئەو ماوەیە.
 
رووداو: پەنجا هەزار؟
 
باڵیۆزی ئیسپانیا: بەڵێ، پەنجا هەزار! لەبەرئەوەی بەشێوەیەکی وەرزی جێگۆڕکێمان پێکردوون.
 
رووداو: بەدرێژایی کاتەکە. نەک بڵێیت ئێستا پەنجا هەزار ئیسپانی لێرەبن.
 
باڵیۆزی ئیسپانیا: بەڵێ، بە درێژایی کاتەکە. تەنانەت بەشێکیان گیانیان لەدەستداوە، لەکاتی هەوڵدانیان بۆ بەرقەرارکردنی ئاسایش لەم وڵاتەدا. هێشتاش هەر لێرەین و هەست دەکەین زۆر نزیکین لە هەموو شتێک کە لە عێراق روودەدات. بەردەوام دەبین لە پێدانی پشتگیریی بەهێز بۆ خەڵک و حکومەتی عێراق. وادەزانم ئاستێکی هاوئاهەنگیی زۆر بەرزمان هەیە. هەموو جارێک کە وەزیری بەرگری، بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوە یان راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی دەبینم، پێم دەڵێن کە زۆر رازین لە هاوکارییەکانی ئیسپانیا بۆ عێراق لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەتی دژی داعش و ئەرکی ناتۆ. ئێمە زۆر دڵمان بەوە خۆشە و بەردەوام دەبین. ئەوەش گەواهیدەرە لەسەر تووندوتۆڵی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئیسپانیا.
 
رووداو: تووندووتۆڵی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئیسپانیا.. ئەی سەرچاوەی ئەم پەیوەندییە تووندووتۆڵانە چین؟ با بەم شێوەیە پرسیارەکەت لێبکەم، پێشینەکانی ئێوە چین کاتێک باس دێتە سەر سیاسەتی دەرەوەی ئیسپانیا؟
 
باڵیۆزی ئیسپانیا: دەتوانم پێت بڵێم سیاسەتی دەرەوەی ئیسپانیا سێ هێڵی سەرەکی هەیە. یەکەمیان پەیوەندییەکانمانە لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپا، بەڵام ئەوە ئیدی بووەتە بەشێک لە سیاسەتی نێوخۆییمان. دوای ئەوروپا، ئەو دوو بوارە سەرەکییەی هەمانە لە سیاسەتی دەرەوەمان، یەکێکیان پەیوەندییەکانمانە لەگەڵ ئەمریکای لاتین، لەبەرئەو هۆکارانەی لای هەموو کەسێک ئاشکرایە، ئەوی دیکەمان بێگومان پەیوەندییەکانمانە لەگەڵ وڵاتە عەرەبییەکان. دەتوانم پێت بڵێم کە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتە عەرەبییەکان زۆر زیاتر پەرەیان پێدراوە لە ساڵانی رابردوودا، خێراتر لەوەی وڵاتانی ئەمریکای لاتین. پردی پەیوەندی بەهێزمان هەیە لەگەڵ ئەمریکای لاتین، بەڵام لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیش هەمیشە پەیوەندی زۆر باشمان هەبوون. لەم چەند ساڵەی رابردووشدا بەرهەمەکانی ئەم پەیوەندییە مێژووییە زیاتر چڕ بوونەتەوە. ئەم پەیوەندییانە لەسەر ئاستی سیاسی و ئابووری و ئەکادیمی و کولتووری بەردەوامن. ئەمە زۆر گرنگە بۆ ئێمە. بێگومان بەدەر لەو سێ هێڵە، پەیوەندی دووقۆڵیمان لەگەڵ وڵاتانی دیکەش لە بەرەوپێشچووندایە، وەک ویلایەتە یەکگرتووەکان، وەکو هاوبەشێک، بەڵام وڵاتە عەرەبییەکان پێگەیەکی زۆر تایبەتیان هەیە بۆ ئێمە. هۆکاری هەبوونی ئەم پێگە گرنگەش ئەوەیە کە عەرەبەکان بۆ ماوەی هەشت سەدە لە ئیسپانیا بوون. لەو ماوەیەدا عەرەبەکان کاریگەری خۆیان جێهێشتووە لەسەر کۆمەڵگەی ئێمە، لە هەموو روویەکەوە. میراتێکی زۆر جوانیان بۆ بەجێهێشتووین. جوانترین باڵەخانەکانی عەرەب لە سەرتاپای جیهاندا، لە وڵاتی ئێمەن. تەنانەت کاریگەرییان لەسەر زمانی ئیسپانیش جێهێشتووە. زۆر وشەی ئیسپانیمان هەن کە لە رەچەڵەکی عەرەبییەوە دێن. ئێمەش دەڵێین (قەمیسە، پانتەلۆن، ئالمادا) و وشەی دیکەی زۆر کە لە قسەکانی رۆژانەدا بەکاریان دەهێنین. تەنانەت کاریگەرییان جێهێشتووە لەسەر شێوازی ژیانمان، لەسەر ئەوەی چۆن هەڵسوکەوت دەکەین، لەسەر پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و خێزانییەکانمان. دەمەوێت بڵێم ئەمە میراتێکی گەورەیە و لە هەموو بوارەکانی ژیانی رۆژانەدا هەستی پێدەکرێت. لە ئیسپانیا هەستێکی گەورە هەیە بۆ دۆستایەتیکردنی عەرەب. خەڵک وڵاتانی عەرەبیان خۆشدەوێت و حەز دەکەن گەشت بکەن بۆ وڵاتانی عەرەبی.
 
رووداو: بەتایبەتیش بۆ وڵاتانی باکووری ئەفریقیا، بەڵام کاتێک دێینە سەر وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بابەتەکە چی لێدێت؟ بۆ نموونە، پێم بڵێ جێگە و پێگەی عێراق چییە لە سیاسەتی دەرەوەی ئیسپانیادا؟
 
باڵیۆزی ئیسپانیا: زۆر شت هەن کە پێویستە بکرێن بۆ پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئیسپانیا و، ئەوە رێک ئەوەیە کە من هەوڵدەدەم بیکەم. پێموایە سی ساڵ پێش ئێستا کە بۆ یەکەم جار من لێرە بووم، ئیسپانیا هەبوونێکی زیاتری هەبوو لە عێراق. بەداخەوە، ساڵانی جەنگ لە عێراق و ئەو قەیرانە داراییەی ساڵانی رابردوو کە ئێمە پێیدا تێپەڕین لە ئیسپانیا بوونەتە هۆکاری کەمبوونەوەی ئامادەیی ئیسپانیا لە عێراق. پەیوەندییە ئابوورییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی دیکە زیاتر بەرەوپێش چوون، لەبەرئەوەی هەموو شتەکان لە چوارچێوەی ئاسایی خۆیاندا بەڕێوەدەچوون. بەڵام بۆ عێراق ئێستا دەبێت بەرەوپێشیان بەرین. ئێمە زۆر مکووڕین لەسەر ئەوە. کاتێک لە ساڵانی...
 
رووداو: هەشتاکاندا...
 
باڵیۆزی ئیسپانیا: لە کۆتایی هەشتاکاندا کە لێرە بووم، کۆمپانیای ئیسپانیی زیاتر لە عێراق بوون. ناوەندێکی کولتووریی زۆر چالاکترمان هەبوو ئەوکات. ئەوکات باڵیۆزخانەیەکی زۆر گەورەمان هەبوو، کە ئەمڕۆ وانییە. شتەکان زۆر جیاواز بوون و ئێستا من هەوڵدەدەم، هەوڵدەدەم...
 
رووداو: هەوڵدەدەی دووبارە بنیادی بنێیتەوە...
 
باڵیۆزی ئیسپانیا: پێویستە دووبارە بنیادی بنێینەوە. حکومەتی وڵاتەکەم مکوڕە لەسەر ئەوە و دووبارە بنیادنانەوەی ئەوەی کە لە هەشتاکاندا هەبووە و تەنانەت زیادکردنی پەیوەندییەکان، ئەمە خواستی سەرەکی وەزارەتی دەرەوەی ئیسپانیایە، لەبەرئەوەی ئێستا سیاسەتی دەرەوەمان زۆر چالاکترە لەوەی ئەوکاتە هەبوو. ئەمە نیازی دڵی من و نیازی وەزارەتی دەرەوەی ئیسپانیاشە. منیان بۆ ئەو مەبەستە ناردووەتەوە عێراق. دەشتوانم پێت بڵێم بە هەموو توانای خۆم کار لەسەر ئەوە دەکەم.
 
رووداو: بەڵام تاوەکو ئێستا کۆنسووڵخانەیەکتان نییە لە هەولێر، کاتێک باسی دیوە کوردییەکەی عێراق دەکەین...
 
باڵیۆزی ئیسپانیا: راستە... راستە... ئەوە زۆر راستە... من زۆر حەزدەکەم کۆنسووڵخانەیەکمان هەبێت لە هەولێر، ئەوە زۆر هاوکاری منیش دەکات. ئەو کێشەیەی کە هەمانە سەبارەت کردنەوەی کۆنسووڵخانە لە هەولێر پەیوەندی بەو قەیرانە گرانەوە هەیە کە لە ساڵی 2009 هاتە پێشەوە بۆمان لە ئیسپانیا. لەوکاتەوە تائێستا کورتهێنانی دارایی زۆرمان هەبووە، لەگەڵ قەرزێکی زۆر کە هاتووەتە سەر شانمان. بەم هۆیەوە حکومەتی ئیسپانیا ناچاربووە کەمەر بگوشێت و لە ئەنجامدا زۆربەی کۆنسووڵخانەکانمان لە شارە جیاوازەکانی جیهان داخران. بۆ نموونە زۆربەی ئەوانەی لە وڵاتانی ئەوروپا کراوەبوون داخران. کەوابوو بڕیاردان بۆ کردنەوەی کۆنسووڵخانەی نوێ زۆر گرانە. کاتێک لە مەکسیکیش کارم دەکرد هەمان کێشەمان هەبوو. خۆت دەزانیت مەکسیک وڵاتێکی زۆر گەورەیە. دوو ملیۆن کیلۆمەتر دووجایە و کۆمەڵگەی گەورەی ئیسپانی هەن لە شوێنە جیاوازەکانی مەکسیک. ئەوکات تەنیا یەک کۆنسووڵخانەمان هەبوو. زۆر هەوڵمدا کۆنسووڵخانەیەکی دیکە بکەینەوە، بەڵام سەرکەوتوو نەبووین. ئێستاش تەنیا هۆکاری ئەوەی لە هەولێر کۆنسووڵخانەمان نییە، کورتهێنانی سەرچاوە داراییەکانمانە.
 
رووداو: تێدەگەم... ئایا مامەڵەتان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی سیاسەتی دەرەوەتانە رووەو جیهانی عەرەبی؟ لەبەرئەوەی کوردستان، بەتەواوی جیهانێکی دیکەیە. دڵنیام بۆ خۆت سەردانی کوردستانت کردووە و ئەوەت بینیوە. دەمەوێت بپرسم، چۆن مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکەن؟
 
باڵیۆزی ئیسپانیا: بەپێی دەستووری عێراق، هەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراق. راستە کە هەرێمی کوردستان خاوەنی زمان و مێژوو و نەریتی تایبەت بە خۆیەتی. ئێمە ئەوە دەزانین، بەڵام هەر بەشێکە لە عێراق. ئێمە پابەندین بە دەستووری عێراق. لەگەڵ ئەوەدا، ئێمە پەیوەندییەکی زۆر باشمان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە. گرنگییەکی تایبەت دەدەین بە کوردستان. من بۆ خۆم زۆر جار چوومەتە کوردستان. مانگی جارێک، ئەوپەڕی دوو مانگ جارێک سەردانی کوردستان دەکەم. لەبەرئەوەی دەزانم کوردستان گرنگیپێدانێکی تایبەتی دەوێت. کۆمپانیاکانمان زۆرترین وەبەرهێنانیان لە هەرێمی کوردستاندا کردووە، کاتێک بەراوردی دەکەیت بە ناوچەکانی دیکەی عێراق، لەبەرئەوەی ئێمە دەزانین کوردستان شوێنێکی زۆر گونجاوە بۆ وەبەرهێنان و دەرفەتی زۆری تێدایە. هەر کاتێک شاندە فەرمییەکانی ئیسپانیاش دێن بۆ بەغدا، سەردانەکانیان بە چوون بۆ هەولێر تەواو دەکەن. هەمیشە سەردانی هەولێر دەکەن. ئێمە گرنگی و ناوازەیی هەرێمی کوردستان دەزانین. ئەوە لە دەستووری عێراقیشدا دانی پێدانراوە.
 
رووداو: باسی پەیوەندییە ئابوورییەکان و کۆمپانیا ئیسپانییەکانت کرد کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن. ئایا تەنیا ئەو کۆمپانیایەتان کە لە کەرتی نەوت و غازدا کار دەکات لە هەرێمی کوردستان، بەردەوام دەبێت لە کارەکەی؟

 

باڵیۆزی ئیسپانیا: بۆ قۆناخی هەنووکەیی، بەڵێ. کۆمپانیای رێپسۆڵ تاکە کۆمپانیای ئیسپانییە لە کەرتی نەوت و غازدا کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکات. بەدەر لەویش کۆمپانیای دیکەی بچووکمان هەن کە لە کەرتی خزمەتگوزاریی کۆمپانیا نەوتییەکاندا کار دەکەن.
 
رووداو: ئەوانە کۆمپانیای بەڵێندەرایەتین، گرێبەستکارن، پرسیارەکەی من لەسەر ئۆپەرەیتەرەکانە.
 
باڵیۆزی ئیسپانیا: وەکو ئۆپەرەیتەر کۆمپانیای ریپسۆڵ لەوێیە.
 
رووداو: ئەویش بەردەوام دەبێت لە کارەکانی.
 
باڵیۆزی ئیسپانیا: بەڵێ، ئەوەندەی من ئاگادار بم بەردەوام دەبێت. دڵخۆشن بە کارەکانیان.
 
رووداو: وەکو دوایین بابەت بۆ قسەکردن لەسەری، ئەگەر باسی پەیوەندییە کولتوورییەکان بکەین، ساڵی رابردوو چووم بۆ کۆنسێرتێک کە فلامینگۆی ئیسپانی و هەڵپەڕکێی کوردی پێکەوە ئاوێتەکرابوون. ئاوێتەیەکی زۆر جوان بوو. پێم بڵێ بەرنامە و پلانی چیتان هەیە بۆ بنیادنانی پەیوەندی زیاتر لەسەر ئاساتی کولتووری و پەروەردەیی؟
 
باڵیۆزی ئیسپانیا: وەکو پێمگوتیت، ئێمە گرنگییەکی زۆر دەدەین بە کوردستان. هەر کاتێک یەکێک لە گرووپە کولتوورییەکان دێن دەیاننێرین بۆ کوردستان، بۆ هەولێر. خۆت دەزانیت فلامینگۆ تێکەڵییەکی زۆری هەیە لەگەڵ نەریتی عەرەبی لە ئیسپانیا، بەڵام لەگەڵ کوولتوری کوردستانیش زۆر ئاوێتەیە. هەر کاتێک چالاکییەکی لەو شێوەیەمان هەبووبێت لە کوردستان زۆر سەرکەوتوو بووە. بەردەوام دەبین لەسەر ئەوە. دڵنیام خەڵکی کوردستان زۆر چێژ دەبینن لە مۆسیقا و گۆرانی ئیسپانی و سەمای فلامینگۆ. خەڵکی کوردستان پڕن لە ژیان و دەزانن چێژ وەربگرن، هەر وەک خەڵکی ئێمە لە ئیسپانیا. مۆسیقاش بۆندێکی سەرسوڕهێنەرە بۆ نزیککردنەوەی کۆمەڵگەی کوردی و کۆمەڵگەی ئیسپانی.
 
رووداو: هیچ بەرنامەیەکی ئاڵوگۆڕی زانستی یان تواناسازیتان هەیە بۆ خوێندکارانی عێراق و ئیسپانی تاوەکو بێن و بچن؟
 
باڵیۆزی ئیسپانیا: ئێمە بەرنامەیەکی تواناسازیمان هەیە بۆ بیانییەکان بە شێوەیەکی گشتی.
 
رووداو: کەس لە عێراقەوە بەشداری کردووە؟
 
باڵیۆزی ئیسپانیا: لە هەوڵی ئەوەدام کورسییە تەرخانکراوەکان بۆ خوێندکارە عێراقییەکان زیاد بکەم؛ بۆ عێراقی عەرەبی و  بۆ کوردستان، تاوەکو بتوانن بچن بۆ ئیسپانیا. پێموایە بەرنامەکانی ئاڵوگۆڕی خوێندکاران باشترین رێگەیە بۆ کۆکردنەوەی وڵاتان. ئێمە ئەزموونێکی زۆر باشمان هەیە لە ئەوروپا؛ بەرنامەی ئێراسمووس، کە لە رێگەی ئەو بەرنامەیەوە خوێندکارانی ئیسپانی دەتوانن بچن لە زانکۆکانی ئەوروپا بخوێنن، لە پاریس، لە سوێد و لە وڵاتانی دیکەی ئەوروپا. ئەمە رێگەیەکی زۆر باشە بۆ کۆکردنەوەی گەنجەکانمان. هەر بۆیە باشترین شت دەبێت گەنجانی ئەم وڵاتە بەرین بۆ ئیسپانیا و بە پێچەوانەکەشییەوە. زۆرم پێ خۆش دەبێت خوێندکارانی ئیسپانیا ببینم لە سلێمانی دەخوێنن یان لە هەولێر یان لە بەغدا. لەبەرئەوەی، بەڕاستی ئەوە باشترین رێگەیە بۆ لێکنزیککردنەوەی کۆمەڵگەکانمان بۆ بنیادنانی پەیوەندی باشتر.
 
رووداو: پێدرۆ، زۆر سوپاس کە لەگەڵمان بوویت. بە نیازی دووبارە دیدار، ئەم جارەیان لە کوردستان.
 
باڵیۆزی ئیسپانیا: زۆر سوپاس بێستوون. ئومێددەکەم بەزووترین کات لە کوردستان بتبینمەوە.
 
رووداو: سوپاس.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ سەلیم سالم، هونەرمەندی عێراقی

سەلیم سالم: هەولێر سەقامگیرە و مرۆڤ تێیدا ئازادە

بەشێک لە هونەرمەندانی عێراق ئێستا لە هەولێر نیشتەجێن، جگە لە گێڕانی ئاهەنگ، کارە هونەرییەکانیشیان لێرە ئەنجام دەدەن. سەلیم سالم، هونەرمەندێکی گەنجی عێراقییە و بەم دواییە گۆرانییەکی نوێی بە زمانی کوردی و عەرەبی بڵاوکردەوە و دەنگدانەوەی زۆری هەبوو، بەتایبەتیش لە نێو کورددا. ئەو دەڵێت، هەولێر ئارامە و مرۆڤ تێیدا ئازادە، لە هەولێر هەستی نەکردووە لە وڵاتێکی عەرەبییە. ئەو گۆرانیبێژە لە 2023 لە ئاهەنگێکی تایبەتەدا لە دەرەوەی عێراق داوای لێکراوە گۆرانی لەبارەی سەدام حوسێن، سەرۆکی پێشووتری عێراق بڵێت، ئەویش گۆرانی گوتووە و بەهۆیەوەی رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەتەوە و دەڵێت، نەیزانیوە بە یاسا قەدەخکراوە، هەروەها ئەو خۆی بە لایەنگری بەعس نازانێت و دوو خاڵی لەسەردەمی بەعسدا لەسێدارە دراون. نالین حەسەن، پێشکێشکاری رووداو، هەڤپەیڤینێکی کورتی لەگەڵدا ئەنجامداوە.