ئەندامێکی کۆمارییەکانی ئەمریکا: ترەمپ هاوکارییەکان بۆ ئیسرائیل زۆر و بۆ ئۆکراینا کەمدەکاتەوە

29-07-2024
هەڤەیڤینی رووداو لەگەڵ د. ئاشلی ئانسارا
هەڤەیڤینی رووداو لەگەڵ د. ئاشلی ئانسارا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی پارتی کۆمارییەکانی ئەمریکا دەڵێت، ئەگەر دۆناڵد ترەمپ ببێتە سەرۆک، هەموو هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ ئۆکراینا دەوەستێنێت و پاڵپشتیی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل زیاد دەکات. 
 
د. ئاشلی ئانسارا، ئەندامی پارتی کۆماریی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو باسی هەردوو بەربژێری ئەمریکا بۆ سەرۆکایەتیی وڵات دەکات و ترەمپ بە پەسندتر دەزانێت. دەشڵێت، کامالا هاریس لەو کاتەوەی بووەتە جێگری سەرۆکی ئەمریکا رووخسارێکی ناسراوە، "لە چارەسەری کێشە نێودەوڵەتی و نێوخۆییەکاندا هیچ ئەزموونێکی نییە. بۆیە پێم وایە ئەمریکییەکان دەتوانن زیاتر لە کامالا متمانە بە ترەمپ بکەن."
 
ئەو ئەندامەی کۆمارییەکان سیاسیەتی ئەمریکا بە فیلمی هۆڵیوود دەچوێنێت: " دەزانیت، سیاسەتی ئەمریکا رێک وەک کۆمیدیایە. گەلی ئەمریکی تەماشای دەکەن. ئەوان حەزیان لەوەیە کۆمیدیایەک لەسەر سەکۆکە بێت. بە راستی بووەتە بەرهەمی هۆڵیوود."
 
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ د. ئاشلی ئانسارا، ئەندامی پارتی کۆماریی ئەمریکا:
 
رووداو: سوپاس دکتۆر کە میوانی ئێمەی، راپرسییەکان لە بارەی کامالا هاریس و دۆناڵد ترەمپ چی دەڵێن ئێستا چانسی ترەمپ لە بەرامبەر هاریس چۆنە؟
 
د. ئاشلی ئانسارا: ئێستا راپرسییەکان وای پیشان دەدەن کە ترەمپ لەپێش هەر بەربژێرێکی دیموکراتەکانەوەیە. رەنگە لای دیموکراتەکان کامالا هاریس کاخەزی ژمارە یەک بێت، بەڵام هێشتا ئەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە.

رووداو: ئەگەر ترەمپ ببێتە سەرۆک چ گۆڕانکارییەک لە سیاسەتی دەرەوە روودەدات بە تایبەت لە بارەی شەری رووسیا و ئۆکراینیان و شەڕی حەماس ئیسرائیل چ هەڵوێستێکی نوێ دەبێت؟
 
د. ئاشلی ئانسارا: دۆناڵد ترەمپ هەڵوێستی خۆیی روون کردووەتەوە. هەموو ئەو هاوکارییە داراییەی بۆ ئۆکراینا دەڕوات دەوەستێت. هەروەها ئەوەیشی خستەڕوو کە دەیەوێت راستەوخۆ لەگەڵ پووتینی سەرۆکی رووسیادا دانوستاندن بکات بۆ ئەوەی جیاوازییەکان لەبارەی ئۆکرایناوە یەکلایی بکاتەوە. لەبارەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشەوە، دیسانەوە هەڵوێستی ترەمپ زۆر روونە. ئەمریکا بە هەموو نرخێک پشتی ئیسرائیل دەگرێت. ئەگەرچی باوەڕم وایە ترەمپ لەو باوەڕەدایە کە ئێستا دروستکردنی دوو دەوڵەتی ئیسرائیل و فەلەستین لە تەنیشتی یەکدیدا تاکە چارەسەری بەردەستە و سەرنجەکە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندیی ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی دەبێت.
 
رووداو: بە بۆچوونی ئێوە ئەگەر ترەمپ ببێتە سەرۆکی ئەمریکا چ کارێک دەکات کە پێشتر نەیکردووە و چی کارێك ناکات کە پێشتر کردوویەتی؟
 
د. ئاشلی ئانسارا: ترەمپ و هەموو سەرکردە کۆمارییەکان باوەڕیان وایە کە پێویستیان بەوەیە حکومەتی فیدراڵی پاک بکەنەوە و، گەندەڵیی زۆر لەناو حکومەتی فیدراڵیدا هەیە بە تایبەتی لەناو ئێف بی ئای و سی ئای ئەی و وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی داددا. ئەمە لە ئەجێنداکەیدا ژمارە یەکە دەبێت، چونکە لەم دەزگایانەدا لە هەموو ئاستەکاندا گەندەڵیی بینیوە چ لە شێوازی بەڕێوەبردنیاندا یا لە ئاستی سکرتاریەتی باڵادا. ئەوە ئەجێندای ژمارە یەکیەتی. ژمارە دوویشی سنوور و کۆچی نایاسایی سنووری باشووری ئەمریکا دەبێت. ئەوە دووەم بابەتی ئەجێنداکەی دەبێت. سێیەم بابەتی ئەجێنداکەی هاوسەنگیی بازارگانی لەگەڵ چین دەبێت. ئەمە بابەتێکی سەرەکی دەبێت، چونکە ئەمە لە ئەمریکا کاریگەریی لەسەر پێوەرەکانی هەڵاوسان هەیە و لە وڵاتانی دەرەوەیش کاریگەریی لەسەر بەهای دۆلار هەیە.
 
رووداو: کۆماریخوازەکان بۆچی دیسان ترەمپیان کردە بەربژێر بۆچی کەسێکی دیکە بەربژێر نەکرا؟
 
د. ئاشلی ئانسارا: زۆر کەس هەمان پرسیار دەورووژێنن، گەرچی کۆمارییەکان لەگەڵ ترەمپدا نۆ بەربژێریان هەیە. خەڵک ترەمپ هەڵدەبژێرن، ئەوە بژارەی خەڵکە نەک سەرۆکی حیزبی کۆماری. خەڵک دەبێت بڕیاری خۆیان بدەن. بە دڵنیاییەوە ترەمپ زیاتر لە 65٪ی دەنگی کۆمارییەکان دەباتەوە. دووەم کەس کە لێیەوە نزیک بێت حاکمی فلۆریدایە کە تەنانەت بە پاشخانە لاتینییەکەیشییەوە نەیتوانی زیاتر لە 26٪ بهێنێت.
 
رووداو: پێشتر کۆمارخوازییەکان لە سەر تەمەن و تەندروستی جۆ بایدن قسەیان دەکرد ئێستا ژنێكی 59 ساڵ و تەندروست لەبەرامبەر ترمپە، بە بۆچوونی ئێوە ئەوە کاریگەری دەبێت هاریس دەنگی زیاتر بەدەست بێنێت؟
 
د. ئاشلی ئانسارا: نا، ئەگەر تۆ ئاشنای فەلسەفەی دەنگدانی ئەمریکییەکان بیت، کلیلەکە ئەوەیە کە ترەمپ پێشینەیەکی دەوڵەمەندی هەیە. ئەمریکییەکان دەزانن ترەمپ چییە. دەزانن ئەجێنداکەی  و فەلسەفەکەی چییە. کامالا هاریس لەو کاتەوەی بووەتە جێگری سەرۆکی ئەمریکا رووخسارێکی ناسراوە، لە چارەسەری کێشە نێودەوڵەتی و نێوخۆییەکاندا هیچ ئەزموونێکی نییە. بۆیە پێم وایە ئەمریکییەکان دەتوانن زیاتر لە کامالا متمانە بە ترەمپ بکەن.
 
رووداو: کامالا هاریس ژنە، پێتانوایە ژنانی ئەمریکا دەنگی پێبدەن؟
 
د. ئاشلی ئانسارا: بەڵێ، بە دڵنیاییەوە ئەویش دەنگی زۆری ئافرەتان و ئەفریقایی و ئەمریکایی و لاتینییەکان بە دەست دەهێنێت، بەڵام دەیڵێمەوە، لە کۆتاییدا ئەمریکاییەکان خۆپەرستن و وەک گەلانی دیکە نین و بیر لە ئایدۆلۆجیا و بەرژەوەندیی خۆیان دەکەنەوە، بیر لەوە دەکەنەوە کە سەرۆک دەتوانێت چی بۆ خەڵک و تاکی ئەمریکی بکات. ئەوان دەنگی زۆریان هەیە. پێموایە زۆر ئافرەت لە ئەمریکا و بە تایبەتی لەناو کۆمەڵەی کریستیانە ئینجیلییەکاندا هەن کە نزیکەی 60 ملیۆن دەنگدەر دەبن و بڕوایان بە ئەجێندای پارێزکارانەی حیزبی کۆمارییە. بۆیە هەموو ئافرەتان لایەنگری دیموکراتەکان نین. نا ئەوە راست 
نییە.
 
رووداو: دۆناڵد ترەمپ پێشتر گوتبووی سەرکەوتن لە بەرامبەر هاریسی زۆر ئاسانترە لە جۆ بایدن، بە بۆچوونی ئێوە بۆچی ئاوا دەڵێت، خاڵی لاوازی هاریس چییە؟
 
د. ئاشلی ئانسارا: بایدن رەگێکی قووڵی لە کۆمەڵگەی ئەمریکاییدا هەیە. 50 ساڵە لەناو سیاسەتدایە. ئەو لە ئەمریکا گەنجترین کەس بووە کە بۆ سیناتۆری هەڵبژێردراوە. بە راستی کامالا هاریس ئەو ئەزموونەی نییە. دوو ساڵ لەمەو پێش چەند هاوڕێیەکی باشی حیزبی دیموکرات پرسیارێکیان خستە بەرباس کە ئایا کامالا هاریس ئامادەیی تێدایە لە ترەمپ بباتەوە. وەڵامەکە "نەخێر" بوو. سەرەڕای ئەوەیش کامالایان هەڵبژارد، لەبەر ئەوەی بایدن و ئۆباما و کلینتۆنەکان پشتیوانیی کامالایان کرد.
 
رووداو: مانگی داهاتوو دیبەیتێک لە نێوان بەربژێرەکان دەبێت، مژاری گەرمی ئەو دیبەیتە چی دەبێت؟
 
د. ئاشلی ئانسارا: دەزانیت، سیاسەتی ئەمریکا رێک وەک کۆمیدیایە. گەلی ئەمریکی تەماشای دەکەن. ئەوان حەزیان لەوەیە کۆمیدیایەک لەسەر سەکۆکە بێت. بە راستی بووەتە بەرهەمی هۆڵیوود. بەڵام خاڵە سەرەکییەکە لەسەر ئۆکراینا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بازرگانی لەگەڵ چین و کۆچی نایاسایی دەبێت. بابەتێکیش کە زۆر گرنگ دەبێت بریتییە لە لەباربردن. ئایا لە ئەمریکا ئافرەت مافی هەیە بڕیاری لەباربردنی منداڵ بدات، یان دەوڵەت نەک حکومەتی فیدراڵی دەیەوێت رێکاری لەباربردن بەرزەفت بکات؟ ئەوە پرسیارێکی زۆر سەرەکییە.
 
رووداو: ئیلۆن مەسک ئێستا پشتگیری ترەمپ دەکات، بەڵام پێشتر لە 2017 دژی بوو بەهۆی سیاسەتی ترەمپ لە بەرامبەر گۆڕانی کەش و هەوا، بە بۆچوونی ئێوە ئێستا بۆچی پشتگیری لێدەکات؟
 
د. ئاشلی ئانسارا: پێموایە دوای هەوڵی تیرۆرکردنی ترەمپ ئیلۆن مەسک بە ئاشکرا پشتیوانیی ترەمپ دەکات. هەڵوێستی زۆر روون بوو کە پێیوابوو گرفتەکە لە حکومەتی فیدراڵییەوەیە و لەناویشیدا هەواڵگری. زۆر کۆماریخواز هەن کە پێیانوایە حیزبی کۆماری شکستی هێناوە، چونکە لە حیزبی کۆماریدا گەلێک سیاسیی گەنج هەن کە هێشتا دەرنەکەوتوون. منیش هەمان هەستم هەیە. بۆچی دەبێت پیرەپیاوێکی 78 ساڵە هەڵبژێرین تا ببێتە سەرۆک؟ ئێمە نەوەی دیکەی 40 و 45 ساڵمان هەن کە ئامادەن. پێموایە پرسەکە پەیوەندیی بە راگەیاندنەکانەوە هەیە. راگەیاندن پڕوپاگەندەی بۆ ترەمپ کردووە وەک باشترین کەس کە ئامادە بێت.
 
رووداو: ئێوە پێشبینی دەکەن لە کێبڕکێیەدا دۆناڵد ترەمپ دیسان سەردەکەوێت و دەبێتەوە سەرۆکی ئەمریکا؟
 
د. ئاشلی ئانسارا: خۆزگە بمتوانیایە وەڵامی ئەوە بدەمەوە. ببوورە. هیچ کەس ناتوانێت وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە. سیاسەتی ئەمریکا سیستمێکی نامۆیە، وەک باخچەی ئاژەڵانە. کاتێک بۆ باخچەی ئاژەڵان دەچیت و فیل، شێر و مەیموون و ئەو ئاژەڵانە دەبینیت، نازانێت لە کۆتاییدا کێ دەیباتەوە.
 
رووداو: زۆر سوپاس.
 
د. ئاشلی ئانسارا: زۆر سوپاس، رۆژێکی خۆش.
 
رووداو: د. ئاشلی ئانسارا، ئەندامی پارتی کۆماریی ئەمریکا زۆر سوپاس
 
د. ئاشلی ئانسارا: خوات لەگەڵ.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە