رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری تایبەتی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بۆ شەڕی دژی داعش و نێردەی تایبەتی پێشووی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا دەڵێت، بەردەوامبوونی پشتگیری و هاوکاری بۆ عێراق یەکێکە لەو سیاسەتانەی ئیدارەی بایدن کە "دەتوانیت بە تەواوی لێی دڵنیابیت". ئەو پێیوایە "بارودۆخەکە ئێستا سەقامگیرە، بەڵام هەموو رۆژێک سوپرایزێکی نوێ هەیە لە سووریا و عێراق".
جەیمس جێفری، نوێنەری تایبەتی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بۆ شەڕی دژی داعش و نێردەی تایبەتی پێشووی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا لەمیانی بەشداریکردنی لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو کە بێستوون عوسمان لەگەڵی سازکردبوو، رایگەیاند، "ئەمریکا بەرژەوەندیی لەوەدایە سەربازەکانی لە عێراق بهێڵێتەوە بۆئەوەی پشتگیریی ئەو وڵاتە بکات تاوەکو بەرگری لە خۆی بکات بەرامبەر بە دووژمنەکانی، کە داعش یەکەمیانە".
لەبارەی چالاکییەکانی ئێران لە ناوچەکەدا، جێفری ئاماژەی بەوە کرد، "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە کۆی ناوچەکەدا لە کارکردندایە لە رێگەی هاوبەش و هاوپەیمانەکانیەوە بۆئەوەی بەرەنگاری چالاکییەکانی ئێران ببێتەوە و پاشەکشەی پێبکات". بە گوتەی جێفری، هەرچەندە ئیسرائیل نایانەوێت زۆر بە دەنگی بەرز و لەسەر میدیا باسی بکات، "بەڵام چالاکن و ئەو چالاکییانەشیان بە پشتگیریی ویلایەتە یەکگرتووەکان ئەنجام دەدەن لە چوارچێوەیەکی گشتیدا"، دەشڵێت، "ئێمە بەردەوامین لە پاشەکشێپێکردنی ئێران لە سووریا".
سەبارەت بە رێککەوتنی ئەتۆمی نوێنەری تایبەتی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بۆ شەڕی دژی داعش باسی لەوە کرد، "ئەو رێککەوتنە لە توانایدایە کێشەیەک چارەسەر بکات، تەنیا یەک کێشە؛ بابەتی گەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی، نەک کۆی کێشەی ئێران چارەسەر بکات".
جەیمس جێفری پێیوایە هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە و تورکیا جارێکی دیکە ناکەونەوە هەلومەرجێکەوە کە بە شێوەیەکی چەکداری رووبەڕووی یەکدی ببنەوە، وەک ئەوەی لە ئۆکتۆبەری 2019دا روویدا، دەشڵێت، "زۆر دڵنیام کە ئیدارەی بایدن کاردانەوەی جیددیی دەبێت، ئەگەر هەر کەسێک هەوڵبدات گۆڕانکاری لە پێگەی ئێستای باکووری رۆژهەڵاتی سووریادا بکات، کە کەسانێکی زۆر هەن مەبەستیانە ئەو گۆڕانکارییە بکەن".
دەربارەی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لەلایەن تورکیاوە، جێفری تەنیا گوتی، "هێزە ئۆپۆزیسیۆنە سوورییەکان کە لەلایەن تورکیاوە پشتگیرییان لێدەکرێت، تاوانی جەنگیان ئەنجامدا".
رووداو: بەڕێز جێفری، زۆر سوپاس بۆ بەشداریکردنت لەگەڵمان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە. سەرەتا دەمەوێت لە عێراقەوە دەستپێبکەم. خۆتان دەزانن، هەڵبژاردن ئەنجامدرا و پارتە عێراقییەکان لە سەروبەندی دەستپێکردنی دانوستاندنەکانن بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ. ئایا هەژموونی ئەمریکا لە نێوخۆی عێراقدا هێندە بەهێزە بتوانێت دڵنیابێت لەوەی کابینەی داهاتوو کابینەیەکی دژە ئەمریکا نابێت؟
جەیمس جێفری: پێش هەموو شتێک، سوپاس بۆ میوانداریکردنم لە بەرنامەکەتدا. سڵاوم هەیە و پیرۆزبایی کریسمس و سەری ساڵ لە هەموو هاوڕێکانم دەکەم لە هەولێر، لە باکوور و لە عێراق. دڵخۆشم کە لەگەڵتانم. سەرەتا، بڕیاردان لەسەر پێکهێنانی حکومەت، لە وڵاتانی خاوەن سەروەریدا، دوای هەڵبژاردنێکی دیموکراتی، کە ئەم هەڵبژاردنە هەڵبژاردنێکی ئازاد و باش بوو، هەرچەندە رێژەی بەشداری تێیدا نزم بوو، بابەتێکە عێراقییەکان دەبێت بۆ خۆیان بڕیاری لەسەر بدەن، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە دراوسێیەکانت یان هاوڕێیەکانت کە ویلایەتە یەکگرتووەکان هاوڕێیەکی راستەقینەیە، هیچ بەرژەوەندییەکیان نییە. بەرژەوەندیی ئەمریکاش ئەوە نییە کە حکومەتێکی دژە ئەمریکا یان دۆستی ئەمریکا یان دۆست یان دووژمنی فڵان وڵات بێتە سەر دەسەڵات. بەرژەوەندیی ئەمریکا لەوەدایە حکومەتێک دروست ببێت کە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی هەموو گەلی عێراق بکات، لە هەولێرەوە بۆ بەسرە. ئەگەر حکومەتەکە بەم شێوەیە بێت، دەتوانم دڵنیات بکەمەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان پێشوازیی لێدەکات و کاری لەگەڵ دەکات. سەبارەت بە رۆڵی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە هاوکاریکردنی عێراق بۆ پێشخستنی بەرەو سەربەخۆیی، ئاسایش و سەروەریی نیشتمانی، ئێمە بەردەوام دەبین لەو هاوکارییە. هیچ دوودڵییەک لەوەدا نییە. زۆر شت هەن لە سیاسەتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی ئیدارەی بایدندا کە سەرنجم رادەکێشن. بەردەوامبوونی پشتگیری و هاوکاری بۆ عێراق یەکێکە لەو سیاسەتانەی ئیدارەی بایدن کە دەتوانیت بە تەواوی لێی دڵنیابیت.
رووداو: بەڵام ئەگەر بەراوردێک بکەیت لەنێوان ئەمڕۆ و پێنج بۆ 10 ساڵ پێش ئێستا، کە تۆ لە ئۆفیس بوویت، رۆڵ و کاریگەری و هەژموونی ئێران لەسەر عێراق لەو کاتەوە بۆ ئەمڕۆ بە شێوەیەک گۆڕاوە؟
جەیمس جێفری: پێوانی رۆڵ و هەژموونی وڵاتێکی دەرەکی، لەسەر سیاسەت، ئاسایش و کۆمەڵگەی دەوڵەتێکی دیکە، کارێکی زۆر گرانە؛ بەڵام ئەوەی من نیگەران دەکات؛ ئێران پێنج بۆ 10 ساڵ پێش ئێستا، دەوڵەتێکی چەکداری نەبوو لەنێو دەوڵەتدا، کە ئەمڕۆ هەیەتی. بێگومان ئەوکاتیش گرووپی میلیشیا هەبوو، گرووپی تیرۆریستیی وەکو کەتائیبی حیزبوڵڵا و عەسائیبی ئەهلی حەق و ئەوانی دیکە کە پارە و پشتگیرییان لە ئێران وەردەگرت؛ بەڵام بە گرووپی دەرەوەی یاسا لە قەڵەم دەدران. ئەمڕۆ بەشێک لەم گرووپانە بە فەرمی بەشێکن لە هێزە چەکدارەکانی عێراق؛ دامەزراوەی فەرمییان هەیە بە ناوی هێزەکانی حەشدی شەعبییەوە. بە پارەی هاووڵاتیی عێراقی پارەدار دەکرێن، لە کاتێکدا کە سەرسپێرییان (وەلائیان) جێگەی پرسیار و تێڕامانی زۆرە. ئەمە جێگەی نیگەرانییە. بەدەر لەوە، ئێران بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ عێراق ناکات کە مامەڵە لەگەڵ لوبنان دەکات، بەڵام ئەوە بۆ خۆی دیدی ئێرانە لەسەر عێراق. نەک تەنیا بۆ عێراق، بەڵکو بە روونی لەسەر سووریا، یەمەن و هەر شوێنێکی دیکەش کە بتوانێت رەگی خۆی لێ داکوتێت. لەبەرئەوە زۆر گرنگە گەلی عێراق لەمە تێبگەن و هەڵوێست لە دژی وەربگرن.
رووداو: باسی میلیشیا شیعەکانی سەر بە ئێران دەکەیت لە عێراق و دەڵێیت، دەبێت عێراقییەکان تێبگەن دیدیان چییە بۆ وڵاتەکەیان، بەڵام ئەو میلیشیایانە لە هەمان کاتدا هەڕەشەن بۆسەر هێزەکانی هاوپەیمانان، لەنێویشیاندا هێزە ئەمریکییەکان. لە رۆژ و هەفتە و مانگەکانی رابردوودا ئەنجامی ئەو هەڕەشانەمان بینی لە هێرشەکانیاندا. ئێستاش بەشێکیان بە ئاشکرا دەڵێن، ئەگەر دوای 01-01-2022 یەک راوێژکار یان راهێنەری ئەمریکیش لە عێراق بمێنێت، دەیکەنە ئامانج. پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئەمریکا خۆی لەوە گەیشتووە و کاردانەوەی خودی خۆی دژی ئەم میلیشیایانە بەسە بۆئەوەی بکەونە پەراوێزەوە و بێ هێز ببن بە شێوەیەک کە چیدی مەترسی نەبن بۆسەر بەرژەوەندییەکانی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست؟
جەیمس جێفری: پێش هەموو شتێک، ئەمریکا بەرژەوەندیی لەوەدایە سەربازەکانی لە عێراق بهێڵێتەوە بۆئەوەی پشتگیریی ئەو وڵاتە بکات تاوەکو بەرگری لە خۆی بکات بەرامبەر بە دووژمنەکانی، کە دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) یەکەمیانە. دووەمیان، هێزەکانی ئەمریکا چ لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی دژی داعشدا بن، چ لە چوارچێوەی هێزەکانی هاپەیمانیی ناتۆدا بن، توانای ئەوەیان هەیە بەرگری لە خۆیان بکەن. پێشتریش هەموو لایەک ئەوەیان بینیوە، بەڵام گرنگترین خاڵ ئەوەیە کە عێراق بۆ خۆی خاوەنی حکومەتێکە، سەرۆکوەزیرانێکی هەیە، کە ئێستا کاربەڕێکەرە، بەڵام سەرۆکوەزیرانە و لەلایەن پەرلەمانێکی خاوەن سەروەرییەوە متمانەی پێ دراوە. ئەرکی سەر شانی ئەو دامودەزگا فەرمییانەی عێراقە بڕیار لەسەر پەیوەندییە دەرەکییەکانی وڵاتەکە بدەن. ئەرکی ئەوانە بڕیار بدەن عێراق لەگەڵ کێ کار دەکات و سەربازی کێ لەنێو عێراقدا دەمێنێتەوە. سەربازەکانی ئێمە لەوێن لە چوارچێوەی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش، ئەوەش بە شێوەیەکی یاسایی و لەسەر بڕیاری حکومەتی عێراق، بەڵام ئەم میلیشیایانە، لەجیاتی عێراق و لەجیاتی دامودەزگا فەرمییەکانی ئەو وڵاتە دەڵێن، ئەوان بڕیار دەدەن کە کێ لە عێراق بێت و کێی لێ نەبێت. بۆ بەدیهێنانی ئەو خواستانەی خۆشیان تووندوتیژی بەکاردەهێنن. ئەوەش بە پێچەوانەی ویستی زۆرینەی زۆری گەلی عێراقە کە دەیەوێت هاوپەیمانیی دژی داعش بمێنێت بۆ بەگژداچوونەوەی داعش. بێگومان ئەمە کێشەیە، بەڵام زیاتر لەوەی کێشەیە بۆ ئەمریکا، کێشەیە بۆ عێراق و گەلی عێراق، لەبەرئەوەی ئەوە دەنگ و سەروەری و ئازادیی سیاسیی ئەوانە رووبەڕووی ئاڵنگاری دەبێتەوە و بڕیارەکانیان دەکەوێتە دەستی تاران لەجیاتی ئەوەی لە دەستی خەڵکی عێراق خۆیدا بێت.
رووداو: بەڵام لە هەمان کاتدا ئەوەش بەرژەوەندیی ئەمریکایە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە لەژێر هێرشی ئەم میلیشیایانەدایە! پێتوایە ئەمریکا هیچی لەدەست نایەت بیکات یان هیچ رێوشوێنێک نییە بیگرێتەبەر دژی ئەم میلیشیایانە؟
جەیمس جێفری: ئەمریکا دەزانێت چۆن بەرگری لە خۆی بکات و چۆن وەڵام بداتەوە ئەگەر هەڕەشەی لەسەر دروستبوو. هەموو لایەک ئەوەیان دیوە. ئەوە خاڵی یەکەمە. خاڵی دووەم؛ ویلایەتە یەکگرتووەکان لە کۆی ناوچەکەدا لە کارکردندایە لە رێگەی هاوبەش و هاوپەیمانەکانیەوە بۆئەوەی بەرەنگاری چالاکییەکانی ئێران ببێتەوە و پاشەکشەی پێ بکات. ئومێدم دەکرد ویلایەتە یەکگرتووەکان چالاکتر بووایە لەم بابەتەدا، پێموایە سەرنجی سەرەکیی ئەمریکا لەسەر دانووستاندنە ئەتۆمییەکەیە، بەڵام هیچ گومانێک نییە لەوەدا کە ئیدارەی بایدن، هیچ نەبێت لە بنەمادا، مەترسییەکە دەبینێت، ئەوەی کە ئیدارەی ئۆباما نەیدەبینی. بابەتەکە ئەوەیە کە هێشتا هەنگاوی بەهێزی نەگرتووەتەبەر بەو چەشنەی ئیدارەی ترەمپ دەیگرتەبەر. ئەوەی کە ئێستا دەتوانم بیڵێم ئەمەیە.
رووداو: بەڵی. من بە پرسیاری عێراق دەستم پێکرد و لە وەڵامەکانی تۆوە چووینە بابەتی ئێرانەوە. وابزانم ئەوەش بێ هۆ نییە. هەر لەسەر ئێران، تەماشای 15 ساڵی رابردوو بکە، ئێران بەردەوام لە فراوانکردن و بەهێزکردنی هەژموونی خۆیدا بووە، نەک تەنیا لە عێراق، بەڵکو لە سووریا، لە لوبنان، لە یەمەن و لە وڵاتانی دیکەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. لە یەکێک لە هەڤپەیڤینەکانی پێشووتدا کە شەوی رابردوو تەماشام کردەوە، بینیم باسی ستراتیژی ئەمریکا دەکەیت لە سووریادا، یەکێک لە ستراتیژەکانی بەپێی قسەکانی خۆت، ئەوەیە کە تاوەکو بتوانن ئێران دووربخەنەوە لە وڵاتەکە. بەتایبەتیش کۆتاییهێنان بە بەکارهێنانی مووشەکە ئێرانییەکان لە وڵاتەکەدا، کە دەبنە هەڕەشە لەسەر دراوسێیەکانی سووریا. لە 10 ساڵی رابردوودا ئەمە ستراتیژی ئەمریکا بووە لە سووریا کە هەژموونی ئێران لەنێو وڵاتەکەدا کەم بکاتەوە، بەڵام دەبینین پێچەوانەکەی روویداوە. ساڵ بە ساڵ ئێران بەهێزتر بووە. بۆچی وایە؟ بۆچی ئەمریکا ناتوانێت ئەو ئامانجەی خۆی بەدیبهێنێت؟
جەیمس جێفری: پێش هەموو شتێک، هێزەکانی ئەمریکا و تورکیا لەگەڵ هاوپەیمانە خۆجێییەکانیان کە شەڕ دژی تیرۆر دەکەن، تاوەکو ئەم چرکەیەش 30%ی خاکی سووریایان لەژێر دەستدایە. سزاکانمان لەسەر حکومەتی سووریا هێشتا بەردەوامن. بەردەوامین لە کارکردن بۆ درێژەدان بە بایکۆتکردنی سووریا لەلایەن وڵاتانی عەرەبی و وڵاتانی دیکەوە. هاوکات کار دەکەین بۆئەوەی یەکێتیی ئەوروپاش سیاسەتێکی بەهێزی هەبێت بۆ سزا و ئابڵوقەدانی دیمەشق. لە کاتێکدا کە بەردەوامین لە تەواوی هەوڵەکانمان بۆ بەرەوپێشبردنی کار و چالاکییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەپێی بڕیاری ژمارە 2254. بەدەر لەوە ئیسرائیلییەکانیش زۆر باش کار دەکەن بۆ هێرشکردنە سەر هێزە ئێرانییەکان لە سووریا. هەرچەندە بۆ خۆیان نایانەوێت زۆر بە دەنگی بەرز و لەسەر میدیا باسی بکەن، بەڵام ئیسرائیلییەکان چالاکن و ئەو چالاکییانەشیان بە پشتگیریی ویلایەتە یەکگرتووەکان ئەنجام دەدەن لە چوارچێوەیەکی گشتیدا. بە کۆی ئەمانەوە کە بۆتم باسکرد، ئێمە بەردەوامین لە پاشەکشێپێکردنی ئێران لە سووریا، بەڵام دان بەوەدا دەنێم کە ئەوەی دەیکەین بەس نییە. تەنیا چارەسەریش دانووستاندنکردنە لەگەڵ رووسیا بۆ گەیشتنە رێککەوتنێک کە سووریا وەکو وڵاتێکی ئاسایی بگەڕێتەوە بۆ نێو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. باس لە رێککەوتنێک دەکەم کە هەرچی سەرباز لە سووریادا هەیە ئەو وڵاتە جێبهێڵێت و سزاکانی سەری هەڵبگیرێن، بە شێوەیەک کە لە بەرژەوەندیی ئێمە، تورکیا و ئیسرائیل و هەموو جیهانی عەرەبیشە. تاوەکو ئێستا رووسیا و بەشار ئەسەد رازی نەبوون بەو رێککەوتنە، بەڵام ئێمە بەردەوام دەبین لە هەوڵدان لەگەڵیان.
رووداو: بەڵام کاتێک ویلایەتە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانەکانی سەرقاڵن بە هەموو ئەو بابەتانەی بۆت باسکردم لە وەڵامەکەتدا، ئێران رۆژ بە رۆژ لە واقیعدا بەهێزتر دەبێت. هەست ناکەیت وا بڕوات چاوەڕێکردنی گەشتنە رێککەوتنێک لەگەڵ پووتین و ئەسەد هێندە درەنگتان دەخات، کە ئەو رۆژە چیدی کار لە کار ترازابێت و تەنانەت ئەو رێککەوتنەش بەس نەبێت بۆئەوەی هەژموونی ئێران کەمبکرێتەوە؟
جەیمس جێفری: خاڵێکی زۆر گرنگت وروژاند. ئێران و میلیشیاکانی سەر بە ئێران وەکو حیزبوڵڵا، بەدەر لەوەی هاوکاریی ئەسەد دەکەن لە شەڕکردنی لەگەڵ نەیارەکانی، ئەجێندایەکی دیکەشیان هەیە. ئەوەش هەوڵدانیانە بۆ داکوتانی رەگی قووڵ لە کۆمەڵگەی سووریادا. نموونەی ئەم هەوڵانە لە دەوروبەری فورات، لە دێرەزوور و رەقە دەبینین. ئاگادارین کە رێککەوتن لەگەڵ هۆزەکانی ئەو ناوچەیە دەکەن. ئەمە دەبێت جێگەی نیگەرانی بێت بۆ رووسیاش و دانی پێدا بنێت و ببێتە هۆی ئەوەش کە سازش بکات بۆ رێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا. رێک ئەم خاڵەی وروژاندت، ئەوەبوو کە وەزیری دەرەوەی پێشوو پۆمپێیۆ لەگەڵ خۆی بردی بۆ سۆچی و لەوێ گفتوگۆیەکی قووڵمان لەگەڵ پووتین کرد لەسەری. پووتین ئەوکات هەنگاوە پێویستەکانی نەگرتەبەر، بەڵام پێموایە ئەمڕۆ هەلومەرجەکە جیاوازە. لەبەرئەوە تەنیا رێگە بۆ بەرەوپێشچوون ئەوەیە کە رووسیا لەو مەترسییە تێبگات و ئەو تێگەشتنە ببێتە هەوێنی رێککەوتنی ئەمریکا و رووسیا. هەموو شتێک لە دەرەوەی ئەوە کات بەفیڕۆدانە. فەرموو، ئەمڕۆ بە چ میکانیزمێک دەتوانیت ئێران لە لوبنان رابکێشیتە دەرەوە؟ لەبەرئەوە پێویستە رووسیا و سووریا و خەڵکی سووریا بیر لە وەڵامی ئەم پرسیارە بکەنەوە.
رووداو: ئەمریکاش پێویستە بیری لێبکاتەوە!
جەیمس جێفری: بێگومان، ئەمریکاش پێویستە بیری لێبکاتەوە.
رووداو: رێککەوتنێک لەگەڵ رووسیا و پووتین لەسەر سووریا پێدەچێت ئاسان نەبێت لە ئەمڕۆوە پێشبینی بۆ بکرێت، بەڵام رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران بابەتێکە کە لە سەرەتای دەستبەکاربوونی ئیدارەی بایدنەوە باسوخواسی لەسەرە. بەپێی زۆربەی هەڵسەنگاندنەکان بایدن نایەوێت بگەڕێتەوە بۆ رێککەوتنەکەی ئۆباما، نایەوێت وەکو ترەمپیش مامەڵە لەگەڵ دۆسیەکە بکات، پێتوایە بایدن دەیەوێت چی بکات؟ ئایا پلانێکی نوێی بایدن بەڕێوەیە؟
جەیمس جێفری: پێموایە بایدن دڵخۆش دەبێت بەوەی کتومت بگەڕێتەوە بۆ درێژەدان بە سیاسەتەکانی ئۆباما سەبارەت بە رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران. راستە بایدن دەڵێت، لەسەر مێزی دانووستاندنیان لەگەڵ ئێران دۆسیەی مووشەکەکانی ئەو وڵاتە و هەژموونی لە ناوچەکەدا هەن و چاوەڕێین لەسەر هەموویان پێکەوە بگەینە رێککەوتن، بەڵام ئەوە تەنیا پڕوپاگەندەی سیاسییە. ئیدارەی بایدن خۆیان زۆر باش دەزانن کە زۆر سەختە ئێران قایل بکەیت دانووستاندنت لەگەڵ بکات لەسەر هەڵسوکەت و رەفتار و مووشەکەکانی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. ئێران ئامادە نییە لەسەر ئەو بابەتانە نە لەگەڵ ئێمە و نە لەگەڵ کەسی دیکە گفتوگۆ بکات، تەنانەت وڵاتانی عەرەبیش. ئەوانیش باش دەزانن. پێمان دەڵێن ئەوان لە عێراق، سووریا و لوبنانن لەبەرئەوەی حکومەتەکانی ئەو وڵاتانە داوایان لێکردوون و ئەوە پەیوەندی بە ئێوەوە نییە. راستییەکە ئەوەیە کە تەنیا سەرنجی ئیدارەی بایدن لەبارەی ئێرانەوە بابەتی رێککەوتنە ئەتۆمییەکەیە، لەوە زیاتر هیچی دیکە نییە. لەوەشدا کێشەکە ئەوەیە کە ئێران رازی نییە بۆ گەڕانەوە بۆ ئەو رێککەوتنە. ئێرانییەکان بەرەوپێشچوونێکی گەورەیان لە بەرنامە ئەتۆمییەکەیاندا تۆمارکردووە و دەیانەوێت بەردەوام بن لەو بەرەوپێشچوونە. نایانەوێت بگەڕێنەوە بۆ 2018. لەو ماوەیەدا لەدوای 2018وە زۆر زیاتر نزیکبوونەتەوە لە بەدەستهێنانی ئامێری ئەتۆمی. بەدەر لەوەش، لەو باوەڕەدان ئەو پەیوەندییە ئابوورییەی هەیانە لەگەڵ وڵاتانی وەکو چین و رووسیا، دەیانپارێزێت لەو سزایانەی ئەمریکا بەسەریدا سەپاندوون. هەردوولا لە هەوڵی ئەوەدان ئەم بارودۆخەی ئەمڕۆ هەیە درێژەپێبدەن بۆئەوەی خۆبپارێزن لە قەیرانی گەورە لە ساڵی 2022دا. لەبەرئەوەی ئەگەر ئێران نزیکببێتەوە لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی، کە ئەگەری زۆرە لە مانگێکدا بگاتە ئەو ئاستە، ئەوە کاردانەوەی زۆری دەبێت لە ناوچەکەدا، لە بژاردەی سەربازییەوە بیگرە تاوەکو سەر خواستی وڵاتانی دیکە بۆ گەشەپێدانی بەرنامەی ئەتۆمی.
رووداو: کەوابوو پێم دەڵێیت تەنانەت ئەگەر لەسەر دۆسیەی ئەتۆمییش بگەنە رێککەوتن، تازە ئەوە کاریگەریی نابێت لەسەر کەمکردنەوەی هەژموونی ئێران لە عێراق، سووریا و وڵاتانی دیکەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. پێم دەڵێیت، ئەوە بابەتێکی دیکەیە و هەرچەندە ئیدارەی بایدن دەڵێت پێکەوە گرێدراون، ئەوە تەنیا پڕوپاگەندەیە؟
جەیمس جێفری: بابەتەکە ئەمەیە. قسەیەکی ئۆبامات بیربکەوێتەوە، لە گوتارێکیدا گوتی "وڵاتانی ناوچەکە و بەتایبەتیش سعودیە، پێویستە فێرببن ناوچەکەیان لەگەڵ ئێران بەشبکەن". ئۆباما وا بیری دەکردەوە کە ئێران وڵاتێکی ئاساییە و هۆکاری بەدکارییەکانی لە ناوچەکە تەنیا ئەوەیە کە هەست بە نائارامی دەکات و رێککەوتنی ئەتۆمی کارێک دەکات کە ئێران هەست بە ئارامی بکات و ئەوە دەبێتە هۆکاری ئەوەی وەکو دەوڵەتێکی ئاسایی مامەڵە بکات. ئۆباما لەو راستییە تێنەگەیشت کە ئێران دەوڵەتێکی پاوانخوازە و دەیەوێت شۆڕشەکەی بباتە دەرەوەی سنوورەکانی. بایدن ئەمڕۆ جیاواز بیردەکاتەوە، لەوەی ساڵی 2015 بیری لێدەکردەوە. ئەمڕۆ پێیوایە رێککەوتنی ئەتۆمی بابەتێکی تایبەتە بە خۆی و ئەو رێککەوتنە لە توانایدایە کێشەیەک چارەسەر بکات، تەنیا یەک کێشە؛ بابەتی گەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی، نەک کۆی کێشەی ئێران چارەسەر بکات. وابزانم ئەمە جیاوازیی نێوان بایدن و ئۆبامایە.
رووداو: باشە، با بچینە سەر سووریا. خەڵکانێکی زۆر هەن وا بیردەکەنەوە کە ئیدارەی بایدن سیاسەتێکی روونی نییە لەسەر سووریا. دوای 10 ساڵی بەردەوام لە شەڕی ناوخۆ لەو وڵاتە، ئەمڕۆ رووسیا، ئێران و تورکیا زۆر زیاتر لە ئەمریکا کاراترن لەسەر ئەرزی واقیع. پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا ئەمڕۆ ئەمریکا سیاسەتێکی روونی هەیە بۆ داهاتووی سووریا و رۆژئاوای کوردستان؟
جەیمس جێفری: سەرەتا دەمەوێت ئەوە بڵێم کە ئەمریکا زۆر کاریگەر بووە لە لەنێوبردنی داعش لە سووریا و لە عێراقیش. هێزی سەربازیمان هەیە لەوێ و ئەوە زۆر لە بەرژەوەندیی هەولێر و هەموو عێراقییەکانیشە. دووەمیان، ئەمریکا بەردەوامە لەوەی هێزە چەکدارەکانی لە بەشێكی گرنگی سووریا بهێڵێتەوە و کەس بە جیددی تەحەدای مانەوەی ئەو هێزەی نەکردووە و پێموانییە کەس بتوانێت ئەو تەحەدایە بکات. سێیەمیان، ویلایەتە یەکگرتووەکان هاوبەشی خۆجێیی هەیە و بەردەوامە لەوەی دڵنیایی بدات کە ئەو دوو هاوبەشە خۆجێییە، هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە و تورکیا جارێکی دیکە ناکەونەوە هەلومەرجێکەوە کە بە شێوەی چەکداری رووبەڕووی یەکتر ببنەوە، وەک ئەوەی لە ئۆکتۆبەری 2019دا بینیمان. ویلایەتە یەکگرتووەکان لەوەشدا سەرکەوتوو بووە. لەبەرئەوە من ناڵێم ئێمە سەرکەوتوو نەبووین لە سووریا.
رووداو: بەڵام، خۆ ناتوانی بشڵێیت کە ئەمریکا هێندەی رووسیا، تورکیا و ئێران خاوەن هەژموون و کاریگەرییە لە سووریا. دەتوانی شتی وا بڵێیت؟
جەیمس جێفری: دەتوانم ئەوە بڵێم بۆ ئەو قۆناخەی خۆم نوێنەری ئەمریکا بووم بۆ کاروباری سووریا.
رووداو: ئەی بۆ ئەمڕۆ؟
جەیمس جێفری: ئەوەی کە ئێمە توانیمان بیکەین ئەوە بوو کە پێکدادانەکان سڕبکەین لە نێوەڕاستی 2018دا. پێم بڵێ، بزانم ئەسەد لە چ شوێنێک توانیویەتی پێشڕەوی بکات و شوێنی نوێ بخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە، لە نێوەڕاستی 2018وە. پێکدادانەکانمان سڕکرد و بەردەوام بووین لە گوشارخستنە سەر ئەسەد. ئەم هەنگاوە لەدوای شکستەکانی سیاسەتی ئەمریکا هات پێش 2018 لە سووریا و هەنگاوێکی زۆر گرنگ بوو بەرەو پێشەوە. ئیدارەی نوێ بەردەوامە لە پیادەکردنی ئەو سیاسەتە بە شێوەیەکی گشتی، بەڵام ئەسەد نەهاتووەتە پێشەوە. لەگەڵ هەموو ئەوانەدا، روون نییە کە بایدن چۆن تەماشای داهاتوو دەکات. ئەمە تەنیا نیگەرانی و گلەیی من نییە، بەڵکو نیگەرانیی هەردوو سیناتۆر بۆب مێنێندز، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی سیناتۆی ئەمریکا و جەیمس ریش، هاوتاکەی لە پارتی کۆماریییە. ئەمانە ئەو کەسانەن کە پێویستە بزانن. ئەمە کێشەیەکی گەورەیە کە هاوبەشەکانیشمان لە سووریا هەیانە. نازانین ئیدارەی بایدن بەنیازە چی بکات دوای ئەو هەنگاوەی 2018 ناومانە. ئەو هەنگاوە گرنگ بوو، لەبەرئەوەی پێشڕەوییەکانی ئەسەدی راگرت، بەڵام لێرە بەدواوە چی دەکەین، روون نییە. ئەمە زۆر مەترسیدارە. ئێمە هێزی چەکدارمان هەیە لەوێ. دەوڵەتانی دیکە هێزیان هەیە. ئەکتەری زۆری دیکە هەن: حیزبوڵڵا، داعش، هێزەکانی سووریای دیموکرات و ئەحرارولشام. بەدەر لەوە چەکی کیمیایی هەیە لە ناوچەکە، مووشەکەکانی ئێران هەن. ئیدارەی ئەمریکا پێویستە لەسەری ئەمانە لەبەرچاو بگرێت، نەک تەنیا لەپێناوی خۆماندا، بەڵکو لەپێناو هاوڕێیەکانیشی لە ناوچەکە کە دەکەونە ژێر کاریگەریی ئەو بارودۆخەوە، بۆ نموونە عێراق.
رووداو: باسی ئۆکتۆبەری 2019ت کرد. کەواتە با منیش پرسیارت لێبکەم لەسەری. ئەوکات تۆ لە ئەرکدا بوویت و ئەمڕۆ پێم دەڵێیت ئەو قۆناخەی تۆ لە ئەرکدا بوویت، ئەمریکا سەرکەوتوو بووە لە پاراستنی هاوڕێ و هاوپەیمانەکانی؛ بەڵام کاتێک لەم بەشەی جیهانەوە تەماشای رووداوەکان دەکەیت، بە پێچەوانەی قسەکانی تۆوە ئەو قۆناخە بە ناپاکیکردن بەرامبەر بە هاوپەیمانەکانتان لە قەڵەم دەدرێت. ئەمڕۆ دوو ساڵ زیاتر تێپەڕیوە بەسەر پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەنێوان ترەمپ و ئەردۆغان کە بووە هۆکاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە بەشێکی دیاریکراوی رۆژئاوای کوردستان. خۆشت لەبیرتە کە ئەم کشانەوەیە بووە هۆکاری بێهێزکردنی کورد لە سووریا، گۆڕانکاریی دیمۆگرافی و لە هەمان کاتدا لکاندنی بەشێک لە خاکی سووریا بە دەوڵەتی تورکیاوە، بە کرداری، تەنانەت ئەگەر بە فەرمیش نەبێت. ئەمانە قسەی من نین! قسەی سەرۆک و ئەندامانی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی سیناتن کاتێک ئێوەیان بانگکرد بۆ پرساندن. ئەو پاشەکشێیە بە "ناپاکیی گەورە" ناوبرا، نەک تەنیا لەلایەن کوردەوە، بەڵکو لەلایەن سیناتۆر لیندسی گراهام، مارکۆ روبیۆ و میت رۆمنی. ئەمڕۆ کە کۆتایی ساڵی 2021ـە و ئیدارەیەکی نوێ هەیە لە واشنتۆن دی سی، ئایا ئەمریکا گەڕاوەتەوە سەر رێگەی راست کە چیدی بە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی گۆڕانکارییەکی دراماتیکیی گەورە لە سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان دا روونەدات؟
جەیمس جێفری: ئمممم.. من.. خۆی دەزانی چۆنە؟!! پێش هەموو شتێک.. ویلایەتە یەکگرتووەکان لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا نەکشایەوە. ئێمە تاوەکو ئێستا لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریاین. هێزەکانمان لە هەندێک ناوچە کشاندەوە، لەبەرئەوەی رووسەکان هاتنە ناوەوە لەو کاتەدا، بەڵام ئێمە هێشتا لەوێین و هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە کۆنترۆڵی نزیکەی 95%ی خاکی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دەکەن. تورکەکان ناوچەیەکی بچووکیان کۆنترۆڵ کرد، نزیکەی 110 کیلۆمەتر پان و بە قووڵایی 30 کیلۆمەتر لە باکوور. ئێمە پەشیمانین لەوە و هەر ئەوکات بە زوویی سزامان بەسەر تورکیادا سەپاند، کە ئەو سزایانە بوونە هۆکاری وەستاندنی هێرشەکانی تورکیا. لەو کاتەیشەوە تاوەکو ئێستا هیچ پێشڕەوییەکی تورکی نەبووە. ئێستا بارودۆخەکە سەقامگیرە. هەرچەندە لە میدیاکان گوێمان لەوەبوو کە تورکیا بەنیازی جووڵەیەکی سەربازی نوێیە، بەڵام ئیدارەی بایدن بەڕوونی ئەوەی خستەڕوو کە پشتگیری لە هیچ جووڵەیەکی لەو شێوەیە ناکات. بۆیە پێموایە کە بارودۆخەکە ئێستا سەقامگیرە، بەڵام خۆتان دەزانن هەموو رۆژێک سوپرایزێکی نوێ هەیە لە سووریا و لە عێراق. پێویست دەکات چاوەڕێ بکەین و ببینین. لەگەڵ هەموو ئەوانەدا، من زۆر دڵنیام کە ئیدارەی بایدن کاردانەوەی جیددی دەبێت، ئەگەر هەر کەسێک هەوڵبدات گۆڕانکاری لە پێگەی ئێستای باکووری رۆژهەڵاتی سووریادا بکات، کە کەسانێکی زۆر هەن مەبەستیانە ئەو گۆڕانکارییە بکەن.
رووداو: کەوابوو پێم دەڵێیت ئەمریکا گەڕاوەتەوە سەر رێگەی راست کە چیدی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی ناتوانێت گۆڕانکاریی دراماتیک لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادا بکات. باشە، بەڵام ئێستا تەماشای تل تەمر بکە، هەفتەی پێشوو هێرش کرایە سەر گوندەکانی ئەم ناوچەیە لەلایەن هێزە ئاسمانییەکان یان تۆپخانەکانی تورکیاوە و سێ کەسی سیڤیل ژیانیان لەدەستدا و 10ی دیکەش بریندار بوون. کاردانەوەی ئەمریکا چی دەبێت، ئەگەر تورکیا بەردەوام بێت لەم هێرشانەی بەنیازی کۆنترۆڵی زیاتر لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا؟
جەیمس جێفری: ئەمریکا رێککەوتنێکی هەیە لەگەڵ تورکەکاندا کە 17ی ئۆکتۆبەری 2019 واژۆ کراوە. بەپێی ئەو رێککەوتنە تورکیا هیچ جووڵەیەکی زەمینیی دیکەی نابێت لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا. تورکەکان پابەندن بەو رێککەوتنەوە. ئەوەی کە هەیە بەئامانجگرتنی هەندێک خاڵن کە تورکیا پێیوایە پەیوەندییان بە پەکەکەوە هەیە. تورکەکان لەو ناوچەیە لەلایەن پەکەکەوە، لەلایەن داعشەوە و لەلایەن رژێمی ئەسەدەوە هێرشیان دەکرێتەسەر، ئەوانیش وەڵام دەدەنەوە. ئێمە نیگەرانین لەو رووبەڕووبوونەوانە، بەڵام ئەوانە هیچ گۆڕانکارییەک لە هەلومەرجی جێکەوتەی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا ناکەن کە ماوەی دوو ساڵ زیاترە جێگیر بووە.
رووداو: ساڵی 2019 کاتێک ئێوە لەبەردەم سینات بوون بۆ پرساندن، یەکێک لە ئەندامانی لیژنەکە پرسیاری لەسەر ئەگەری ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لێکردن و گوتی "ئایا تورکیا دەبەنە بەردەم دادگای لاهای"، ئەوکات ئێوە گوتتان "چەند راپۆرتێک لەبارەی ئەنجامدانی تاوانی جەنگەوە هەن و لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکەن". دڵنیام کاتێکی زۆرتان هەبوو بۆ ئەنجامدانی ئەو لێکۆڵینەوانە. ئەمڕۆ دەڵێن چی؟ ئایا تورکیا تاوانی جەنگی ئەنجام نەدا لە هێرشەکانیدا بۆسەر باکووری رۆژهەڵاتی سووریا؟
جەیمس جێفری: بە دڵنیاییەوە دەیڵێم، هێزە ئۆپۆزیسیۆنە سوورییەکان کە لەلایەن تورکیاوە پشتگیرییان لێ دەکرێت تاوانی جەنگیان ئەنجامدا. ئیدارەی بایدن دوای لێکۆڵینەوەیەکی قووڵ سزای بەسەر یەکێک لەو گرووپانەدا سەپاند. ئەوکاتەش، ئمممم، لە کاتی خۆیدا، لە 2019دا ئێمە کۆمەڵێک بەڵگەی جیاوازمان خستنە بەردەم هێزە تورکەکان سەبارەت بە کردارەکانی هێزە هاوپەیمانەکانیان، ئەوانیش لێکۆڵینەوەیان لەسەر ئەو بابەتە کرد، هەندێک هەنگاویشیان گرتەبەر، یەک دوو یەکە دوورخرانەوە. ئێمە زۆر دڵخۆش نەبووین بە ئەنجامەکان. ئێستاش ئیدارەی بایدن سزای سەپاندووە بەسەر یەکێک لەو گرووپانەدا.
رووداو: ئەی لەسەر بەکارهێنانی چەکی فسفۆڕی چیتان کرد؟ ئایا ئێستا دڵنیان لەوەی تورکەکان فسفۆڕیان تەنیا بە مەبەستی سەربازیی رێگەپێدراو بەکارهێنا؟ یان بە پێچەوانەوە وەکو چەکێکی کیمیایی قەدەخەکراو بەکاریان هێنا دژی خەڵکی سیڤیل لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا؟
جەیمس جێفری: من ئاگاداری هیچ راپۆرتێکی فەرمیی ئەمریکی نیم کە گەیشتبێتە ئەو ئەنجامەی فسفۆڕ بەکارهێنرابێت لە دەرەوەی مەبەستی سەربازیی رێگەپێدراو. ئەوە پرسیارێکی زۆر دژوارە، لەبەرئەوەی فسفۆڕ دوو جۆر بەکارهێنانی هەیە. یەکەمیان بە مەبەستی سەربازی بۆ رۆشنکردنەوەی ئاسمان بەکاردێت لە شەودا، دووەم بەکارهێنانیشی بەکارهێنانیەتی وەکو چەک، بۆ نموونە وەکو ناپاڵم، کە ئەوە یاسایی نییە بەپێی بەشێکی زۆر لە رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان، بەڵام پێموانییە ئەمە یەکێک بێت لە پرسیارە سەرەکییەکانی ئەمریکا لەم کاتەدا.
رووداو: دەتەوێت پێم بڵێیت ئەمریکا هیچ لێکۆڵینەوەی لەسەر ئەم بابەتە نەکردووە لە 2019وە تاوەکو ئێستا؟
جەیمس جێفری: هەموو شتێک کە لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا روویدابێت لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە و تەماشا کراوە. پێدەچێت هێشتا ئەنجامێکی یەکلاکەرەوە بەدەست نەکەوتبێت.
رووداو: باشە با ئێستا، کەمێک فراوانتر تەماشای رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بکەین. ویلایەتە یەکگرتووەکان لە عێراقدا بژاردەی جەنگی تەواوی بەکارهێنا، دەستێوەردانێکی سنوورداری ئەنجامدا لە لیبیا و لە سووریاش دەستێوەردانی راستەوخۆی ئەنجام نەدا بە ئامانجی شەڕکردن لەگەڵ رژێمەکانی ئەم سێ وڵاتە، بەڵام بەپێی زۆربەی هەڵسەنگاندنەکان هەرسێ رێگەکە شکستیان هێنا. کەوابوو رێگەی ئەڵتەرناتیڤ چییە؟ هیچ ستراتیژێکی دیکە ماوە تاقیبکەنەوە؟
جەیمس جێفری: ئممممم. ویلایەتە یەکگرتووەکان لە لیبیا شکستی هێنا. یەکەم دەستێوەردانیشمان لە سووریا کە ئیدارەی ئۆباما لە ساڵی 2011 بەدواوە ئەنجامیدا لە رێگەی پشتگیریکردنی هێزە بەرهەڵستکارەکان بە مەبەستی رووخاندنی ئەسەد هەر شکستی هێنا، بەڵام دەتوانم پێتبڵێم دەستێوەردانی ئەمریکا لە ساڵی 2014 بەدواوە بۆ لەنێوبردنی داعش بە تەواوی سەرکەوتوو بوو و مانەوەی ئێستای هێزەکانی ئەمریکاش لە سووریا هاوشان لەگەڵ کۆمەڵێک هەنگاوی وڵاتانی دیکە بوونەتە رێگر لەبەردەم ئەوەی ئەسەد شەڕەکە بباتەوە و هەموو ناوچەکان بخاتەوە دەست خۆی. لەبەرئەوە من بە پێچەوانەوە بیردەکەمەوە. ئێمە سەرکەوتوو بووین. لە عێراقیش سەرکەوتوو بووین. عێراق ئەمڕۆ دەوڵەتێکی دیموکراتیی..
رووداو: ببوورە قسەکەت پێ دەبڕم. پێم سەیرە بە سەرکەوتن ناویان دەبەیت. تەماشای هەرسێ وڵاتەکە بکە. لە هەرسێکیان ئاژاوە و شێواوی باڵادەستە. رەنگە تۆ لە گۆشەنیگایەکی سەربازییەوە وەکو ئەمریکییەک ناوی بنێیت سەرکەوتن، بەڵام ئایا ئەوەی کە لەسەر ئەرزی واقیعدا لەو سێ وڵاتە دەیبینیت هیچ شتێکی دیکەیە زیاتر لە ئاژاوە و شێواوی؟
جەیمس جێفری: با من لە تۆ بپرسم. وەکو عێراقییەک تۆ ئەمڕۆ دڵخۆشتریت یان 20 ساڵ پێش ئێستا دڵخۆشتر بوویت؟
رووداو: بێگومان من دەڵێم ئێستا، بەڵام..
جەیمس جێفری: زۆر سوپاست دەکەم. ئەوەی کە من دەمویست بیڵێم تۆ گوتت. ئەگەر لە سوورییەکیش بپرسیت...
رووداو: بەڵام، بەڵام، ببوورە.. بەڵام، من وەکو کوردستانییەک، ئەمڕۆ دڵخۆشترم. ناتوانم لەجیاتی عێراقییەکی خەڵکی موسڵ یان ئەنبار یان شوێنێکی دیکەی عێراق وەڵامت بدەمەوە. رەنگە لەوان بپرسیت هەمان وەڵامت دەستنەکەوێت.
جەیمس جێفری: من دەڵێم ئەگەر ئەو پرسیارە لە 80%ی عێراق بکەیت کە یەکسانە بە دانیشتووانی عەرەبی شیعە و کورد، هەمان وەڵامت دەستدەکەوێت. 80% رێژەیەکی باشە! لە سووریا، لە دەستێوەردانی یەکەمماندا شکستمان هێنا. ئەوە راستە، بەڵام لە دوای ئەوەوە، توانیمان داعش لەنێوبەرین. توانیشمان رێگری بکەین لە سەرکەوتنی ئەسەد لە سووریا. کۆی ئەوانە دەتوانرێت بە نیمچە سەرکەوتنێک هەژماربکەیت لەو وڵاتە. هەرچی لیبیایە، روونە کە شکستمان هێنا. کەوابوو ئاستی سەرکەوتنمان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست یەکسانە بە یەک و نیو لە سێ. بەپێی ئەو ئەزموونەش کە من هەمە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە ساڵی 1973وە ئەو رێژەیەیە کە دەتوانیت دەستت بکەوێت.
رووداو: باشە... کەوایە با ئەمە دوایین پرسیارم بێت... کەی جارێکی دیکە دەتبینینەوە لێرە لە کوردستان؟
جەیمس جێفری: دەمبیننەوە لە کوردستان. من لەنێوان ساڵانی 2018 بۆ 2020 پێنج جار سەردانی ئەوێم کردووە. ئێستاش بە پەرۆشم بۆئەوەی بێمەوە. باشە؟
رووداو: زۆر باشە! چاوەڕێت دەکەین. زۆر سوپاس کە لەگەڵمان بوویت و سەری ساڵت پیرۆزبێت و 2022 خۆشیت بۆ بهێنێت.
جەیمس جێفری: منیش سوپاست دەکەم بۆ ئەو هەڤپەیڤینە قوورسە!
رووداو: سوپاست دەکەم!

